لە کۆبوونەوەی نێوان سودانی و مەکگۆرک چی گوزەرا؟

(0) / / ئاسیا / محەممەد شیاع سودانی برێت مەکگۆرک


Jan 16, 2023

قەبارەی فۆنت:

سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی نێردەی تایبەتی سەرۆک کۆماری ئەمریکا، جەختی لە سەر توانای هێزە ئەمنییەکانی عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم و جێگیرکردنی سەقامگیری لەم وڵاتەدا کردەوە.

برێت مەکگۆرک ڕێکخەری کۆشکی سپی بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا و نێردەی تایبەتی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە گەڵ محەممەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبووە.

نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاندووە کە لەو کۆبوونەوەدا پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمریکا و ڕێگای پتەوکردنی لە ئاستە جیاجیاکان تاوتوێ کراوە.

سودانی لەو کۆبوونەوەدا جەختی لە سەر توانای هێزە ئەمنییەکانی عێراق بۆ شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم کردەوە.

بەرپرسە ئەمریکییەکەش جەختی لە سەر پاڵپشتی وڵاتەکەی بۆ سەرکەوتنەکانی حکومەتی ئێستای عێراق کردەوە و ڕایگەیاند کە لە شەڕی دژ بە داعش بەردەوام ڕاوێژ بە هێزەکانی عێراق دەدرێت.

مەکگۆرک هەروەها جەختی لە سەر پابەندبوونی ئەمریکا بە ڕێکەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی و پاڵپشتی لە پلانی چاکسازیی حکومەتی عێراق لە بواری وزە و ڕوبەڕوبونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا کردەوە.

ناوبراو هەروەها پاڵپشتی ئەمریکای لە ئەنجامی کۆنگرەی بەغدا – 2  و پەرەپێدانی پرۆژە ژێرخانییەکان لە نێوان عێراق و وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە ڕاگەیاند./.