لە کۆبوونەوەی نێوان بەرهەم ساڵح و پلاسخارت لە سەر ڕەوشی ئێستای عێراق چی گوزەرا؟
(0) /
نێردەی تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری عێراق لە گەڵ سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە کۆبووە و جەختی لە سەر پاڵپشتی وتووێژی نێوان لایەنە سیاسییەکان لە پێناو چارەسەرکردنی قەیرانی سیاسی ئێستا کردەوە.
جنین پلاسخارت نێردەی تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمڕۆ چوارشەممە 3 ی ئاب لە گەڵ بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق کۆبووە.
نووسینگەی سەرۆک کۆماری عێراق ڕایگەیاندووە کە هەر دوو لا لەو کۆبوونەوەدا گۆڕانکارییەکانی عێراق، چۆنیەتی دەربازبوون لە قەیرانی سیاسی ئێستا، دابینکردنی بەستێنی وتووێژی نێوان لایەنە سیاسییەکان و گەیشتن بە ڕێگاچارەی گونجاو و کاریگەریان تاوتوێ کردووە.
سەرۆک کۆماری عێراق جەختیکردەوە کە هەلومەرجی ئێستای ئەم وڵاتە پێویستی بە وتووێژی ڕاستگۆیانەی نێوان لایەنە سیاسییەکان و هەوڵدان بۆ تاوتوێکردنی دۆخی سیاسی لە پێناو گەیشتن بە نەخشەڕێگایەکی ڕوون هەیە لە پێناو گرنگیدان بە بەرژەوەندییە باڵا نیشتمانییەکان و دڵنیایی بە هاووڵاتیان و پتەوکردنی ئاشتی و سەقامگیری.
پلاسخارتیش پاڵپشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانی ڕاگەیاند بۆ وتووێژی نێوان لایەنە سیاسییەکانی عێراق و گەیشتن بە پرۆسەیەک کە ئاسایش و سەقامگیری عێراق دەستەبەر بکات و وەڵامدەرەوەی داواکاری عێراقییەکان بێت./.
تێبينيێك بنێرە: