ئەمریکا چوار کۆمپانیا و کەسێکی ئێرانیی بە هۆی ڕووسیاوە خستە ڕیزی سزاکانەوە

(0) / / ئەمەریکا / وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا جۆن کێربی


Sep 09, 2022

قەبارەی فۆنت:

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا شەوی پێنج شەممە ناوی چوار کۆمپانیا و کەسێکی ئێرانیی خستە ڕیزی سزاکانی خۆیەوە.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سزاکانی سەر ئێرانی زیاد کرد. ناوی چوار کۆمپانیا و یەک کەسی ئێرانی بە هۆی هاوکاریکردنی ڕووسیاوە لە شەڕی ئۆکرانیا خراوەتە ڕیزی سزاکانی ئەمریکاوە.

کۆمپانیای خزمەتگوزارییەکانی سەفیران یەک لەو کۆمپانیانەیە کە لە لایەن ئەمریکاوە خراوەتە ڕیزی سزاکانی سەر ئێرانەوە. وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە ئەم کۆمپانیایە ئەرکی هاوئاهەنگی گەشتە سەربازییەکانی نێوان ئێران و ڕووسیای لە ئەستۆ بووە، هەروەها فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، کەرەستە و هێزی مرۆیی پەیوەندیداری لە ئێرانەوە بۆ ڕووسیا گواستووەتەوە.

کۆمپانیای پەرئاور فارس و بەهارستان کیش بە هەمان شێوە خراونەتە ڕیزی سزاکانی ئەمریکاوە. ناوی کۆمپانیای چوارەم ئاشکرا نەکراوە.

کەسێکیش بە ناوی ڕەحمەتوڵڵا ئەحمەدی کارگێڕی گشتی کۆمپانیای بەهارستان کیش لە لایەن ئەمریکاوە خراوەتە ڕیزی سزاکانی سەر ئێرانەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە جۆن کێربی ڕێکخەری کاروباری ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا ڕۆژی پێنج شەممە ڕایگەیاندبوو کە واشنتن پابەندە بە ڕێگای دیپلۆماسی لە گەڵ ئێران./.