سەدر بە نیازی چییە، پلانی داهاتووی چۆن دەبێت؟

(0) / / فایلی تایبەت / موقتەدا سەدر


Sep 01, 2022

قەبارەی فۆنت:

یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی ڕەوتی سەدر لە شاری نەجەف ڕایگەیاندووە کە ڕەنگە موقتەدا سەدر ناچار بێت پاڵپشتی لە بزوتنەوە و جوڵانەوەیەکی نوێی جەماوەری بکات تا ڕێگری لە دووبارەکردنەوەی پێکهێنانی حکومەت بە شێوازی ڕابردوو بکرێت.

ئەو سەرکردەی ڕەوتی سەدر کە ناوەکەی ئاشکرا نەکراوە، ڕایگەیاندووە کە ئەم پلانەی سەدر بە واتای هێرشکردنە سەر ناوچەی سەوز نییە، ڕێزنەگرتنی لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە هەڵوێستەکانی سەدر لە کشانەوەی خۆپێشاندەران لە ناوچەی سەوز و پێداگری لە سەر کاندیدبوونی محەممەد شیاع سودانی بە واتای فریودان و پێکهێنانی حکومەتێکە کە دیسانەوە نوری مالیکی، قەیس خزعەلی و عەمار حەکیم ڕۆڵی گرنگیان لە سیاسەتی ئەو حکومەتەدا دەبێت.

ئەو بەرپرسەی سەدر ڕایگەیاندووە کە ڕووداوەکانی ئەم دواییەی بەغدا و ناوچەکانی دیکە هەڵگری ئەو پەیامە بووە کە سەدرییەکان دەتوانن کۆنتڕۆڵی شەقام بە دەستەوە بگرن و موڵەتی ئەوەش نادەن ڕەوتی سەدر پەراوێز بکەوێت، ئەو پەیامە بە لایەنەکانی دیکە گەیشت، ئەگەر چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە سەر هەمان هەڵوێستی پێشووی پێداگری بکات ئەگەری گەڕانەوە بۆ شەقامەکان لە ئارادایە.

وتیشی کە داواکاری سەدرییەکان وەک خۆی ماوەتەوە و پاشەکشەی لێنەکراوە، هەڵوەشانەوەی پەرلەمان و دیاریکردنی وادەیەک بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان لە ڕیزی گرنگترین داواکاری سەدرییەکانە و ڕەوتی سەدر چەندین میکانیزمی بۆ مسۆگەرکردنی داواکارییەکان لە ڕۆژانی داهاتوو لە بەردەستە، بڕیارەکەی سەدر بۆ وازهێنان لە سیاسەت بە واتای وازهێنانی لە تێکۆشانی جەماوەری لە پێناو چاکسازی نییە./.