شەڕ و پێکدادانەکانی سودان بەردەوامە

(0) / / ئەفریقیا / سودان


Apr 16, 2023

قەبارەی فۆنت:
بە هۆی بەردەوامی شەڕ و پێکدادانەکانی سودانەوە تا ئێستا (یەک شەممە) 56 کەس کوژران و 595 کەسی دیکەش بریندار بوون.
کۆمیتەی ناوەندی پزیشکان لە سودان ڕایگەیاندووە کە ژمارەی قوربانییەکانی شەڕ و پێکدادانەکانی شەممە 15 ی نیسان تا ئێستا بەردەوام ڕوو لە زیادبوون دەکات.
ئەو کۆمیتە ڕایگەیاندووە کە تا ئێستا 56 کەس کوژراون و 595 ی دیکەش بریندار بوون.
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش ڕایگەیاندووە کە بە هۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی سودانەوە لانیکەم سێ ئەندامی سودانیی بەرنامەی جیهانیی خۆراک کوژراون و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون.
شەڕ و پێکدادانەکان بەردەوامە و هێشتا دیار نییە کام لایەن بە سەر ئەوی دیکەدا زاڵ بووە.
ناکۆکییەکانی نێوان هێزەکانی پشتیوانی خێرا بە فەرماندەیی فەریق محەممەد حەمدان دەقلو ناسراو بە حەمیدتی و سوپای سەر بە عەبدولفەتاح بورهان کە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی دەسەڵاتداریی سودان دەکات، هۆکاری ئەم شەڕەتە.
ناکۆکییەکانی نێوان حەمیدتی و بورهان لە سەر ئەوە بووە کە لایەنە سیاسییەکانی سودان لە گەڵ هێزە سەربازییەکانی سەر بە بورهان ڕێکەوتنێکی سیاسییان واژۆ کردووە تا هێزە سەربازییەکان واز لە سیاسەت بێنن و دەسەڵات بە حکومەتێکی مەدەنی ڕادەست بکەن و سەرجەم هێزە سەربازییەکانیش بخرێنە چوارچێوەی سوپاوە و لە ژێر چاودێری حکومەتدا بن و چاکسازی لە پێکهاتەی ئەمنی و سەربازی سوداندا بکرێت./.