وزە، ئاسایش و چەک؛ وردەکاری سەردانەکەی بایدن بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

(0) / / ڕاپۆرت / جۆبایدن


Jun 15, 2022

قەبارەی فۆنت:

سەرۆک کۆماری ئەمریکا بڕیارە مانگی داهاتوو بە سەردانێک بگاتە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەردانی سعوودیە، فەڵەستین و ئیسرائیل بکات. وردەکاری ئەم سەردانە چییە؟

وردەکاری سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی جۆبایدن بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڵاو بووەتەوە، ئەم سەردانە بەشێک لە پلانی واشنتنە بۆ گەڕانەوە و کاریگەری لە ئاستی نێودەوڵەتی.

سەردانیکردنی ئیسرائیل

سەرچاوەیەکی نزیک لە کۆشکی سپی بە سکای نیوزی ڕاگەیاندووە کە بایدن لە ڕێگای هاوکاری لە گەڵ سەرکردەکانی ناوچەکەوە شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیلی لە مانگی ئایاری ڕابردوو ڕاگرت.

پاش ئەو شەڕە حکومەتی ئەمریکا یەک ملیار دۆلاری لە گەڵ کۆنگرێس بۆ بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی گومەزەی ئاسنینی ئیسرائیل تەرخان کرد و مانگی ئاداری ڕابردووش کۆنگرێسی ئەمریکا گەورەترین هاوکاری دارایی بۆ ئەو ڕژێمە ڕاگەیاند کە گرنگی زیاتر بە بواری ئەمنی و بەهێزکردنی سیستەمی بەرگری مووشەکی دەدات و بە گەورەترین هاوکاری مێژووی ئەمریکا بۆ تەل ئەبیب دادەنرێت.

بڕیارە بایدن لە سەردانەکەی بۆ ئیسرائیل ئەو ناوچەیە بەسەربکاتەوە کە سیستەمەکەی تێدا جێگیر کراوە و لە نزیکەوە چالاکی نوێترین سیستەمی بەرگری دژە مووشەکی ببینێت.

بایدن لە سەردانەکەیدا بۆ تەل ئەبیب کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی ئۆنلاینی لە گەڵ سەرکردەکانی هیندستان، ئیمارات و ئیسرائیل دەبێت.

سەردانیکردنی فەڵەستین

سەرچاوەکەی کۆشکی سپی ڕایگەیاندووە کە جۆبایدن لە میانەی سەردانەکەی بۆ فەڵەستین بڕیارە لە گەڵ مەحمود عەباس سەرۆکی دەسەڵاتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستین لە کەرتی خۆرئاوا کۆببێتەوە و سەبارەت بە پلانی چارەسەری دوو دەوڵەتی و ڕێکارە سیاسییەکانی چارەسەرکردنی کێشەکان و هەروەها هەوڵەکانی بۆ دابینکردنی ئاسایش، ئازادی و پێشکەوتنی فەڵەستین و ئیسرائیل وتووێژ بکات.

سکای نیوز ڕایگەیاندووە کە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و فەڵەستینییەکان لە سەردەمی سەرۆکایەتی دوناڵد ترەمپ بە تەواوی ئاڵۆز بووە بەڵام ئیدارەی بایدن بەردەوام لە گەڵ سەرکردەکانی فەڵەستین لە پەیوەندیدایە و تا ئێستا 500 ملیۆن دۆلاری وەک هاوکاری ئەمنی، ئابوری و مرۆڤدۆستانە بە فەڵەستینییەکان داوە.

بایدن هەوڵ دەدات پەیوەندییەکانی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل باشتر بکات.

سەردانیکردنی سعوودیە

سەرۆک کۆماری ئەمریکا پاش ئیسرائیل (ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین) ڕاستەوخۆ سەردانی جەدە دەکات تا لە کۆبوونەوەی سەرۆکی وڵاتانی ئەندام لە ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی فارس لە گەڵ عێراق، میسر و ئەردەن بەشداری بکات و هەروەها کۆبوونەوەی دووقۆڵیشی لە گەڵ سەرکردەکانی سعوودیە هەبێت.

بایدن بڕیارە لە سەردانەکەیدا بۆ سعوودیە لە سەر چەندین تەوەری وەک ئاگربەستی یەمەن، پەرەپێدانی هاوکارییە ئابوری و ئەمنییەکان، مافی مرۆڤ و دابینکردنی ئاسایشی وزەی جیهان وتووێژ بکات.

سعوودیە بە بۆچوونی سەرکردەکانی ئەمریکا لە 80 ساڵی ڕابردوو تا ئێستا هاوبەشێکی ستراتیژیی واشنتن بووە و سەردانەکەی بایدن هەوڵێکە بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵات./.