سەردانەکەی بارزانی بۆ بەغداد بێئەنجام دەبێت
(0) /
ڕوانگە - ئەمڕۆ چوارشەممە 2024/7/4 مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەلێر و بەغداد و بەتایبەت پرسی بودجە و نەوت و گاز و هەروەها پرسی هەڵبژاردن و شەنگال، سەردانی بەغدادی کرد و واچاوەڕواندەکرێت بارزانی لەم سەردانەیدا چاوی بەرپرسانی باڵای عێراق بکەوێت و لەوبارەیەوە گفتوگۆبکات.
پەیامنێری دەزگایی میدیایی ڕوانگە، بۆ قسەکردنی زیاتر لەسەر ئەوپرسە و گرنگی سەردانەکەی بارزانی، بۆ بەغداد گفتوگۆیەکی لەگەڵ، ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد، نوسەر و ڕۆژنامەنوس، ئەنجامداوە.
* لە دوای ساڵی 2018 ەوە ئەمە یەکەمین جارە، مەسعود بارزانی سەردانی بەغداد دەکات، پێتان وایە چی پرسێکی گرنگ هەیە، کە وایکردووە بارزانی ناچاربێت سەردانی بەغداد بکات؟
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد:" لە دوای ڕیفراندۆمی باشوری کوردستانەوە پەیوەندیەکانی پارتی و خودی "مەسعود بارزانی" سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەگەڵ بەغدادا پەیوەندیەکی باش نەبووە، ئەم حیزبە بە جۆرێک لە جۆرەکان پشتی لە بەغداد بووە، بەیەک پێوەر لە تەواوی هێزە عێراقیەکان نزک نەبووە، ئەگەرچی لە ماوەکانی ڕابردوو بەنێوەندگیری هەندێک لە وڵاتانی ئیقلیمی نزیکبونەوەی هەبوو لەگەڵ هێزەسونیەکاندا، بەڵام دواجار بە یەک پێوەر لەگشتیانەوە نزیک نەبووە. بۆیە ئێستا کە هەست دەکەین دەروازەکانی هەرێمی کوردستان، ئیدی دادەخرێت و ئیدی عێراق ئەو عێراقەیە کە یەقین دەبین لەسەرئەوەی کە دەبێت یەکپارچەبێت و دەرەچەیەکی نییە بۆ چونەدەرەوەی هیچ لایەنێک بەناوی ڕیفراندۆم و هەوڵدان بۆ تێکشکانی ئەم سنورە ئیدی گەیشتوون بە قەناعەتێک کە دەبێت پارتی بڕواتەوە بەغداد و بۆئەوەش جارێکی دیکە پارتی ڕوو لە بەغداد بکات و بەڕابردوو خۆیدا بچێتەوە، باشترین کەسێک بۆ چونەوە بەغداد مەسعود بارزانییە.
وتیشی :" لەگەڵ ئەوەدا دەزانین هەرێمی کوردستان بەرەو هەڵبژاردنێک دەڕوات و پارتی بەهەرشێوەیەک بوبێت ناچار بووە بەشداری هەڵبژاردن بکات و ئەوەش دەرخستنێکی ئامادەیی ئەو حیزبەیە بۆئەوەی کە ئەگەرچی لەگەڵ شێوازی هەڵبژاردنەکاندا نییە و بەزۆر بەشداری کردووە، بەڵام لانیکەم نایەوێت دژایەتی هەندێک پرس و بابەت بکات کە ببێت بە خاڵێک لەسەری و بارزانی، بەم سەردانەی پێمان دەڵێت لە ڕابردوودا هەندێک هەڵەمان کردووە و جارێکی دیکە ئەو هەڵانە ناکەینەوە.
* پێتان وایە بارزانی و بەرپرسانی بەغداد، لەسەر ئەوپرسانەی کە لەنێوان هەردولاداهەیە، لەوانە پرسی بودجە و هەڵبژاردن و شەنگال و پرسی نەوت و گاز، بگەن بە ڕێکەوتنێک، لە کاتێکدا ئێمە دەزانین لەماوەکانی ڕابردودا چەندین جاری دیکە بەرپرسانی هەرێم سەردانی بەغدادیان کردووە، بەڵام هیچ دەرئەنجامێکی نەبووە؟
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد:" پێموانییە ئیدی بارزانی، ئەو کاراکتەرەبێت کە هەموو ڕێکەوتنێکی هەرێمی لەلابێت، بۆنمونە پرسی شەنگالە، لە چەند ڕۆژی ڕابردودا پارتی ڕەخنەی هەبو لەوەی کە چەند پۆستێکیان لەشەنگال لەدەستداوە، پرسی نەوتە ئەویش دادگای پاریس، ڕایگرتووە و بۆ پرسی غازیش، دروشمێکی "بافڵ جەلال تاڵەبانی" هەیە کە دەڵێت: مەگەر بەسەر ڕۆحی ئەودا غاز بڕوات کەئەوەش زەحمەتە کەواتە ئەوەی دەمێنێتەوە پرسی بودجە و مووچەی هێزە ئەمنییەکانە کە کێشەی بەشێکی زۆریان چارەسەرکراوە و ئەوەی ماوەتەوە کێشەی ئەو هێزە نافەرمیانەن کە لەبەشەکانی باکور و خۆرئاوای کوردستانەوە هاتوونەتە هەولێر و ژێردەسەڵاتی پارتی و بەشێوەی شاراوەی لەناو هێزەکانی پێشمەرگەدا مووچەیان وەرگرتووە، جگە لەوە بەدڵنیاییەوەسەردانەکەی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، هیچ دەرئەنجامێکی دڵخۆشکەری نابێت
تێبينيێك بنێرە: