کامیل مەحمود: ئەمریکا بۆ پیلانگێڕی لە دژی وڵاتانی دراوسێ هەوڵی مانەوەی هێزەکانی لە عێراق دەدات

(0) / / چاوپێكەوتن / مستەفا کازمی


Apr 08, 2021

قەبارەی فۆنت:

شرۆڤەکارێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە ئەمریکا بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی لە عێراق چاوی بڕیوەتە ناڕەزایەتییەکانی خەڵک و ئەوانەی کە لە دژی قەیرانی دارایی و بێ خزمەتگوزاری و گەندەڵی دەڕژێنە سەر شەقامەکان.

کامیل مەحمود سەبارەت بە گەڕی سێهەمی وتووێژی ستراتیژی عێراق و ئەمریکا وتی: وتووێژەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا پێداچوونەوەیە بە سەر پەیوەندییەکانی هەر دوو وڵات لە سێ بواری سیاسی، ئابوری و ئەمنی و واشنتن هیچ نیازێکی ڕاستەقینەی بۆ کشانەوەی هێزەکانی لە عێراقدا نییە، ئەگەر بانگەشەی کشانەوەی بەشێک لە هێزەکانیشی کردووە، بە هەر پاساوێک ژمارەیەکی زیاتریشی هێناوەتەوە عێراق.

ناوبراو وتی: بە هۆی هێرش و پەلاماری سەر هێزەکانی ئەمریکا کە ناوە ناوە لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق ڕوو دەدات، لە ڕووی مەیدانییەوە گوشارێکی زۆر لە سەر ئیدارەی واشنتنە بەڵام هێشتا هەنگاوێکی جیدی لەو وڵاتە نەبینراوە. ئەمریکا مانەوەی هێزەکانی کردووەتە ئامرازی بەدیهاتنی سیاسەتەکانی لە ناوچەکە بە تایبەت سیخوڕی بە سەر وڵاتانی وەک ئێران و سوریا و تەنانەت تورکیاش.

ئەم شرۆڤەکارە سیاسییە لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە هەڵوێستی لایەنە کوردییەکان لە سەر مانەوە یان کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، وتی: حکومەتی هەرێمی کوردستان کە زیاتر وەک پارتی دیمۆکرات و یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەناسرێت هەڵوێستیان لە سەر مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق ئاشکرایە. دەسەڵاتی کوردی پەیوەندییەکی پتەویان لە گەڵ ئەمریکا هەیە و پێیان وایە کە مانەوەی هێزەکانی ئەو وڵاتە لە عێراق بەرژەوەندییەکانی کورد دەستەبەر دەکات.

کامیل مەحمود سەبارەت بە پلانی ئەمریکا بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراقیش وتی: ئەمریکا هەوڵی جێگرەوەیەک بۆ ئەو هێزانە دەدات کە سەردەمێک بە ناوی ئۆپۆزسیۆنەوە دژی سەدام چالاکییان کردووە و ئێستا زیاتر لە حکومەتی تارانەوە نزیکن، بۆ ئەمەش کەڵک لە ناڕەزایەتییە ناوخۆیی و جەماوەرییەکانی عێراق دەگرێت، بە تایبەت ئەو خەڵکەی کە دژی قەیرانی دارایی و گەندەڵی ناڕەزایەتییان دەربڕیوە. ئەمریکا تا ڕادەیەک لەم بوارەدا هیوای بە مستەفا کازمی هەبوو بەڵام ئەویش لەوەدا سەرکەوتوو نەبوو کە داواکارییەکانی شەقام جێبەجێ بکات و خۆی بکاتە ئەو بەدیلەی کە متمانەی عێراقییەکان لە هەڵبژاردنەکانی مانگی ئۆکتۆبەر بە دەست بێنێت.

وتیشی کە ئەمریکا پێی وایە کە لەو ناڕەزایەتییانەدا هێزێکی نوێ دەردەکەوێت و کاریگەریی لە سەر هەڵبژاردنەکانی داهاتوو دەبێت، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ پاراستنی هەژموونی ئەمریکا بە تایبەت پاڵپشتی لە مانەوەی هێزەکانی ئەو وڵاتە لە عێراق.