سەردانەکەی کازمی بۆ ئەمریکا و بە نێودەوڵەتیکردنی دۆسیەی قەیرانی سیاسی عێراق

(0) / / فایلی تایبەت / مستەفا کازمی


Sep 18, 2022

قەبارەی فۆنت:

سەرۆک وەزیرانی کاربەڕێکەری عێراق بەنیازە بۆ بەشداری لە کۆڕی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی نیۆیۆرک بکات.

چەند سەرچاوەیەک لە حکومەتی عێراق ڕایانگەیاندووە کە مستەفا کازمی لە سەردانەکەیدا چەند دۆسیەیەکی گرنگ بە تایبەت قەیرانی سیاسی ئێستای عێراق، بوونی هێزە سەربازییەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتی ئەمریکا لە عێراق و هەروەها شەڕی دژ بە تیرۆر لە گەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمریکا تاوتوێ دەکات.

ئەو سەرچاوانە ڕایانگەیاندووە کە دۆسیە ئابورییەکان و نێوەندگێڕیی عێراق لە نێوان ئێران و سعوودیە و هەروەها هەوڵەکانی کازمی بۆ نێوەندگێڕی لە نێوان ئێران و وڵاتانی دیکەی عەرەبی لە ڕیزی ئەو بابەتانە دەبن کە لە میانەی سەردانەکەی کازمی تاوتوێ دەکرێن.

کازمی پێشتر لە مانگی تەمموزی 2021 سەردانی ئەمریکای کرد و لە گەڵ جۆبایدن سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە کۆبووە. چوارەم گەڕی وتووێژی ستراتیکیی نێوان هەر دوو وڵاتیش لە میانەی ئەو سەردانەدا بەڕێوەچوو، بڕیار بوو لەو وتووێژانەدا خشتەیەکی کاتی بۆ کشانەوەی هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا لە عێراق دیاری بکرێت.

سەردانەکەی کازمی بۆ ئەمریکا لە کاتێکدا دەکرێت کە نیگەرانییەکانی خەڵک و لایەنە سیاسییەکان بۆ تەشەنەسەندنی ناکۆکییەکان لە پاش ڕێوڕەسمی چلەی شەهیدبوونی ئیمام حوسێن (ع) زیادی کردووە.

دوو بەرپرسی باڵای عێراق لە وتووێژیان لە گەڵ العربی الجیدی ڕایانگەیاندووە کە کازمی بە یاوەری شاندێکی باڵا بە ئامانجی بەشداری لە کۆڕی گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی نیۆیۆرک دەکات.

ئەو دوو بەرپرسە ڕایانگەیاندووە کە کازمی لە سەردانەکەیدا لە گەڵ ژمارەیەک لە سەرکردەی وڵاتانی جیهان کۆدەبێتەوە و پرسی پەیوەندییە سیاسی و ئابورییەکانی عێراق و ئەو وڵاتانە تاوتوێ دەکات.

بە وتەی ئەوان، قەیرانی سیاسی عێراق لە کۆبوونەوەکەی کازمی و بایدن تاوتوێ دەکرێت.

هاوپەیوەند لە گەڵ ئەمەش فازڵ مەوات ئەندامی چوارچێوەی هاوئاهەنگی شێعەکان ڕایەگەیاندووە کە لایەنەکانی ئەم چوارچێوەیە هەر دەستێوەردانێکی دەرەکی لە لایەن واشنتن و وڵاتانی ڕۆژئاوا ڕەتدەکەنەوە و لەو بڕوایەدان کە ئەو وڵاتانە قەیران و ناکۆکییەکانی ئێستای عێراق زیاتر دەکەن.

مەهدی عەبدولکەریم لە پارتی دیمۆکراتی کوردستانش ڕایگەیاندووە کە سەردانەکەی کازمی بۆ ئەمریکا لەم قۆناغەدا زۆر گرنگە.

ناوبراو وتی کە عێراق کاراکتەرێکی گەورەیە لە ناوچەکە و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەبێت بە شێوازی ناڕاستەوخۆ هەنگاو بەرەو چارەسەرکردنی قەیرانی سیاسی ئەم وڵاتە بنێن.

ماهر جەودەت شرۆڤەکاری سیاسی عێراقی لەو بڕوایەدایە کە کازمی لە سەردانەکەیدا دۆخی سیاسی عێراق و ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسییەکان لە گەڵ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی باس دەکات و چاوڕوان دەکرێت کە پەیامی هۆشدار و ڕاشکاوانە سەبارەت بە پەرەسەندنی ئەم ناکۆکییانە وەربگرێت./.