لە کۆبوونەوەکەی مەسرور بارزانی و مستەفا کازمی چی گوزەرا؟

(0) / / كوردستان / مەسرور بارزانی مستەفا کازمی


Jul 23, 2022

قەبارەی فۆنت:

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سەردانەکەیدا بۆ بەغدا لە گەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبووە.

مەسرور بارزانی و مستەفا کازمی لەو کۆبوونەوەدا سەبارەت بە بەردەوامی هاوکارییە هاوبەشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، دابینکردنی ئاسایشی خۆراک و خزمەتگوزاری بە هاووڵاتیان بیر و ڕایان ئاڵوگۆڕ کرد.

هەر دوو لا تاوتوێی هێرشەکەی تورکیایان بۆ سەر ناوچەی زاخۆ کرد و وێڕای ئیدانەکردنی ئەو هێرشە جەختیان کردەوە کە لێکۆڵینەوەی ئەو ڕووداوە بە شێوازێک بێت کە سەروەری عێراق بەهێزتر بکات و ڕێگریش بێت لەوەی کە جارێکی دیکە پێشێل بکرێتەوە.

هاوئاهەنگی نێوان هەرێم و ناوەند لە بواری ئەمنی و بەرەنگاربوونەوەی گرووپی تیرۆریستی داعش تەوەرێکی دیکەی ئەو کۆبوونەوە بووە.

سەرۆکی حکومەتی هەرێم و سەرۆک وەزیرانی عێراق سەبارەت بە لێکەوتەکانی قەیرانی ئابوری لە ناوچەکە و جیهان و دابینکردنی بەستێنی پێویست بۆ گەشەی ئابوری وتووێژیان کرد و جەختیان لە سەر پێویستی پتەوکردنی هاوکاری و هاوئاهەنگی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ باشترکردنی دۆخی ئابوری کردەوە./.