کاریگەرییەکانی بومەلەرزەکەی تورکیا لە سەر داهاتووی ئەردۆغان

(0) / / ڕاپۆرت / تورکیا ئەردۆغان


Feb 15, 2023

قەبارەی فۆنت:
بەشێکی زۆر لە شارەزایان بومەلەرزەکەی تورکیا بە کۆتایی دەسەڵاتی ئەردۆغان و پارتی داد و گەشەپێدان دەزانن، سەرەڕای ئەمەش ئەردۆغان بە هەموو شێوازێک لە ڕێگای هاوپەیمانە دەوڵەمەندەکانی ناوچەکە و پاڵپشتی ڕێکخراوی ناتۆ هەوڵ دەدات بەشێک لە زیانەکانی ئێستا قەرەبوو بکاتەوە.
بەرەبەیانی 6 ی شوبات ی 2023 بومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی 7.8 پلەی ڕێختەر ناوچە سنورییەکانی تورکیا و سوریای هەژاند و قوربانی و زیانێکی زۆری لێکەوتەوە.
بە پێی دوایین ئاماری بڵاوکراوەی حکومەتی تورکیا تا ڕۆژی سێ شەممە 14 ی شوبات، زیاتر لە 35 هەزار کەس بە هۆی ئەو بومەلەرزەوە گیانیان لە دەستداوە و ئەم ئامارەش بە پێی بەردەوامی گەڕان و پشکنینەکان زیاتر بەرز دەبێتەوە.
بومەلەرزەکە هەروەها زیانێکی گەورەی بە ژێرخانی ئابوری تورکیا گەیاندووە، ئەو زیانەی کە بەشێکی ڕەنگە لە کورت ماوەدا قەرەبوو نەکرێتەوە.
کاریگەرییە ئابورییەکانی بومەلەرزەکەی تورکیا
لە ساڵی 2022 بەهای لیر لە بەرامبەر دۆلار لە سەدا 30 دابەزی، ئەگەرچی ئەمەش دەتوانێت قەیرانێکی ئابوری بە دوای خۆیدا بێنێت بەڵام لە بەرامبەر کاریگەرییەکانی پاش بومەلەرزەکە هێندە بەرچاو نییە.
لە هەمان ساتە سەرەتاییەکانی بومەلەرزەکەی تورکیا، بەهای لیر دیسانەوە دابەزی و بۆرسەی ئەو وڵاتەش بە هەمان شێوە پشکەکانی ڕووی لە دابەزین کرد.
بومەلەرزەکە زیانێکی زۆری بە بینا و باڵەخانەکان، فڕۆکەخانەکان، بەندەرەکان، هێڵەکانی گواستنەوەی نەوت و غاز گەیاندووە. نزیکەی 7 هەزار بینا لە 10 پارێزگای تورکیا ڕووخاون، ئەو پارێزگایانەی کە لە ڕووی وەبەرهێنان و پیشەسازییەوە گرنگییەکی زۆریان لە تورکیادا هەیە و لە سەدا 9.3 ی وەبەرهێنانی ناوخۆیی تورکیایان لە خۆ گرتووە.
بە پێی خەمڵاندنە سەرەتاییەکان نزیکەی 150 کارگەی گەورە بە هۆی بومەلەرزەکەی تورکیاوە ڕووخاون، ئەمەش لە گەڵ ڕووخان و لەناوچوونی بەشێک لە فڕۆکەخانەکان و بەندەرەکانی ئەو پارێزگایانە و هەروەها ڕێگاوبانەکان، بە واتای لەناوچوونی بەشێکی بەرچاو لە ژێرخانەکانی وڵاتی تورکیایە کە تەنانەت سەرەڕای هاوکاری یەک ملیار و 780 ملیۆن دۆلاریی بانکی جیهانی و هەروەها هاوکاری هاوپەیمانەکانی وەک قەتەر، بونیادنانەوە و نۆژەنکردنەوەیان کات و تێچوویەکی زۆری دەوێت و کورتهێنانی بودجەی تورکیا لە چەند مانگی داهاتوودا کێشە دەخاتە بەردەم حکومەتی ئەو وڵاتە.
پاش قەیرانی ئۆکراینا، تورکیا وەک ڕێگای جێگرەوە بۆ گواستنەوەی وزە بۆ ئەورووپا هەژمار دەکرا کە پێدەچێت ئێستا ئەم ڕۆڵەی لە دەست دابێت.
زیانە مرۆییەکان، بریندارەکان و ئاوارەکان بە قەیرانێکی دیکەی تورکیا دادەنرێن و تێچوویەکی زۆر و گوشارێکی کەم وێنەیان خستووەتە سەر کەرتی تەندرووستی ئەو وڵاتە.
تورکیا لە کورت ماوەدا لە داهاتەکانی کەرتی گەشتیاری بێبەش دەبێت و ئەمەش بە پێی ڕێژەی بەرزی هەڵئاوسانی پێشوو، گوشارێکی زۆری ئابوری لە سەر ئەو وڵاتە دادەنێت.
لە لایەکی دیکەوە، نەیارانی حکومەت دەڵێن کە پلانە ئابورییەکانی پارتی داد و گەشەپێدان، توانای ئابوریی حکومەت بۆ قەرەبووکردنەوەی خێرای زیانەکان سنوردار دەکات.
کاریگەرییە سیاسییەکانی بومەلەرزەکەی تورکیا
بەرەی نەیارانی ئەردۆغان لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوو بڕیار بوو کە لە بەرواری 13 ی شوبات، کاندیدەکانی خۆیان بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنەکان بناسێنن، ڕەنگە ئەمە بە هۆی بومەلەرزەکە و دۆخی ناوخۆیی تورکیاوە بۆ ماوەیەکی زۆر دوا بکەوێت.
کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی تورکیاش لەم بارودۆخە کاریگەری وەردەگرێت، ئەردۆغان پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ویستی ئەوەی هەیە هەڵبژاردنی پێشوەختە لە تورکیا لە 14 ی مانگی ئایار بەڕێوە بچێت.
بە لای هەندێک لە شارەزایانەوە، ئەردۆغان بۆ ئەوە گۆڕانکاریی لە وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکاندا کردووە کە بە پێی دەستووری تورکیا ناتوانێت زیاتر لە دوو خول لە پۆستی سەرۆک کۆماردا بمێنێتەوە، هەر بۆیە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە وەک بێ کاریگەرکردنی ئەو یاسای تورکیا دەبێت بەڵام ئەردۆغان ئەمەی ڕەتکردووەتەوە.
ئەردۆغان پێی وایە کە پاش گشتپرسییەکەی دەستووری تورکیا لە ساڵی 2017، وەرزێکی نوێی سیاسەتی ئەو وڵاتە دەستیپێکردووە و سەرۆک کۆمار لەو کاتەدا بە یەکەم سەرۆک کۆماری وەرزی نوێی سیاسەتی تورکیا هەژمار دەکرێت و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی 2023 دووەم کاندیدبوونی ئەو دەبێت و کێشەی یاسایی نابێت.
پێدەچێت هەڵبژاردنەکانی تورکیا لە وادەی ڕاگەێندراوی ئەردۆغان یان وادە یاساییەکەی بەڕێوە نەچێت، لە بەر ئەوەی کە دۆخی ناوخۆیی تورکیا بۆ بەڕێوەچوونی ئەم پرۆسەیە لەبار نییە و ڕەنگە ئەردۆغان هەڵبژاردنەکان دوا بخات تا دەرفەتێکی باشتری بۆ پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە هەبێت و شانسی خۆی بە هۆی لاوازبوونی لەم قەیرانەدا لە دەست نەدات.
بە پێی مادەی 78 ی دەستووری تورکیا، ئەگەر بە هۆی شەڕەوە دەرفەتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان نەبێت، پەرلەمان دەتوانێت بۆ ماوەی یەک ساڵ پرۆسەکە دوا بخات.
بەشێک لە شارەزایانی یاسایی ڕایانگەیاندووە کە وشەی شەڕ لەو مادە دەستوورییەدا هاتووە و موڵەتی ئەوە بە پەرلەمان نادات کە پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی تورکیا دوا بخات بەڵام هەندێکیش باس لەوە دەکەن کە ڕاگەیاندنی باری نائاسایی لە ناوچە زیانلێکەوتووەکان لە لایەن ئەردۆغانەوە هەوڵێکە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەکان.
ئەنجام
حکومەتەکەی ئەردۆغان کارنامەیەکی ئەوتۆی لە ئیدارەدانی قەیرانەکاندا نییە، هەڵئاوسانی ساڵانی ڕابردووی تورکیا بە هیچ پلانێکی ئابوریی پارتی داد و گەشەپێدان کۆنتڕۆڵ نەکرا، سەبارەت بە ڕووداوە سرووشتییەکانیش خەڵک کارنامەی حکومەت بە لاواز دەبینن، بە تایبەت لە کۆنتڕۆڵنەکردنی خێرای ئاگرکەوتنەوەکەی ساڵی 2021 ی تورکیا.
بەم هۆکارانەوە هەندێک دەڵێن بومەلەرزەکەی 6 ی شوبات کۆتایی حکومەتەکەی ئاکەپە و ئەردۆغانی هێناوەتە پێشەوە، بەڵام ئەردۆغان دەیەوێت پشت بە هاوپەیمانە دەوڵەمەندەکانی وەک قەتەر ببەستێت تا خۆی و پارتەکەی ڕزگار بکات.
ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی ناتۆش ڕایگەیاندووە کە وڵاتانی ئەندام دەیانەوێت هاوکاری تورکیا بکەن. دەبێت چاوەڕوان بین تا بزانین ئەردۆغان لە دژوارترین ئەزموونی سەردەمی سەرۆکایەتی خۆی ڕزگار دەبێت یان نە./.