ناکۆکییە سیاسییەکانی عێراق و ئەگەری سەرهەڵدانەوەی داعش

(0) / / ڕاپۆرت / داعش عێراق


Jun 19, 2022

قەبارەی فۆنت:

ناکۆکییە سیاسییەکانی ئێستای عێراق کە ڕەوتی پێکهێنانی حکومەتی نوێی تووشی کێشە کردووە و وڵاتی بەرەو بۆشاییەکی یاسایی بردووە، لە کاتێکدایە کە هاوکات جموجوڵەکانی داعش لە چەندین مانگی ڕابردوو زیادی کردووە و دەیان هێرشی چەکداری لە ناوچە جیاجیاکانی ئەم وڵاتە هەبووە.

ناکۆکییە سیاسییەکان کە بە بۆچوونی شرۆڤەکاران و شارەزایانی سیاسی عێراق، بەشێکی هەرە زۆری بۆ دەستێوەردانی نایاسایی بێگانەکان و وڵاتانی وەک ئەمریکا دەگەڕێتەوە، ئەم وڵاتەی لە پاش هەڵبژاردنەکانی مانگی تشرینی یەکەمی 2021، بردووەتە قۆناغێکی مەترسیدار.

ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا کۆنتڕۆڵنەکردنی ناکۆکییەکان و نەبوونی ڕێکەوتنی سیاسی بۆ تێپەڕبوونی ئەم قۆناغە هەستیارە، دەتوانێت جارێکی  دیکە داعش چالاک بکاتەوە و بۆ گۆڕەپانی ئەمنیی ئەم وڵاتەی بگەڕێنێتەوە؟

بە دڵنیاییەوە کەس نایەوێت ئەو ڕووداوە تاڵانە بەرامبەر بە گەلی عێراق لە ساڵانی 2014 تا 2018 بینران، دووبارە ببێتەوە، بەڵام هیچ دەستەبەر ناکرێت جارێکی دیکە داعش سەرهەڵنەداتەوە؟

بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارەش دەبێت بۆ دۆخی عێراق لە ساڵانی 2013 و 2014 بگەڕێینەوە، لەو ڕۆژانەی کە زۆربەی پارێزگاکانی عێراق بە ئاگری ناکۆکییە سیاسییەکان دەسووتا و کەس ئاگاداری ئەوە نەبوو کە چی ڕوو دەدات.

خەیمەی مانگرتووان لە ئەنبار، بە تایبەت لە ڕۆمادی وەک ناوەندی ئەم پارێزگایە و گەورەترین شاری پارێزگاکە بە ناوی فەلوجە، ئاڵۆزییەکانی پارێزگای نەینەوا و موسڵ کە وایکردبوو حکومەتی ناوەندی بە کردەوە دەسەڵاتێکی بە سەر ئەم پارێزگایەوە نەبێت.

لە پارێزگای سەڵاحەدین بە هەمان شێوە دۆخەکە باشتر لە پارێزگاکانی ڕۆژئاوا و باکور نەبوو، بە تایبەت ئەوەی کە ناکۆکییەکان لە هەر دوو پارێزگای کەرکوک و دیالەش لە بەرزبوونەوەدا بوو و هێزەکانی پێشمەرگە بە هۆی لاوازییەکانی سوپا و پۆلیسی فیدراڵییەوە کۆنتڕۆڵی ئەم پارێزگایانەی بە دەستەوە گرت.

لە بەغداش ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکان وایکردبوو کە حکومەتی ناوەندی هەڕەشەی ڕووخان و هەڵوەشانەوەی لە سەر بوو.

کوردەکان بۆ وەرگرتنی ئیمتیازی زیاتر، هەڕەشەی جیابوونەوەیان لە بەغدا دەکرد و لایەنەکانی سوننەش بە کردەوە هەر ڕێگایەکی هاوکارییان بۆ دەربازبوون لە دۆخەکە داخستبوو.

لەو ڕۆژانەدا ڕەوتی سەدریش بە تێڕوانینی ئەوەی کە مانگرتنەکانی ئەنبار هەنگاوێکی سیاسی و وەڵامێکە بۆ شکستی کارنامەی حکومەت، پاڵپشتیی لەم جموجوڵە گوماناوییە دەکرد، ئەگەرچی کاتی زۆری نەبرد تا ڕاستییەکان ڕوون ببێتەوە، لە پشتەوەی ڕووداوەکانی ئەنبار داعش خۆیی حەشار داوە کە لە لایەن سعوودیە، ئیمارات و تورکیا و وڵاتانی دیکەی ناوچەکەوە پاڵپشتی دەکرا و ئەمریکییەکانیش بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆیان هاتبوونە گۆڕەپانەکەوە.

لوتکەی ناکۆکییە سیاسییەکان لە عێراق، هاوکات بوو لە گەڵ کەوتنی شارە گرنگەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەنبار، واتە فەلوجە و ناوچەکانی سەر بەم قەزایە وەک سەقلاویە و لە ئاکامدا گەیشتە کەوتنی موسڵ لە 6 مانگی دواتری، واتە لە 10 ی حوزەیرانی 2014.

ئێستا لە ساڵیادی کەوتی موسڵ و فەتوا مێژووییەکەی مەرجەعیەتی باڵا و دەستپێکردنی شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم لە عێراق، ئەم وڵاتە بەردەوام شوێنی ناکۆکییە سیاسییەکان و نەبوونی یەکڕیزی، تەنانەت لە سەر بنەماکان، بە تایبەت بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانە کە بە گوشاری هۆکارە دەرەکییەکان بە تایبەت ئەمریکا و ژمارەیەک وڵاتی ناوچەکە لە سەر حکومەتی ناوەندی بۆ پەراوێزخستنی هێزەکانی حەشدی شەعبی هاوڕێ بووە.

ئەو کەشەی کە لە چەند مانگی ڕابردوو بۆ گرووپی تیرۆریستی داعش دابین کراوە، گەیشتووەتە ئەوەی کە بۆ یەکەم جار لە ماوەی 4 ساڵی ڕابردوو، بە ئاشکرا کردەوەی چەکدارانە و تیرۆریستی جێبەجێ بکەن و هێرش بکەنە سەر بارەگا و ناوەندە سەربازییەکان و دیسانەوە ڕوویان هێناوەتەوە کوشتنی خەڵکی عێراق.

ناکۆکییە سیاسییەکان لە گەڵ پرۆژەی پەراوێزخستن و لاوازکردنی حەشدی شەعبی کە لە ئێستادا هێزی پشتیوان و بەرچاوی سەربازیی عێراقە، کەشی گەڕانەوەی تیرۆریستانی دابین کردووە و نابێت ئەوە لەبیر بکرێت کە لە ڕۆژی کەوتنی موسڵ لە 10 ی حوزەیرانی 2014 کەس نەیدەتوانی هێزی سەربازی سوپای پڕچەککراوی عێراق لە بەرچاو نەگرێت.

لەو ڕۆژانەدا ناکۆکییە سیاسییەکانی سیاسەتمەدارانی بە زۆرینە کورد و سوننە لە گەڵ لایەنە شێعەکان، حکومەتی ناوەندیی هێندە لاواز کردبوو کە داعش لە زووترین کاتدا دەستی بە سەر بەشێکی زۆری عێراقدا گرت و ئێستاش هەمان مەترسی بوونی هەیە.

هەر بۆیە، لایەنە سیاسییەکان بۆ تێپەڕبوون لەم قۆناغە هەستیارەی عێراق و بۆ ڕێگری لە سەرهەڵدانەوەی توندووتیژییەکان و چالاکبوونەوەی داعش، یەک بژاردەیان لە پێشە و ئەویش بەهێزبوونی حەشدی شەعبییە وەک یادگاری فەتوا مێژوویی و چارەنووسسازەکەی جیهادی مەرجەعیەت و ڕێکەوتنی سیاسی بۆ پێکهێنانی حکومەت.

ئەمەش دەتوانێت مسۆگەر ببێت، بە تایبەت ئەوەی کە لە ئێستادا سەرکردەکان و فەرماندە گەنجەکانی دەیەی ڕابردووی عێراق کە ئیدارەی شەڕی دژ بە داعشیان کردووە و لە گۆڕەپانی سیاسیش ئامادەبوون، گەیشتوونەتە ئاستێک لە توانای سیاسی و بەم هۆیەوە چاوەڕوان دەکرێت لە پێناو بەرژەوەندییە گشتییەکانی عێراق بگەنە ڕێکەوتنی کۆتایی هێنان بە ناکۆکییەکان./.