داعش لە عێراق لە چ بارودۆخێکدایە؟

(0) / / ڕاپۆرت / داعش عێراق


Dec 02, 2022

قەبارەی فۆنت:

سەرەڕای کەمبوونەوەی هێرش و چالاکییەکان، مەترسی گرووپی تیرۆریستی داعش لە عێراق هێشتا بەردەوامە و شارەزایان دەڵێن کە دەبێت هەوڵە هەواڵگری و ئەمنییەکان بۆ لەناوبردنی مەترسییەکانی ئەم گرووپە تیرۆریستییە زیاتر بکرێت.

شارەزایان و بەرپرسە سەربازییەکان لەو بڕوایەدان کە هێشتا پێویست بە بەهێزبوونی دەزگای هەواڵگری لە عێراق هەیە و دەبێت سەرچاوە ئەمنییەکان بۆ لەناوبردنی مەترسییەکانی داعش زیاتر بکرێن.

ئەندامانی گرووپی تیرۆریستی داعش لەم ماوەیەدا هێرشیان کردە سەر خاڵێکی ئەمنی لە کەرکوک و بەو هۆیەوە 4 کەس لە هێزەکانی عێراق کوژران.

کورد داوای گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ کەرکوک دەکات

ئەو هێرشە بووە هۆی ئەوەی کە هەرێمی کوردستان دیسانەوە داوای گەڕانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بۆ کەرکوک بکات و ئەمەش لە کاتێکدایە کە حەشدی شەعبی لە کەرکوک و ناوچەکانی وەک زنجیرە چیاکانی حەمرین هەڵمەتە سەربازییەکانی بۆ لەناوبردنی پاشماوەکانی داعش دەستپێکردووە و لە هەوڵەکانی بەردەوامە.

هاوپەیوەند لە گەڵ ئەمە، تەحسین خەفاجی وتەبێژی فەرماندەیی پرۆسە هاوبەشەکانی عێراق وتی کە پەناگە و حەشارگەکانی داعش لە ڕیزی پلان و پرۆژە سەربازی و ئەمنییەکاندایە و ناسراون، تەنانەت ئەو نەخشانەی کە پاشماوەکانی داعش لە شارە ئازادکراوەکان و ناوچە شاخاوییەکان لە سنورەکان لە گەڵ هەرێمی کوردستان دەگوازێتەوە، لە ژێر چاودێری هێزەکانی عێراقدایە.

ناوبراو وتی کە هێزەکانی عێراق درێژە بە پێشڕەوییەکانیان لە دژی داعش دەدەن و لەم ڕێگایەشدا ژمارەیەکی زۆر لەو تیرۆریستانە کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش لە لایەن هێزە ئەمنی و سەربازییەکانەوە دەستبەسەر کراون.

وتەبێژی فەرماندەیی پرۆسە هاوبەشەکانی عێراق وتی لە لە پرسی بەرەنگاربوونەوەی داعش هاوئاهەنگی لە گەڵ هەرێمی کوردستان هەیە و تا ئێستا بۆ لەناوبردنی کەلێنە ئەمنییەکان پێکەوە هاوکاریمان هەبووە.

لە لایەکی دیکەوە، مەهدی تەقی ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق وتی کە داعش بەرەو لاوازبوونێکی زۆر دەڕوات و هەوڵی ڕێگری لە چالاکییەکانی ئەو گرووپە تیرۆریستییە بەردەوامە بەڵام ژمارەیەک لە ئەندامەکانی داعش هەوڵی تۆڵەسەندنەوە دەدەن.

ناوبراو وتی کە زۆربەی هێرشەکانی داعش لەمساڵ بە ئامانجی دزینی پارە و ئاڵتون و چەک و مۆبایل بووە و ئەمەش پیشان دەدات کە داعش لە چ دۆخێکدایە و ڕێگایەکی بەدەر لە دزیکردن بۆ نەماوەتەوە.

پێشتریش شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوای ئەوەی کردبوو کە هێزەکانی سوپای عێراق و پێشمەرگە بە هاوبەشی بۆ کەرکوک بگەڕێنەوە.

هێزی داعش لە چ ئاستێکدایە؟

فازڵ ئەبو ڕەغیف شارەزا لە کاروباری ئەمنیی عێراق ڕایگەیاند کە داعش هێزی ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی گەورەی لە دەست داوە و ماوە ماوە بۆ دزی و دەستکەوتنی پارە و داهات چالاکییەکانی دەکات.

ناوبراو وتی کە ئەندامانی داعش بە هۆی جوگرافیای ناوچەکانەوە هێزی پەیوەندیگرتنیان بە یەکترەوە لە دەست داوە.

هەروەها عیماد عەلۆ لیوای خانەنشینکراوی عێراق ڕایگەیاندووە کە داعش بە کۆتایی گەیشتووە و کاریگەری نەماوە بەڵام بەو مانایە نییە کە مەترسییەکەش لە ناو چووە و داعش بەردەوام هەڕەشە لە عێراقییەکان دەکات.

ناوبراو جەختیکردەوە کە دەبێت لە ڕووی هەواڵگرییەوە عێراق بەهێز بکرێت و سنورەکان لە گەڵ سوریا توندوتۆڵتر بکرێن./.