گەنجانی لوبنانی بە هۆی هەژارییەوە ڕوو لە داعش دەکەن

(0) / / ڕاپۆرت / لوبنان داعش


Aug 09, 2022

قەبارەی فۆنت:

هۆکارە داراییەکان ڕۆڵی سەرەکییان لە ئەندامێتی گەنجانی لوبنان لە ڕیزەکانی گرووپی تیرۆریستی داعش هەبووە، بە پێی ئەوەی کە بەڵێنی مووچەی مانگانەی تا 5 هەزار دۆلار بەوان دەدرێت.

بە پێی ڕاپۆرتی پێگەی ئیندیپێندێنت عەرەبی، کاتێک کە زەکەریا عەدل گەنجی لوبنانی لە شارەکەی لە باکوری لوبنان بێسەروشوێن بوو، بنەماڵەکەی گومانیان لەوە دەکرد کە بە هۆی ژیان و گوزەرانی دژوارەوە بۆ هەندەران کۆچی کردبێت، بەڵام دوا جار هەواڵی ئەندامبوونی لە گرووپی تیرۆریستی داعش و کوژرانی لە عێراق گەیشتە ئەوان.

زەکەریا کە تەمەنی 22 ساڵ بوو، یەک لەو هەشت گەنجەیە کە بنەماڵەکانیان لە مانگی کانوونی یەکەمی ڕابردوو تا ئێستا لە هەواڵی کوژرانیان لە عێراق ئاگادار کراون.

ئەوان لە ڕیزی ئەو دەیان کەسەدا بوون کە لە هاوینی ساڵی ڕابردوو ماڵەکانی خۆیان لە هەژارترین و دواکەوتووترین گەڕەکەکانی شاری تەرابلۆس لە لوبنان بە جێهێشت و دواتر زانیاری ئەوە بڵاو کرایەوە کە لە بەرامبەر بەڵێنی وەرگرتنی مووچەی زۆر بوونەتە ئەندامی گرووپی تیرۆریستی داعش.

بنەماڵەکەی زەکەریا پێداگری لە سەر ئەوە دەکەن کە ناوبراو هیچ پەیوەندییەکی بە گرووپی تیرۆریستی داعشەوە نەبووە و تەنیا لە خەمی دەسخستنی بژێوی ژیاندا بووە.

تەرابلۆس بەردەوام ناوەندی گەشەی گرووپە توندڕۆکان بووە کە لە پاش شەڕی سوریا لە ساڵی 2011 بەردەوام پاڵپشتییان لە نەیارانی حکومەتی دیمەشق کردووە یان لە گەڵ ئەوان شەڕیان کردووە، هەروەها چەندین جار شەڕی دژ بە سوپای لوبنانیان کردووە و بەو هۆیەوە دەیان سەربازی لوبنانی کوژراون و ئەو گرووپانە تۆمەتبارن بە هێرشە تیرۆریستییەکانی ناوخۆ و دەرەوەی تەرابلۆس.

عەلی عەدل برای زەکەریا وتی: کاتێک زەکەریا دیار نەما، گومانمان لەوە دەکرد کە بە نایاسایی بەرەو سوید کۆچی کردبێت، وەک چۆن کە بە سەدان کەس لە خەڵکی ناوچەکە لە چەند مانگی ڕابردوو پەنایان بۆ کۆچکردن بەرەو وڵاتانی ئەورووپی بردووە.

ناوبراو وتی: زەکەریا بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی خۆی ئیشی دەستگێڕیی دەکرد، سەوزە، ماسی و گەنمەشامیی دەفرۆشت، ئەو بە هۆی هەژارییەوە ئەم کارەی کردووە.

غەفران کە پێویستی بە نەشتەرگەری بەپەلەی دڵ هەیە و منداڵەکانی لە ڕووی داراییەوە توانای ئەوەیان نییە، بەردەوام بە فرمێسکەکانی بیر لە ڕۆژانی ڕابردووی کوڕەکەی دەکاتەوە کە بە وتەی ناوبراو بە هۆی ژیان و گوزەرانی دژوارەوە چارەنووسی کوژران بووە.

لە مانگی ئابی ڕابردوو تا ئێستا لە تەرابلۆس دەنگۆی دیارنەمانی دەیان گەنج کەوتووەتە ناو خەڵک کە زۆربەیان بە هۆی بێکاری و نەبوونی بژێوی ژیانەوە تووشی کێشەی دارایی بوون. ئەمەش لە کاتێکدایە کە لوبنان دوو ساڵە تووشی قەیرانێکی کەم وێنەی ئابوری و دارایی بووە و بانکی جیهانی بە یەکێک لە دژوارترین قەیرانە ئابورییەکانی جیهان لە ساڵی 1850 تا ئێستا پێناسەی کردووە.

سەرچاوەیەکی ئەمنی ژمارەی ئەو کەسانەی ئاشکرا کردووە و ڕایگەیاندووە تا ئێستا 48 کەس لە تەرابلۆسەوە بەم هۆکار و شێوازە پەیوەندییان بە داعشەوە کردووە.

ڕاشیگەیاندووە کە یەکێک لە دانیشتووانی تەرابلۆس کە لە ئێستادا چووەتە دەرەوەی لوبنان و پەیوەندیی بە داعشەوە هەیە، ڕۆڵی لە پەلکێشکردنی گەنجانی لوبنانی بۆ ناو ئەم گرووپە تیرۆریستییە هەبووە.

لە لوبنان بە هەزاران کەس لە دانیشتووانی تەرابلۆس و ناوچەکانی دەوروبەر، بە تاوانی تیرۆریزم لە گرتووخانەکاندان و بنەماڵەکانیان داوایان لە حکومەت کردووە لێبوردنیان بۆ دەربکات./.