ئایا ئیمارات و تورکیا لە سەر ئەسەد ڕێکەوتوون؟

(0) / / ڕاپۆرت / ڕووسیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئیمارات تورکیا بەشار ئەسەد


Feb 12, 2023

قەبارەی فۆنت:
ڕێکەوتنێک لە نێوان تورکیا، ئیمارات و ڕووسیا کراوە و دەتوانین بە شەرعییەتدان بە بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریا ناوی ببەین و دانپێدادانی دووبارە بە ناوبراو یەکێکە لە بڕگەکانی ئەو ڕێکەوتنە. هەر دوو حکومەتی ئەنکەرە و ئەبوزەبی پاش دەستپێکردنی شەپۆلی بەهاری عەرەبی هەڵوێستی دژ بە یەکیان هەبوو کە مەترسی شەڕ و پێکدادانیشی لێکەوتەوە. ناکۆکییەکانی ئەوان جوگرافیایەکی بەربڵاوی دەگرتەوە کە سەرەتاکەی لە تورکیاوە بوو و دەگەیشتە سوریا، میسر، لیبیا، تونس، قەتەر و ئێران. پرسی سوریا بە وردەکارییەکانیەوە ناکۆکییەکی زۆری خستبووە نێوان هەر سێ وڵاتی تورکیا، ئیمارات و ڕووسیا. لە کاتێکدا کە تورکیا سەرەتا پاڵپشتیی لە نەیارانی حکومەتەکەی ئەسەد دەکرد و بە لایەنێکی سەرەکی بۆ ڕووخانی دەسەڵاتی ناوبراو هەژمار دەکرا، ئیمارات چەشنێک لە هاوسەنگیی لە نێوان چەندین لایەنی نەیاری حکومەتی سوریا و پاڵپشتی دارایی لە حکومەت و پێشوازی لە کەسایەتییە دیارەکانی دەسەڵاتی دیمەشق دابین کردبوو، ڕووسیاش لایەنێک بوو کە لە سەرەتاوە پاڵپشتیی لە دەسەڵاتەکەی بەشار ئەسەد دەکرد و تا ئێستاش هەوڵی مانەوەی داوە. ئێستا حکومەتی تورکیا بەرەو ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لە گەڵ سوریا هەنگاو دەنێت و کۆبوونەوەی بەشار ئەسەد و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارانی هەر دوو وڵاتیش لوتکەی دەبێت و ڕەنگە ئەو کۆبوونەوەش لە مۆسکۆ بکرێت. پێدەچێت دوو هۆکار لەم گۆڕانکارییەدا ڕۆڵیان هەبێت. یەکەم، وەڵامدانەوەی دژایەتیکردنەکەی ئەمریکا بۆ هێرشی سەربازی تورکیا و لادانی پەکەکە لە سنورەکانی سوریا و تورکیا. دووەم، دانوستان لە گەڵ دیمەشق بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی سوریا کە ئەمەش وەڵامێکە بۆ نەیارانی حکومەتەکەی ئەسەد. پێشبینی دەکرێت کە ئەنکەرە دەستی بە هەموارکردنەوەی ڕێکەوتنی ئەدەنە لە گەڵ حکومەتی سوریا بگات کە موڵەتی هاتنە ناوەوەی سوریا تا قووڵایی 35 کیلۆمەتری دەدات، ئەگەر هەڕەشەیەک لە سەر ئاسایشی نیشتمانیی ببێت. لە هەر حاڵەتێکدا، ئەم قۆناغە پیشاندەری گۆڕانکارییەکی گرنگە لە ناکۆکییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان و پێشبینی ئەگەری کاردانەوەکانی ئەمریکا، ئێران و ئیسرائیل چاوەڕوانکراو دەبێت. سەرچاوە: القدس العربی