هەفتەی داهاتوو لە عێراق چی ڕوو دەدات؟

(0) / / ڕاپۆرت / موقتەدا سەدر محەممەد شیاع سودانی نوری مالیکی


Sep 15, 2022

قەبارەی فۆنت:

هەفتەی داهاتوو بۆ عێراق بە چارەنووسساز دادەنرێت، لە بەر ئەوەی کە بڕیارە دانیشتنەکانی پەرلەمان دەست پێبکاتەوە و ئەگەری ئەوەش لە ئارادایە کە موقتەدا سەدر سەرۆکی ڕەوتی سەدر لە پاش چلەی شەهیدبوونی ئیمام حوسێن (ع) بۆ گۆڕەپانی سیاسی بگەڕێتەوە.

سەرچاوە سیاسییەکان و ژمارەیەک لە ئەندامانی پەرلەمانی عێراق ڕایانگەیاندووە کە چالاکییەکانی پەرلەمان هەفتەی داهاتوو دەست پێدەکاتەوە، ئەویش لە پاش کۆکردنەوەی 140 واژۆی لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ بەڕێوەچوونی دانیشتنەکانی پەرلەمان.

چاودێرانی ڕەوشی عێراق لەو بڕوایەدان کە هەفتەی داهاتوو بۆ قەیرانی سیاسیی ئەم وڵاتە زۆر گرنگ دەبێت، لە بەر ئەوەی کە ئەگەری گەڕانەوەی سەدر بۆ گۆڕەپانی سیاسی لە ئارادایە.

یەکێک لە سەرکردەکانی هاوپەیمانی فەتح ڕایگەیاندووە کە زیاتر لە 140 واژۆ کۆکراوەتەوە و لە نامەیەکدا ڕادەستی سەرۆکی پەرلەمان دەکرێت و داوای بەڕێوەچوونی دانیشتنەکانی پەرلەمان و هەڵوەشانەوەی بڕیاری هەڵپەساردنی چالاکییەکانی ئەم دامەزراوەیان کردووە.

محەممەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە 30 تەمموز فەرمانی ڕاگرتنی چالاکییەکانی پەرلەمانی بە هۆی ئاژاوەگێڕیی سەدرییەکانەوە لە ناوچەی سەوز ڕاگەیاند.

ئەو سەرکردەی هاوپەیمانی فەتح ڕایگەیاندووە کە لە ئێستادا لێژنەی یاسایی و فەرمانبەرانی پەرلەمان دەستیان بە چالاکی کردووە.

هاوکات ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق بەرنامەی سەردانیکردنی سەرۆکی ڕەوتی سەدری ئاشکرا کردووە و ڕایگەیاندووە کە چەند سەرکردەیەکی شێعە، سوننە و کورد سەردانی سەدر لە حەنانە دەکەن، ئەگەرچی سەدر هێشتا وەڵامی ئەم دەستپێشخەرییەی نەداوەتەوە.

هەروەها سەرچاوەیەکی هاوپەیمانی نەسر ڕایگەیاندووە کە لێژنەیەک لە ناوخۆی چوارچێوەی هاوئاهەنگی پرسی کاندیدی سەرۆک وەزیران تاوتوێ دەکات تا ئەو کەسەی کە لە ئاکامدا وەک کاندید دەناسرێت کێشە و ململانێی لە سەر نەبێت. ئەمەش لە کاتێکدایە کە دەوڵەتی یاسا و تەنانەت زۆربەی لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی ڕایانگەیاندووە کە محەممەد شیاع سودانی کاندیدی سەرۆک وەزیران دەبێت.

لە لایەکی دیکەوە، ناکۆکییەکانی پارتی دیمۆکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە سەر کاندیدی سەرۆک کۆمار بەردەوامە. باس لە ڕێکەوتنی ئەم دوو لایەنە دەکرێت بەڵام تا ئێستا بە فەرمی شتێک ڕانەگەێندراوە و دیار نییە کێ دەبێتە کاندیدی هاوبەشی کوردی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق.

ئەحمەد نەعیمی شارەزای کاروباری سیاسی عێراقیش ڕایگەیاندووە کە هەر ڕێکەوتن و چارەسەرێکی قەیرانی ئێستای ئەم وڵاتە دەبێت لە لایەن ڕەوتی سەدرەوە قبووڵ بکرێت و هەڵوێستی سەدر سەبارەت بە کشانەوە لە پرۆسەی سیاسی هێندە ڕاست نییە.

ناوبراو ڕایگەیاندووە کە ڕەنگە سەدر بە کاندیدنەکردنی شیاع سودانی، نەبوونی نوری مالیکی لە کابینەی نوێ و ڕێگری لە هیچ کێشە و گرفتێک بۆ لایەنگرانی سەدر لە دامەزراوەکانی حکومەت، ڕەزامەندی لە سەر چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە دەرببڕێت./.