ژەنگ هەڵهێنانی حیزب
(0) /
ئاری محەممەد هەرسین
ئەم گوتارە بەمەبەستی ڕەخساندنی دیبەیتێکی هەمەلایەنە نوسراوە. بەو هیوایەی کەسانی خاوەن ڕەئی لەبوارە سیاسیو کۆمەڵایەتییەکانو بەتایبەتی کەسانی حیزبی (لەهەموو حیزبەکان) بۆچونەکانمان لەگەڵ یەکتر بگۆڕینەوە بەئامانجی ئەوەی بگەینە چارەسەرێکی مەنتیقیو عەمەلی.
عەیبە نییە ئینسان باس لەکەموكوڕیەکانی خۆی بکات، عەیبەو نەزانی گەورە ئەوەیە لەئاست کەموکوڕیەکانماندا ئەوەندە کوێربین هەتا ڕۆژێک دێت مێشکمان ژەنگ هەڵدێنێت.
هەندێک کەس دەڵێن سیاسەت لەماوەی 30 ساڵی ڕابردوودا لەهەرێمی کوردستان پاشەکشەیکردوە. مەبەستیشیان لەسیاسەت شێوازی حوکمڕانیە لەچوارچێوەی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان. بەندە پێموایە شێوازو مۆدێلی حیزبایەتی لەشوێنی خۆی چەقیوەو حکومڕانیەکەش خاوو خلیچک بوە.
بەراوردێکی سەرپێیی ئێستای هەرێمی کوردستان لەگەڵ 30 ساڵ بەر لەئێستا پێماندەڵێت کە شت کراوەو شتی زۆریش کراوە، بەڵام لەبەرئەوەی شتەکان بەخاوی کراون ئینسان هەست بەگۆڕانکاریی گەورە ناکات. هیچ میللەتێک لەسەر گۆی زەوی نادۆزیتەوە حەزی بەکارەبای 24 کاتژمێری، ئاوی خاوێنو بەنزینی هەرزان نەبێت، بەڵام لەهەمانکاتدا، زۆرینەی دانیشتوانی سەرزەوی (بەتایبەت وڵاتانی جیهانی سێهەم) بەدەست کێشەی کارەبا، نەبوونی ئاوی خاوێن بۆ خواردنەوەو بەنزینی گران دادو بێدادیانە. دونیای ئێستا وەک دووسەدو بگرە وەک سەد ساڵ لەمەوپێشیش نییە.
وڵاتانی ئەفریقا بەهەزاران کیلۆمەتر لەئۆکرانیاو ڕوسیاوە دورن، کەچی شەڕی نێوان ئەو دوانە نرخی گەنم (نرخی نان) لەئەفریقا گران دەکات. لەئەنجامی شەڕی عەرەبو ئیسرائیل (1973) زیانێکی هێجگار گەورە بەر ئابوری جیهان کەوتو نرخی بەنزین بەجۆرێک بەرزبوەوە کە لەجادەو بانو ئۆتۆبانەکانی ئەوروپا بەزەحمەت ئۆتۆمبێلێک بەدیدەکرا (وڵاتانی عەرەبی ئیمبارگۆی نەوتیان ڕاگەیاند).
بڕوانە مەسافەی جوگرافیایی وڵاتانی عەرەبی کە نەوت بەرهەمدەهێنن چەند لەئەوروپاوە دورن…! بەکورتی، گلۆبالیزەیشن دونیای بەجۆرێک کردوە بەسۆپەرمارکێتێکی گەورە، کە هیچ حکومەتێک یان وڵاتێک ناتوانێت کۆنترۆڵی نرخی شتو مەک لەبازاڕی خۆیدا بکات. بەواتایەکی تر شتێک بەناوی بازاڕی لۆکاڵ مانایەکی ئەوتۆی نەماوە. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە حکومەتی هەرێمی کوردستان (وەک هەموو حکومەتێکی تر) لەژێر کاریگەری ئابوری نەرێنی دەوروبەر (جیهان)دابوە.
ئەم قسانە بەهیچ جۆرێک پاساو نین بۆ ئەو هەڵەو کەموکورتیانەی کە خۆمان لێی بەرپرسیارین، بەڵام حکومەتەکانی ئێمە لەهەڵسەنگاندندا نەک بەمایە، بەڵکو بەقازانج هەستاونەتەوە، نموونە بۆ بەراوردکردن لەگەڵ وڵاتان زۆرن.
ئەی حیزبایەتی لەماوەی ئەم 30 ساڵەدا چ گۆڕانکاریەکی بەسەرداهاتوە؟ ئایا حیزبەکان توانیویانە مۆدێلی بەدیل، سەردەمیانەو پێشکەوتوو بۆ سیاسەتکردن بدۆزنەوە؟
حیزب دامودەزگایەکی مەدەنیەو ناوەندی کاروباری سیاسیە. لەسەردەمی ئێمەدا حیزب کەرەستەیەکە بۆ ڕاکێشانی پشتیوانی خەڵک بۆ گرتنە دەستی دەسەڵات. بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە حیزب خەلاق بێتو بەبەردەوام تەزوی ژیان ئۆرگانەکانی بەزیندوویی بهێڵێتەوە. حیزبایەتیش وەک هەموو جموجۆڵێکی تری ناو کۆمەڵگەی ئینسانی کۆمەڵێک بنەماو تایبەتمەندی خۆی هەیە. مەخابن، ئێمە لەماوەی ئەم 30 ساڵەی ڕابردودا، نەمانتوانیوە حیزبەکانمان نۆژەنبکەینەوەو کادری خەلاق، بوێرو خاوەن ڕەئی دروستبکەین. لەبری ئەوە حیزبمان کردوە بەتەممەڵخانە، کارگەی پلەبەخشینەوە بەهەوانتە (خاتری ئەمو خاتری ئەوو واستەی ئەو)و ئۆرگانەکانیمان کردۆتە بەخێوکەر (فەرمانگەی سۆشیال). بۆ ئەوەی دڵێکی زویر ئاشتبکەینەوە پلەیەکی حیزبی پێدەبەخشین، یان پلەکەی بەرزدەکەینەوە، بێئاگا لەوەی کە پلەی حیزبی (لەهەرێمی کوردستان) یەکسانە بەئیمتیازات. خۆ ئەگەریش پلە بەرزبکەیتەوەو ئیمتیازاتی نەدەیتێ، ئەوا دڵشکانی دووهەم دروستدەبێت. بەکورتی، ئەم نەریتە سەقەتە وایکرد، هەتا ئاوڕماندایەوە، بوینە خاوەنی لەشکرێکی حیزبی کە پێویستی بەنانو کرێ خانوو، مەسرەفی مناڵو دەواو دەرمانو هاتوچۆو … تا دوایی هەیە. دواجاریش حیزب دەبێتە بەرپرس لەدابینکردنی ئەو پێداویستیانە. مەنتیقیشە ئەگەر بڵێین، ئەم بەرپرسیارێتیە وا لەحیزب دەکات کە لەدابینکردنی داهاتدا مونافەسەی حکومەتەکەمان بکات.
ئەم مۆدێلە لەبارچوە لەحیزبایەتی، هیچ مانایەک بۆ سیاسەت ناهێڵێتەوە، یان لانی کەم زۆر لاوازی دەکات. ژیانی ڕۆژانەی حیزبایەتی لەبری ئەوەی تێکهەڵقژانی سیاسی، کۆبونەوەی پڕ بەرهەمو قوتابخانەی پێگەیاندنی جیلی سیاسی داهاتومان بێت، دەبێتە ژیانی بێگاریو ڕۆتینی دەوامو سەری مانگیش وەرگرتنی مووچەکە. ئەمەیە پاشەکشێو ئەمەیە کە ساڵ بەساڵ زەرەری بەچۆنایەتی (کوالێتی) حوکمڕانی کابینە یەک لەدوای یەکەکانی ئێمە گەیاندوە. ئەمە ئەو مۆدێلەیە لەحیزبایەتی کە خەریکە ژەنگ هەڵدێنێت./.
تێبينيێك بنێرە: