ئایا محەممەد شیاع سودانی دەبێتە سەرۆک وەزیرانی عێراق؟

(0) / / ڕاپۆرت / محەممەد شیاع سودانی


Aug 01, 2022

قەبارەی فۆنت:

لایەنەکانی سیاسی شێعە ناسراو بە چوارچێوەی هاوئاهەنگی، محەممەد شیاع سودانییان وەک کاندیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەستنیشان کردووە، ئەمەش ڕوبەڕوی کاردانەوەی توندی سەرۆکی ڕەوتی سەدر و لایەنگرانی بووەتەوە و دیار نییە ئاسۆی پێکهێنانی کابینەی داهاتووی ئەم وڵاتە چۆن دەبێت.

 چوارچێوەی هاوئاهەنگی شێعەکانی عێراق لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا محەممەد شیاع سودانیی وەک کاندیدی سەرۆک وەزیرانی ئەم وڵاتە دەستنیشان کرد، ئەوەش بە کۆدەنگی سەرجەم لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی کراوە و یەکێک لەو دوو کاندیدە بووە کە لە لایەن نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاساوە پێشنیار کرابوو.

محەممەد شیاع سودانی یەکێک لە سەرکردەکانی حزبی دەعوەیە کە چەندین پۆستی باڵای لە کابینەکانی پێشووی عێراقدا هەبووە.

سودانی ساڵی 1970 لە بەغدا لەدایکبووە و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانستی کشتووکاڵی زانکۆی بەغدا و هەروەها بڕوانامەی ماستەری لە کارگێڕیدا هەیە.

شیاع سودانی لە کارنامەی خۆیدا چەندین پلە و پۆستی هەیە، لەوانەش، سەرۆکی شارەوانی شاری عەمارە لە ساڵی 2004، ساڵی 2005 بووە ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای میسان و پاشان هەر لەو ساڵەدا بووە پارێزگاری میسان.

ناوبراو لە خولی دووەمی سەرۆکایەتی نوری مالیکی لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بووە وەزیری مافی مرۆڤ. ساڵی 2013 پۆستی وەزارەتی کشتووکاڵی بە وەکالەت وەرگرت.

کاندیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە ساڵی 2014 چەندین پۆستی کاتیشی هەبووە کە گرنگترینی ئەوانەش سەرپەرشتیاری دامەزراوەی گرتووخانەکان، وەزیری کۆچ و کۆچبەران، وەزیری دارایی و هەروەها وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بووە.

سودانی پاشان لە ساڵی 2015 پۆستی وەزارەتی بازرگانیی بە وەکالەت وەرگرت و لە ساڵی 2016 گەیشتە وەزارەتی پیشەسازی.

ناوبراو بۆ ماوەی سێ ساڵ لە ساڵانی 2017 تا 2019 بووە ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کار و بۆ یەکەم جار لە مێژووی وەزارەتی پیشەسازیش بووە ئەندامی کۆمیتەی ئازادییەکانی سەندیکاری کرێکارانی ڕێکخراوی عەرەبیی کار.

هەروەها بە کۆی دەنگ و بۆ ماوەی دوو ساڵ لە ساڵانی 2017 تا 2018 وەک سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبردنی ڕێکخراوی عەرەبیی کار لە قاهیرە هەڵبژێردرا.

ئێستا بە تێپەڕبوونی 9 مانگ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی تشرینی یەکەمی ساڵی 2021 ی عێراق، هێشتا پەرلەمان لەوەدا سەرکەوتوو نەبووە سەرۆک کۆماری نوێ هەڵبژێرێت کە ئەمەش بۆ ناکۆکی توندی پارتی دیمۆکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە سەر ئەو پۆستە دەگەڕێتەوە کە هەر یەک لەوان بە مافی خۆیانی دەزانن. عێراق تووشی بنبەستێکی سیاسی بووە و سەرەتاکەشی بۆ هەوڵەکانی سەید موقتەدا سەدر دەگەڕێتەوە کە پرۆژەی پێکهێنانی حکومەتی زۆرینەی نیشتمانیی لە گەڵ پارتی دیمۆکراتی کوردستان و لایەنەکانی سوننە بە بێ بەشداری چوارچێوەی هاوئاهەنگی شێعەکان خستەڕوو بەڵام زۆربەی لایەنە سیاسییەکانی شێعەی عێراق ئەوەیان ڕەتکردەوە و لە ئاکامدا سەدر وای لە ئەندامانی فراکسیۆنەکەی لە پەرلەمان کرد دەست لە کار بکێشنەوە و خۆی بە ڕواڵەت کشانەوەی لە پرۆسەی سیاسی ڕاگەیاند.

لە کاتێکدا کە پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق لە لایەن چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە خێراتر بوو و پێشبینی دەکرا لە دانیشتنی داهاتووی پەرلەمان سەرۆک کۆماری نوێی عێراق هەڵبژێرێت، لە هەنگاوێکی هاوبەشدا سەرەتا پارتی دیمۆکراتی کوردستان لە ڕێگای شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانەوە ڕێگریی لەوە کرد وادەیەک بۆ دانیشتنەکەی پەرلەمان دیاری بکرێت، سوننەکان چەندین مەرجیان بۆ بەشداری لە حکومەتی نوێ خستەڕوو، سەدر لەشکرکێشییەکانی بۆ سەر شەقام و ناوچەی سەوز دەستپێکرد و لایەنگرانی خزاندووەتە ناو بینای پەرلەمان، حەلبوسی کارەکانی پەرلەمانی ڕاگرتووە و مستەفا کازمیش وەک فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق هیچ فەرمانێکی بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپێشاندەران و ڕێگری لەم ئاژاوەگێڕییە نەبووە.

لە ئێستادا کەشێکی ئاڵۆزی باڵی بە سەر عێراقدا ڕاکێشاوە، وەک چۆن کە ئاماژە درا چەشنێک لە هاوئاهەنگی لە نێوان سەدر، بارزانی، حەلبوسی و کازمی هەیە کە ڕێگری لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیران بکەن، ئەویش بۆ ئەوەیە کە ئەم حکومەتەی کازمی تا هەڵبژاردنی پێشوەختەی داهاتوو درێژە بە کارەکانی بدات. پرسیار ئەوەیە کە چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە بەرانبەر ئەم پیلانەدا چی دەکات؟/.