حەلبوسی: هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، پێکهێنانی حکومەت و هەڵبژاردنی پێشوەختە دەبێت لە وتووێژی نیشتمانی بڕیاری لە سەر بدرێت
(0) /
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق وتی کە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، پێکهێنانی حکومەت و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەبێت لە وتووێژی نیشتمانیدا تاوتوێ و بڕیاری لە سەر بدرێت کە پرۆسەی سیاسی بە بێ ڕێکەوتن بەرەوپێش ناڕوات.
محەممەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە تویتێکدا ڕایگەیاند کە دەبێت وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەبێت تا کۆتایی ئەمساڵ دیاری بکرێت.
ناوبراو جەختی لە سەر پێویستی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار کردەوە و وتی کە دەبێت حکومەتێک بە پێی ڕێکەوتنی سەرجەم لایەنەکان و جێی دڵنیایی خەڵک و لایەنە سیاسییەکان پێک بهێندرێت.
سەرۆکی پەرلەمانی عێراق وتی کە دەبێت لە وتووێژی نیشتمانیدا یاسای بودجەی وڵات قسەی لە سەر بکرێت و یاسای هەڵبژاردنەکانیش بە ڕێکەوتن بمێنێتەوە یان هەموار بکرێتەوە.
ناوبراو وتی کە یاسای دادگای فیدراڵی دەبێت بە پێی مادەی 92 ی دەستوور پەسەند بکرێت و ڕێکخستنی دووبارە بۆ هێزە ئەمنی و سەربازییەکان بکرێت و وەزارەتی ناوخۆی بە تایبەت ئاسایشی ناو شارەکانی لە ئەستۆ بێت و هێزەکانی دیکە لە بنکە و بارەگاکانی خۆیان بن.
حەلبوسی هەروەها داوای گەڕانەوەی ئەو ئاوارانەشی کرد کە بە بێ تاوان ماڵ و حاڵی خۆیان بە جێهێشتووە و تا ئێستا نەگەڕاونەتەوە.
وتیشی کە لە وتووێژی نیشتمانیدا دەبێت پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندیی عێراق بە ڕێکەوتنێک کە بۆ گەل ئاشکرا بکرێت تا کاتی پەسەندکردنی یاسای نەوت و گاز دابڕێژرێتەوە./.
تێبينيێك بنێرە: