بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا باس لە پەراوێزکەوتنی وڵاتەکەی دەکات

(0) / / ئەمەریکا / جۆن کێربی


Aug 24, 2022

قەبارەی فۆنت:

بەرپرسێکی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا بە ئاماژە بە دژایەتی هاوپەیمانانی ئەم وڵاتە بۆ کشانەوە لە ڕێکەوتنی ناوەکی ئێران، وتی کە واشنتن لە نیگەرانییەکانی تەل ئەبیب سەبارەت بە گەڕانەوە بۆ ڕێکەوتنەکە تێدەگات.

جۆن کێربی ڕایگەیاند کە واشنتن دەیەوێت بۆ ڕێکەوتنی ئێران بگەڕێتەوە بەڵام لە هەمان کاتدا تارانی بەوە تۆمەتبار کرد کە لە ڕابردوودا بە تەواوی پابەندی جێبەجێکردنی بڕگەکانی ڕێکەوتنی ناوەکی نەبووە.

ناوبراو بە کەناڵی فۆکس نیوزی ڕاگەیاند کە کشانەوەی دوناڵد ترەمپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە ڕێکەوتنی ناوەکی کە لە ساڵی 2018 ڕوویدا، واشنتنی لە ئاستی نێودەوڵەتی و بە تایبەت لە بەرامبەر هاوپەیمانەکانی پەراوێز خستووە.

کێربی وتی کە کاتێک ئێمە لە ڕێکەوتنی ناوەکی بووین، ئەگەر ئێران هەنگاوێکی پێچەوانەی دەبوو، خۆیی پەراوێز دەخست بەڵام ئێمە بە کشانەوەمان خۆمان پەراوێز خست، ئەمەش بڕیارێک بوو کە هاوپەیمانەکانی ئێمە لە ئەورووپا و زۆربەی وڵاتانی جیهان دژایەتییان دەکرد، ئێستا دەمانەوێت بۆ ڕێکەوتنی ناوەکی بگەڕێینەوە تا ڕێگری لە پەرەسەندنی پلانی ناوەکیی ئێران بکەین.

ڕێکخەری کاروباری پەیوەندییە ستراتیژییەکان لە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی لە نیگەرانییەکانی ئیسرائیل و ژمارەیەک لە وڵاتانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەبارەت بە زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنی ناوەکی تێدەگات بەڵام ئیدارەی بایدن بۆ ڕێگری لە پەرەسەندنی توانا ناوەکییەکانی ئێران گرنگی بە دیپلۆماسی دەدات./.