پەیوەندییەکانی تورکیا و ئیسرائیل بەرەو کوێ دەڕوات؟ ئەردۆغان زەرەرمەندی یەکەم دەبێت

(0) / / فایلی تایبەت / ئەردۆغان


Sep 29, 2022

قەبارەی فۆنت:

چەندین دۆسیە بوونەتە هۆی لێک نزیکبوونەوەی ئەنکەرە و تەل ئەبیب و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان. هەر دوو لا بەرژەوەندی زۆریان لە دۆزینەوەی غازی ڕۆژهەڵاتی زەریای ڕەش هەیە، بە نیگەرانییەوە لە ناسەقامگیری سنورەکانی سوریا دەڕوانن و بازرگانی و گەشتیارش دوو بواری دیکەی هاوکاری نێوانیانە.

ئاڵۆزی لە پەیوەندییەکانی تورکیا و ئیسرائیل لە 12 ساڵی ڕابردوو و بە هێرشی هێزەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کاروانێکی گەیاندنی هاوکارییەکانی تورکیا بۆ غەززە دەستیپێکرد. ئەو کاروانەش بە ناوی کاروانی ئازادی بۆ شکاندنی گەمارۆی ئابوریی کەرتی غەززە کەوتبووە ڕێ و بە هێرشی هێزەکانی ئەو ڕژێمە بە ئامانج نەگەیشت. لەو هێرشەدا 10 چالاکوانی لایەنگری مافەکانی فەڵەستینییەکان کوژران و هەر دوو لا گەیشتنە ئاستی پچڕانی تەواوی پەیوەندییەکان.

لە ساڵی 2012 لە میانەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ غەززە، تورکیا و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بوونە نەیارێکی نێودەوڵەتیی تەل ئەبیب. تورکیا لەو ساڵەدا داوای لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە لە دژی ئیسرائیل هەنگاوی کرداریی هەبێت.

بەڵام لە ساڵی 2016 پەیوەندییەکانی تورکیا و ئیسرائیل دەستیپێکردەوە و ئەنکەرە باڵیۆزی خۆیی لە تەل ئەبیب دەستنیشان کرد، دۆخێک کە بە لەرزۆکی بۆ ماوەی دوو ساڵ بەردەوام بوو و لە ئاکامدا لە پاش ئاڵۆزییەکانی ساڵی 2018، جارێکی دیکە پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو لا ڕووی لە خەراپتربوون کرد.

لە ساڵی 2018 تورکیا لە کاردانەوەی بەرامبەر بە تاوانی ئیسرائیل لە دژی غەززە، باڵیۆزەکەی ئیسرائیلی دەرکرد و بە هەمان شێوە کۆنسووڵی تورکیاش لە تەل ئەبیب دەرکرا.

ڕووداوەکانی نوێ

مانگی ئاداری ڕابردوو سەرۆک کۆماری ئیسرائیل لە سەر بانگهێشتی ئەردۆغان سەردانی تورکیای کرد و لەو سەردانەدا بڕیار لە سەر ناردنەوەی باڵیۆزەکان درا. هاوکات بە پتەوبوونی پەیوەندییەکانی نێوانیان، کەشتییەکی سەربازیی تورکیا بۆ یەکەم جار لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوو گەیشتە بەندەری حەیفا.

هەروەها حکومەتی تەل ئەبیب پەسەندکردنی ڕێکەوتنی ئاسمانیی نێوان هەر دوو لای ڕاگەیاند کە بە پێی ئەوەش کۆمپانیا ئیسرائیلییەکان موڵەتی گەشتی ئاسمانییان بۆ ئیستەنبووڵ و شارەکانی دیکەی تورکیا دەبێت.

یەکێکی دیکە لە بەستێنەکانی هاوکاریی نێوان ئەنکەرە و تەل ئەبیب، پلانی پەیوەندی ئەلیکترۆنیی نێودەوڵەتی ئوراسیا لە ڕێگای بەندەرەکانی ڕژێمی ئیسرائیلەوە بۆ یۆنان، قوبرس، تورکیا و ئەورووپایە و جێگرەوەیەکی متمانەپێکراوی گواستنەوەی وزەیە لە ئەورووپا، هەروەها پرۆژەیەکی ژێرخانیی وزەیە کە ئامانجەکەشی جێبەجێکردنی یەکێک لە گەورەترین پرۆژەکانی پەیوەندییە لەم سەدەیەدا. هەروەها ئەم پرۆژەیە وەک یەکەم پردی وزەی نێوان ئەورووپا و ئاسیا، تۆڕەکانی کارەبای هەر دوو کیشوەر پێکەوە دەبەستێتەوە.

ئامانج و بەرژەوەندییەکانی هەر دوو لا

سەرەڕای هەبوونی قەیرانێکی زۆر لە نێوان ئەنکەرە و تەل ئەبیب، هیچ کات پەیوەندییەکانیان نەپچڕا و ئاستی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوانیان لە ساڵانی ڕابردوو بەرز بووەتەوە. ساڵنی ڕابردوو ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی تورکیا و ئیسرائیل گەیشتە 8 ملیار دۆلار کە لە بەرژەوەندی تورکیادا بووە، لە بەر ئەوەی کە 6 ملیار دۆلار کاڵای هەناردەی ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین کردووە و 2 ملیار دۆلار مادەی خاوی هاوردە کردووە.

بەرژەوەندییە ئابورییەکان بەدەر لە کەرتی بازرگانی، لە کەرتی گەشتیاریشدا دەبینرێت، پێشبینی ئەوە کراوە کە بە پەرەسەندنی پەیوەندییەکانی ئەنکەرە و تەل ئەبیب، ساڵانە 120 تا 150 هەزار کەس لەو ڕژێمەوە وەک گەشتیار سەردانی تورکیا بکەن.

لە لایەکی دیکەوە، گرنگی سیاسەتی دەرەوەی تورکیا لە بواری ئەمنی و ئابوریی ڕۆژهەڵاتی زەریای ڕەش بۆ حکومەتەکەی ئەردۆغان زیاتر بووە. تیمەکەی ئەردۆغان بەو ئەنجامە گەیشتووە کە بوونی بەهێزی تورکیا لە زەریای ڕەش و باکوری ئەفریقا، پێویستی بەوە هەیە کە سەرجەم بەربەستەکان لە سەر ڕێگای پەیوەندییەکانی تورکیا لە گەڵ میسر و ئیسرائیل هەڵبگیرێت تا دوو ئامانجی سەرەکی، واتە گەیشتن بە سەرچاوەکانی نەوت و گاز و دەستڕۆیشتوویی لە باکوری ئەفریقا مسۆگەر ببێت.

ئەو هەلومەرجەی کە لە ئەورووپا دەبینرێت، ڕەنگە لە هەمووی زیاتر هاوکارییەکانی ئەنکەرە و تەل ئەبیب لە بواری وزەدا بەرفراوان بکات. هێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا کێشەی بەسراوەیی وڵاتانی ئەورووپیی بە غازی ڕووسیا زیاتر پیشان داوە و بۆ ئەمەش ئەورووپا دەیەوێت سەرچاوەکانی وزەی خۆی جۆربەجۆر بکات، ئەوردۆغان ڕایگەیاندووە کە تورکیا و ئەورووپا دەتوانن غاز هەناردەی وڵاتانی ئەورووپی بکەن.

پەرەسەندنی قەیرانی ئەمریکا و چین لە دۆسیەی تایوان و هەروەها ئەمریکا و ڕووسیا لە دۆسیەی ئۆکرانیا وایکردووە کە سرنجی ئەمریکا زیاتر لە سەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەبێت و وڵاتانی ناوچەکە گرنگی زیاتر بە پەیوەندییەکانی نێوان دراوسێکان بدەن. تورکیا لە پەیوەندییەکانی لە گەڵ ڕژێمی ئیسرائیل زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە دەیەوێت لە پەراوێزکەوتنی ناوچەیی خۆی ڕزگار بکات و لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا کێبڕکێ لە گەڵ میسر و یۆنان بکات. هەروەها لە ڕێگای لۆبی جوولەکە لە واشنتن دەیەوێت کەڵک لە پەیوەندییەکانی لە گەڵ ئەمریکاش ببینێت.

ئەنجام

ئەردۆغان بەشێک لە پێگەی خۆیی بە هۆی هەڵوێست و کردەوەکانی لە بواری ئیسلامیدا بە دەست هێناوە، لە ماوەی داهاتوو کە لە هەڵبژاردنەکانی تورکیا نزیک دەبینەوە، دۆخەکە لە بەرژەوەندی سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتەدا نییە و هەر بڕیارێکی ئەو، وەک بەهێزبوونی پەیوەندییەکان لە گەڵ ڕژێمی ئیسرائیل، دەتوانێت ئاکامی خەراپی بۆ ئەردۆغان و ئاکەپە هەبێت. پێگەی ئەردۆغان و پارتەکەی دابەزیوە و زۆربەی لایەنگرانی سەرۆک کۆماری تورکیا کە لە چینی کڕێکارن، کەوتوونەتە ژێر گوشاری ئابوری و گومانیان لەوە هەیە کە بتوانن جارێکی دیکە دەرفەتی مانەوە لە دەسەڵات بە ناوبراو بدەن. نزیکبوونەوە لە ئیسرائیل بابەتێکی خوازراوی ئەردۆغان و پارتەکەی نەبووە و بە هۆی هەڵوێستی دژە زایۆنیستییەوە لە نێو ئیسلامخوازەکانی تورکیا و تەنانەت جیهانی ئیسلام خۆشەویست بووە. ئێستا ئەم سیاسەتەی بۆ نزیکبوونەوە لە ئیسرائیل شەرمەزار دەکرێت.

سەرەڕای ئەمەش، چەندین دۆسیە بوونەتە هۆی لێک نزیکبوونەوەی ئەنکەرە و تەل ئەبیب و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان. هەر دوو لا بەرژەوەندی زۆریان لە دۆزینەوەی غازی ڕۆژهەڵاتی زەریای ڕەش هەیە، بە نیگەرانییەوە لە ناسەقامگیری سنورەکانی سوریا دەڕوانن و بازرگانی و گەشتیارش دوو بواری دیکەی هاوکاری نێوانیانە./.