داهاتەکانی عێراق بەرەو کوێ دەڕوات؟

(0) / / فایلی تایبەت / حکومەتی عێراق


Sep 07, 2022

قەبارەی فۆنت:

عێراق بە داهاتێکی زۆرەوە، نزیکەی 70 ملیار دۆلار قەرزی ناوخۆیی و دەرەکیی هەیە.

پرسیار ئەوەیە کە لە پاش گۆڕانکارییەکانی ساڵی 2003 تا ئێستا، داهاتەکانی عێراق کە زیاتر لە یەک تریلیۆن و 500 ملیار دۆلار بووە، بەرەو کوێ ڕۆیشتووە؟

گەندەڵی و بەفیڕۆدانی سامانی گشتی یەک لەو هۆکارە گەورە و گرنگانەیە کە وایکردووە عێراق سوود لەم داهاتە زۆرەی نەبینێت.

ناجی غەزی نووسەری عێراقی ڕایگەیاندووە کە حکومەتی عێراق بەڵێنی داوە داهاتی نەوت کە لە ئێستادا ڕێژەکەشی بەرز بووەتەوە، لە پێناو گەشەی ئابوری و گرنگیدان بە کەرتی وەبەرهێنان، کشتووکاڵ، پیشەسازی و گەشتیاری بەکار بێنێت.

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاندووە کە لە بودجەی ساڵانەدا حکومەتی عێراق لە سەدا 95 بەسراوەی داهاتی نەوتە بەڵام بەم داهاتەوە هێشتا قەزە ناوخۆیی و دەرەکییەکان بوونەتە کێشەیەکی گەورەی بەردەم حکومەت. ئەمەش دەرفەتی وا بە حکومەت نادات کە کێشەکانی وەک بێکاری، هەژاری و گەشەپێدانی بازاڕی ناوخۆیی چارەسەر بکات.

لە ساڵی 2004 تا ئێستا داهات و بودجەی عێراق ڕووی لە زیادبوون کردووە، ئەمەش وایکرد کە کابینە یەک لە دوای یەکەکانی ئەم وڵاتە ڕێژەی دامەزراندنی حکومی زیاد بکەن، لە دۆخێکی وەهادا ژمارەی فەرمانبەرانی کەرتی حکومی لە عێراق گەیشتووەتە نزیکەی 6 ملیۆن کەس، بەدەر لە 4 ملیۆن خانەنشین کە پێکەوە لە سەدا 60 تا 70 ی بودجەی عێراق بۆ مووچەی خۆیان دەبەن.

لە وڵاتی عێراق دیاردەیەک بە ناوی فەرمانبەرانی بندیوار بوونی هەیە، یان فەرمانبەرانی وەهمی، ئەو کەسانەی کە دامەزراون بەڵام دەوام ناکەن و تەنیا مووچە وەردەگرن، دامەزراندنی ئەو کەسانەش بە هۆی کەسانی دەستڕۆیشتوو بووە، لە لایەکی دیکەوە، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک دامەزراون بەڵام بوونیان نییە و مووچەکانیان کەسی دیکەی دەستڕۆیشتوو وەریدەگرێت.

ئێحسان شمەری بەڕێوەبەری سەنتەری بیر و هزری سیاسی لە عێراق ڕایگەیاندووە کە هۆکاری ئەم دۆخە ئابورییە تەنیا بۆ شەڕی دابەشکردنی بەرژەوەندییە ئابورییەکان دەگەڕێتەوە.

هەندێک کەس لە عێراقدا هەیە کە حکومەت و سەرجەم دامودەزگاکانی بە موڵکی سیاسی خۆیان دەزانن و بەم هۆیەوە ئەگەر بە پلە و پۆستێک دەگەن، تەنیا هەوڵی ئەوان، دابینکردنی بەرژەوەندییە داراییەکانی حزب و سەرکردەکەی خۆیانە.

سیستەمی پشکخوازیی سیاسی لە پاش 2003 وایکردووە کە عێراق گەورەترین زیانی ئابوری و دارایی بەرکەوێت، هەروەها بەشێک لە وڵاتانی بیانیش کۆنتڕۆڵی پرۆژە ئابورییە گەورەکانی عێراقیان کردووە. بۆ نموونە، کەرتی وزە، کارەبا و .... کە لە لایەن ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپییەوە کۆنتڕۆڵ کراوە و هێشتا کێشەکانیش وەک خۆی ماوەتەوە و هیچ لە دۆخی نالەباری ئابوری و خزمەتگوزارییەکانی عێراق ناگۆڕێت./.