ژنە وەزیرەکانی کابینەی نوێی عێراق بناسین

(0) / / ئاسیا / محەممەد شیاع سودانی


Oct 30, 2022

قەبارەی فۆنت:

لە کابینەی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتی محەممەد شیاع سودانی ناوی 3 وەزیر دەبینرێت کە وەزارەتەکانی دارایی، کۆچ و کۆچبەران و گەیاندنیان گرتووەتە ئەستۆ.

بە تێپەڕبوونی زیاتر لە ساڵێک لە هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی عێراق، ڕۆژی پێنج شەممە 27 ی تشرینی یەکەمی 2022، پەرلەمانی ئەم وڵاتە متمانەی بە کابینەی نوێی ئەم وڵاتە بە سەرۆکایەتی محەممەد شیاع سودانی دا کە 3 وەزیری کابینەی ئێستای عێراق ژن و وەزارەتەکانی دارایی، کۆچ و کۆچبەران و گەیاندن بەوان دراوە.

وەزیری دارایی

تەیف سامی لە هێزە سیاسییەکانی سەر بە محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراقە. ناوبراو براوەی خەڵاتی ژنە بوێرەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکایە و لای هێزە سیاسییەکانی عێراق ڕێزێکی تایبەتی هەیە.

تەیف سامی پێشتر وەک جێگری وەزیری دارایی عێراق چالاکی کردووە و ڕۆڵی بەرچاوی لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لەم وڵاتەدا هەبووە.

وەزیری دارایی عێراق لەدایکبووی ساڵی 1963 و تەمەنی 59 ساڵە و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بەڕێوەبردن و ئابوری لە زانکۆی بەغدا هەیە.

وەزیری کۆچ و کۆچبەران

ئیڤان فایەق جابرۆ وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراقە و لە کەسایەتییە ناسراوەکانی ئەم وڵاتەیە.

ناوبراو لەدایکبووی ساڵی 1981 و 41 ساڵەیە کە بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بواری میکرۆبۆلۆژی لە زانکۆی بەسرە وەرگرتووە. ئیڤان فایەق هەروەها بڕوانامەی دپلۆمی دەروون ناسیی لە لوبنان هەیە و لە کابینەی پێشوو بە سەرۆکایەتی مستەفا کازمی هەر ئەم پۆستەی هەبووە.

وەزیری گەیاندن

هیام عەبود یاسری وەک وەزیری گەیاندنی عێراق چالاکی دەکات.

پەیوەندییەکی نزیکی لە گەڵ دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالیکی هەیە.

تەمەنی 55 ساڵ و لەدایکبووی ساڵی 1967 ی بەغدایە کە بڕوانامەی دکتۆرای لە ئەندازیاریی پەیوەندییەکان لە زانکۆی بەغدا وەرگرتووە و لە ئۆسترالیاش لەم بوارەدا بڕوانامەی سەروتری بە دەست هێناوە./.