هەر دوو لایەنی شەڕی سودان ڕاگەێندراوێکیان بە بێ بەڵێنی ئاگربەست واژۆ کرد

(0) / / ئەفریقیا / سودان


May 12, 2023

قەبارەی فۆنت:
نوێنەرانی سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا پاش ئەوەی بە چاودێری سعوودیە و ئەمریکا دانوستانیان کرد، ڕاگەێندراوی جەدەیان لە پێناو پابەندبوون بە پاراستنی گیانی کەسانی سڤیل و هەروەها پاراستنی سەروەری و یەکپارچەیی ئەو وڵاتە واژۆ کرد.
لەو ڕاگەێندراوەدا هەر دوو لایەنی شەڕی سودان، بەرژەوەندییەکانی گەل و وڵاتی خۆیان لە سەروی هەمووانەوە ناو بردووە و جەختیان لە سەر پاراستنی کەسانی سڤیل و ئاسانکاری بۆ هاتووچۆی ئەوان بەرەو ناوچەکانی دیکە و ڕێگری لە زیانگەیاندن بە سەروەت و سامانی خەڵک کردووەتەوە.
هەروەها لە ڕاگەێندراوەکەی جەدە دا ئەوە هاتووە کە دوو لایەنی شەڕی سودان پابەندی خۆیان بۆ پاراستنی ژێرخانی مەدەنی لە کەرتی تایبەت و حکومی بە تایبەت نەخۆشخانەکان، ئاو، کارەبا و ڕێگری لە هەر دەستبەسەرکردنێک و بەکارهێنانی خەڵک وەک قەڵغانی مرۆیی دووپات کردووەتەوە.
بەرپرسێکی ئەمریکی ڕایگەیاندووە کە ئەو ڕێکەوتنە وەک ئاگربەست نییە بەڵام هەنگاوێک لەم پێناوەدا دەبێت.
ڕاشیگەیاندووە کە سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا ئامادەی ئاگربەست نین.
دانوستانەکانی جەدە لە نێوان هەر دوو لایەنی شەڕی سودان بە ئامانجی دەرکردنی سەرجەم هێزە سەربازییەکان لە نەخۆشخانەکان و هەوڵدان بۆ ناشتنی تەرمەکان و موڵەتی گەیشتنی هاوکارییە مرۆڤدۆستانەکان و دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی وەک ئاو و کارەبا بووە.
شەڕ و پێکدادانی نێوان هێزەکانی سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە 15 ی نیسانی 2023 ەوە دەستیپێکردووە و تا ئێستا سەدان کوژراو و برینداری لە هەر دوو لا لێکەوتووەتەوە و هەروەها ئاوارەبوونی 700 هەزار کەسی لە ناوخۆی سودان و پەنابردنی 150 هەزار کەسی دیکە بۆ وڵاتانی دراوسێ بە دواوە بووە./.