میدیا و مەترسی

(0) / / وتار / ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد


Feb 11, 2023

قەبارەی فۆنت:
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
دەبێت دەستمان لەسەر دڵمان بێت کە ڕووداوی ناخهەژێن و کارەساتبار ڕوونەدات و نەبێتە پرسێکی گەرم لە میدیای کوردیدا، ئیدی وەرگر وەک پێویستی بەدوای زانیاری هەواڵەکەدا دەگەڕێت و ئەو میدیایانەش ڕۆحێکی ماندوی بێزار دەدەنەوە وەرگر و هاووڵاتی کورد، بۆیە ئێستا بەگشتی وێنەی میدیای کوردی لەلای وەرگری کورد وایلێهاتووە، ئەوەندەی وەک میدیایەکی مەترسیدار بۆسەر فیکر، خێزان، ئاسایشی نەتەوەیی، دەروونی تاک... هتد دەبینرێت، هێندە وەک هۆکارێک بۆ گەیاندنی زانیاریی و وشیاریی نابینرێت. تاکە هۆکاری ئەم مەترسییەی میدیاکانیش ئەوەیە هەموویان لەسەر یەک شێوازی کارکردن و دوور لە بەهای وەرگر کاردەکەن. مەترسی ئەم میدیایانە لەو شوێنەوە دەستی پێکردووە کە هیچ سانسۆر و چاودێریی و فیلتەرێک نەماوە بەسەریانەوە و چۆن خۆیان بیانەوێت بەو شێوەیە بەڵا و کارەساتە دڵتەزێن و ناخۆشەکان دەرخواردی وەرگر دەدەن، لەبەرامبەریشدا لە ڕۆژگاری کۆمنیکەیشن و بە ئەلیکترۆنبوونی جیهانیشدا کە بە ئاسانی باش و خراپی هەواڵ دێنێتە ژووری ماڵەکان و ئامێری موبایلی کەسەکانەوە، بەئاسانی بەرکەوتەی ئەو مەترسیداربوونەی میدیا دەبن و ناتوانن خۆیانی لێ دەرباز بکەن. لە ڕوانگەی میدیای کوردییەوە، ئێستا جیهان هەواڵێکی خۆشی تێدا نەماوە کەمەکێک ئارامی و ئاسوودەیی تێدابێت بۆ وەرگر، ئەم میدیا کوردیانە وەک ئەوەی پێمان بڵێن وەزیفەی میدیا گۆڕاوە لە میدیایەکی بەرپرسیار لە ئارامی دەروونی تاکەوە بۆ میدیایەکی بەرپرسیار! لە تێکدانی دەروونی تاکی کورد، هەموو جوهدی خۆی لەوەدا بەهەدەر داوە کە بەلای ئەو بابەتانەدا نەچێت وەرگر ئارەزووی داکات، ئەمەش زۆر و کەمی ئەو بۆشاییەمان بۆ دەپێوێت کە لەنێوان میدیا و وەرگری کورددا هەیە. بۆ میدیای کوردی کارەساتە کە بەم زووییە وەرگری کورد وەک مەترسی و نابەرپرس لە میدیاکان تێبگات، چونکە کارێکی قورسە وەرگر لە ئەوپەڕی تاسوقێتییەوە بە میدیا، بگەڕێتەوە بۆ بێزاری و هەڵهاتن لە شاشە، ئەم بێزاربوونەی وەرگری کوردیش بەتەواوی پێچەوانەی ئەو ڕاستییەیە کە مرۆڤ بەپێی پێویستییە کەسی و کۆمەڵایەتی و ژینگەییەکەی هەمیشە پێویستی بە "هەواڵ، زانیاری"یە، بەڵام لە ڕوانگەی میدیای کوردییەوە پێویستی مرۆڤی کورد لە شوێنێکە و پێویستی و سیاسەتی میدیاکانیش لەشوێنێکی دیکەیە. لە شاشەی میدیای کوردیدا، تا چاو بڕ بکات وێنەی ناخ هەژێن و نائومێدیی و ڕەشبینییە و پەخش دەکرێت، تا دڵ حەزی پێ نەکات هەواڵی ناخۆشە، تا زیاتریش لەم شاشانە ورد ببینەوە تێدەگەین ئەم جۆرە میدیایانە حەز و پێویستی وەرگری کورد، تێرناکات و زۆربەیان زیادەن!.