ڕەئیسی: ئاستی پەیوەندییەکان لە گەڵ عێراق بەرزتر دەکەینەوە

(0) / / ئاسیا / سەید ئیبراهیم ڕەئیسی


Apr 29, 2023

قەبارەی فۆنت:
سەرۆک کۆماری ئێران وتی: لە بوارەکانی سیاسی، ئابوری، بازرگانی و ڕۆشنبیری پەیوەندییەکی باش لە نێوان ئێران و عێراقدا هەیە و ئیرادەی هەر دوو وڵاتیش پەرەپێدانی پەیوەندییەکانە.
سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران ڕۆژی شەممە 29 ی نیسانی 2023 پاش کۆبوونەوەی لە گەڵ لەتیف ڕەشید سەرۆک کۆماری عێراق، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە تاران، وێڕای بەخێرهاتنی ناوبراو و شاندی یاوەری، وتی کە دانوستانێکی زۆر باش لە نێوان ئێمەدا و لە بوارە جیاجیاکان هەبووە.
ڕەئیسی وتی: لە بوارەکانی سیاسی، ئابوری و بازرگانی و ڕۆشنبیری پەیوەندییەکانی نێوان تاران و بەغدا زۆر باشە و ئیرادەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانیش لە نێوان بەرپرسانی باڵای هەر دوو وڵاتدا هەیە.
ناوبراو وتی: پەیوەندییەکانی نێوان تاران و بەغدا ستراتیژی و جیاوازترە لە پەیوەندی لە گەڵ وڵاتانی دیکە.
سەرۆک کۆماری ئێران وتی کە ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی هەر دوو وڵات زیاترە لە 10 ملیار دۆلار و ئەمەش دەتوانێت بەرزتر ببێتەوە.
ڕەئیسی بە ئاماژە بە واژۆکردنی ڕێکەوتنی ئەمنی لە نێوان ئێران و عێراق، وتی: ئاسایشی عێراق بۆ ئێران زۆر گرنگە و ڕێکەوتنە ئەمنییەکەی نێوان هەر دوو وڵاتیش یارمەتیدەری ناوچەکە دەبێت.
سەرۆک کۆماری ئێران بە ئاماژە بە بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە وتی: بە هەمان ڕێژە کە دانوستان و وتووێژی نێوان وڵاتانی ناوچەکە بە باش دەزانین، بوونی هێزەکانی بێگانە لە ناوچەکە بە خەراپ و تێکدەرانە دەزانین و بە تایبەت بوونی ئەمریکییەکان تێکدەری ئاسایشی ناوچەکەیە.
ناوبراو وتی کە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و وڵاتانی ناوچەکە بە تایبەت عێراق لە سەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەشە بەڵام ئەمریکا تەنیا بیر لە بەرژەوەندییەکانی خۆی دەکاتەوە.
ڕەئیسی وتی: پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و عێراق تەنیا هاوکاری دووقۆڵی نییە بەڵکوو هاوکاری ناوچەیی و نێودەوڵەتی لە خۆ دەگرێت.
سەرۆک کۆماری ئێران هیوای ئەوەی خواست کە سەردانەکەی سەرۆک کۆماری عێراق بۆ تاران خاڵێکی وەرچەرخان لە پێناو بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو وڵات بێت./.