ئایا سودانی بە دوژمنایەتی سەدر و پلانەکانی مالیکی بەردەوام دەبێت؟

(0) / / ڕاپۆرت / محەممەد شیاع سودانی موقتەدا سەدر نوری مالیکی


Oct 20, 2022

قەبارەی فۆنت:

سەرەڕای ئەوەی کە محەممەد شیاع سودانی لە پارتی دەعوە جیا بووەتەوە، بەڵام هێشتا لە ژێر کاریگەری مالیکیدایە و شارەزایان دەڵێن کە وەک سەرۆکێکی لاواز دەور دەبینێت.

عێراق ئەم هەفتەیە هەنگاوێکی گەورە لە پێکهێنانی حکومەتی نوێ نزیک بوویەوە و پەرلەمانی ئەم وڵاتە لەتیف ڕەشید ی وەک سەرۆک کۆماری نوێ هەڵبژارد و پاشان محەممەد شیاع سودانی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ ڕاسپێردرا. ئەمەش لە کاتێکدایە کە عێراق بۆ ماوەی زیاتر لە یەک ساڵ لە بنبەستی سیاسیدا بوو. ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە و نەیارانی سەدر گەیشتوونەتە دەسەڵات.

جێی وەبیرهێنانەوەیە کە موقتەدا سەدر لە کاتی سەرکردایەتیکردنی سوپای مەهدی لە دژی داگیرکاریی ئەمریکا لە پاش ساڵی 2000، چەندین جار لە پرۆسەی سیاسی کشاوەتەوە و پاشان گەڕاوەتەوە. ناوبراو توانایەکی زۆری بۆ کۆکردنەوەی لایەنگرانی هەیە و هێشتا دەسەڵاتی بە سەر میلیشیاکانی سەرایا سەلام ماوە.

سەدر لە پاش هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2021 لەوەدا سەرکەوتوو بوو کە هاوپەیمانییەکی سێقۆڵی بە ئامادەبوونی پارتی دیمۆکراتی کوردستان و هاوپەیمانی سەروەری سوننە پێک بێنێت. بە 73 کورسییەکەی سەدر و کورسی ئەو دوو لایەنە، هاوپەیمانی ڕزگاریی نیشتمان بووە گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی. لەو کاتەدا لە واشنتنەوە پێشوازی لەم کەسایەتییە پۆپۆلیستەی شێعە دەکرا بە ئامانجی ئەوەی کە بتوانێت ڕێگری لە زیاتربوونی دەستڕۆیشتوویی ئێران لە عێراق بکات.

لە سیستەمی سیاسی عێراق سەرەتا سەرۆکی پەرلەمان هەڵدەبژێرێت و پاشان سەرۆک کۆمار و ئەویش سەرۆک وەزیرانی دەستنیشانکراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ ڕادەسپێرێت. پاش موڵەتی یاسایی سەرۆک وەزیران کابینەکەی دەباتە پەرلەمان و دەنگی پێویست و متمانەی پێ دەدرێت. لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ڕابردوو، بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بە دەنگی دوو لە سەر سێی ئەندامانی پەرلەمان و بابەتی یەک لە سەر سێی پەکخەر، بنبەستی سیاسی لە عێراق هاتە پێشەوە. لایەنگرانی سەدر ڕایانگەیاند کە دادگای فیدراڵی لە ژێر گوشاری مالیکی ئەو بڕیارەی داوە و ڕێگریی لەوە کردووە کە حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی بە سەرۆکایەتی ڕەوتی سەدر پێک بهێندرێت.

سەدر لە کاردانەوەی بەرامبەر بەم پێشهاتە، فەرمانی بە هەر 73 ئەندامی فراکسیۆنەکەی دا کە دەست لە کار بکێشنەوە و لایەنگرانی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی پەرلەمان ناوچەی سەوزی بەغدایان داگیر کرد. سەدر چاوەڕوانی ئەوەی دەکرد کە پارتی و سوننەکانیش بە هەمان شێوە لە پەرلەمان بکشێنەوە و ئەم دامەزراوەیە ئیفلیج بکرێت و بەمەش ڕێگری لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت بکات. هەروەها چاوەڕوانی ئەوەشی دەکرد کە محەممەد حەلبوسی بە ئاسانی نامەی دەست لە کار کێشانەوەی ئەندامانی فراکسیۆنی سەدر قبووڵ نەکات. بەڵام کشانەوەی سەدرییەکان بووە دەرفەتێک بۆ چوارچێوەی هاوئاهەنگی.

لەتیف ڕەشید لە بڕیارێکی خێرادا و بە پێی ڕێکەوتنی پێشوەختە، محەممەد شیاع سودانیی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ ڕاسپارد. ئێستا قەیرانە یەک ساڵەکەی عێراق بەرەو چارەسەربوون دەڕوات، کێشەی سەدرییەکان تا ڕادەیەک تەواو بووە و بڕیار نییە تا سێ ساڵی دیکەش هەڵبژاردن لە عێراق بکرێت.

سەدر کە پێگە سیاسی و سەربازییەکەیی لە دەست داوە، بە ئاسانی دەرفەتی گەڕانەوەی بۆ گۆڕەپانی سیاسی نابێت. ڕەنگە لە ڕێگای لایەنگرانی خۆیەوە لە وەزارەتەکانی عێراق هەوڵی پاراستنی پێگەی خۆی بدات، ئەمەش بەندە بەوەی کە ئایا سودانی بڕیاری پاکتاوکردنی سەدرییەکان لە وەزارەتەکان جێبەجێ دەکات یان نە.

کاردانەوەی سەدر لە بەرامبەر هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار و دەستنیشانکردنی کاندیدی سەرۆک وەزیران لە پشتەوەی دەرگا داخراوەکاندا بووە. دەوترێت کاردانەوەەکی توندی هەبووە و لە بەیاننامەیەکدا حکومەتی داهاتووی بە حکومەتی میلیشیاکان ناو برد و ڕایگەیاند کە لایەنگرانی سەدر بە هیچ شێوازێک نابێت لەم حکومەتەدا بەشداری بکەن. ئەگەر حکومەتی داهاتوو لە ئەنجامی دژایەتی سەدر شەرعییەتی خۆی لە مەترسیدا ببینێت، ئەگەری ئەوە لە ئارادایە کە ڕێگایەک بۆ ڕاکێشانی سەدر و ڕەزامەندیی بە دەست بێنێت. ئیدارەی نوێ لە یەکەم هەنگاودا پرسی قەدەغەی گەشتکردنی لە مستەفا کازمی بە هۆی گەندەڵییە زۆرەکەی عێراقەوە دەرکردووە، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ڕەنگە بە دڵی سەدر و لایەنگرانی بێت، ئەو بابەتەی کە وایکرد زۆرینەی دەنگدەرانی عێراقی دەنگ بە ڕەوتی سەدر بدەن.

سەرەڕای ئەوەی کە هەوڵەکانی سەدر بۆ ڕێگری لە پێکهێنانی حکومەتی نوێ پووچەڵ بووەتەوە، بەڵام بە واتای ئەوە نییە کە لە بەردەم شیاع سودانی کێشە نابینرێت. لەو کێشانەی کە کەوتووەتە بەردەم سودانی، بودجەی فیدراڵییە کە ساڵی ڕابردوو بە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتەوە زیادی کردووە. سودانی ڕەنگە بۆ کەمکردنەوەی ناڕەزایەتییە گشتییەکان کەڵک لە خەزێنەی عێراق بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بێکاری گەنجان و دامەزراندن لە دامودەزگا حکومییەکان وەربگرێت. هێشتا ئەگەری ناسەقامگیری دۆخی سیاسی عێراق و ئاڵۆزبوونی ڕەوشی ناوخۆیی ئەم وڵاتەش لە ئارادایە.

بۆ ئەمریکا سودانی بەراورد بە کاندیدەکانی دیکەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی ڕەنگە بژاردەیەکی باشتر بێت. سودانی تەکنۆکراتێکی بەئەزموونە کە پێشتر وەزیری مافی مرۆڤ و کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بووە. دەبێت چاوەڕوان بین کە کاریگەرییەکانی نوری مالیکی لە سەر ناوبراو چۆن دەبێت. نیگەرانی ئەمریکا ئەوەیە کە ئەزموونی سەردەمی سەرۆکایەتی مالیکی بە تایبەت لە دوورخستنەوەی سوننەکان دووبارە ببێتەوە./.