پەیوەندییەکانی سعوودیە و سوریا ڕوبەڕوی چ ئاستەنگێک دەبێتەوە؟

(0) / / وتار / سعوودیە سوریا


May 16, 2023

قەبارەی فۆنت:
دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سعوودیە و سوریا بەرژەوەندی گرنگی بۆ هەر دوو وڵات بە دواوە دەبێت بەڵام لە بەرامبەر ئەمەشدا چەندین بەربەست و کێشەی جیدی دەبینرێت.
بڕیاری ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سعوودیە و سوریا بە پێی ئەوەی کە ڕیاز پێگەیەکی تایبەت لە نێو وڵاتانی عەرەبی و لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا هەیە، گرنگییەکی زۆری هەیە.
چاودێرانی سیاسی جەخت لەوە دەکەنەوە کە بڕیاری گەڕانەوەی سوریا بۆ کۆمکاری عەرەبی ڕەنگە کاریگەریی لە سەر گوشارەکان بۆ گەیشتن بە چارەسەری سیاسی قەیرانی ئەم وڵاتە و دابینکردنی هەلومەرجی گونجاو و ئاسایشی گەڕانەوەی پەنابەرەکان و ئاوارەکانی سوریا هەبێت.
دەستپێکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان
بڕیارەکەی ڕیاز و دیمەشق بۆ دەستپێکردنەوەی چالاکی شاندە دیپلۆماسییەکانی خۆیان، جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەر دوو وڵات لە پاش 12 ساڵ پچڕانی پەیوەندییەکان گرنگی بە نزیکبوونەوە لە یەکتر دەدەن.
وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە لە 9 ی ئایاری 2023 لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە بڕیاری دەستپێکردنەوەی چالاکی شاندە دیپلۆماسییەکان لە گەڵ سوریا بە پێی پەیوەندی برایانەی نێوان هەر دوو وڵات و لە پێناو گرنگیدان بە گەشەی هاوکارییە هاوبەشەکانی وڵاتانی عەرەبی و پتەوکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە دەرکراوە.
هەروەها سەرچاوەیەکیش لە وەزارەتی دەرەوەی سوریا ڕایگەیاندووە کە بڕیارەکەی دیمەشق بۆ دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ سعوودیە، بە پێی پەیوەندی نێوان هەر دوو وڵات و لە پێناو ئامانجە هاوبەشەکان و خزمەت بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی وڵاتانی عەرەبی گیراوەتەبەر.
چالاکی شاندە دیپلۆماسییەکانی سعوودیە و سوریا، دوو ڕۆژ لە پاش بڕیاری کۆمکاری عەرەبی بۆ گەڕانەوەی سوریا بۆ کورسییەکەی خۆی بووە.
بەرژەوەندی و بەربەستەکان
گەڕانەوەی پەیوەندییەکانی سعوودیە و سوریا، بەرژەوەندی گرنگی بۆ هەر دوو وڵات هەیە بەڵام لە گەڵ ئەمەش چەندین بەربەست و کێشەی لە بەردەمدا دەبینرێت.
هەر دوو لا لە ڕێگای دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیان چاویان بڕیوەتە کۆمەڵە ئامانجێکی ناوخۆیی و دەرەکی.
سعوودیە هەوڵ دەدات کێشە و بەربەستەکانی سەرکردایەتی جیهانی عەرەب نەهێڵێت. هەروەها هەوڵ دەدات بە پێی گۆڕانکارییە نێودەوڵەتییەکان و جۆربەجۆرکردنی بژاردەکانی بۆ هاوسەنگی هێز لە ناوچەکە، گوشار لە سەر ئەمریکا دابنێت و لە لایەکی دیکەوە ڕوبەڕوی بە قاچاخبردنی مادە هۆشبەرەکان لە سوریا ببێتەوە.
لە بەرامبەردا سوریا هەوڵ دەدات خۆی لە پەراوێزکەوتنی نێودەوڵەتی ڕزگار بکات و پێگەی جارانی خۆی لە نێو وڵاتانی عەرەبی بە دەست بێنێتەوە. دیمەشق هەروەها هەوڵ دەدات بە پەیوەندی لە گەڵ وڵاتانی عەرەبی و زیاترکردنی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان، پێگەی ئابوریی باشتر بکات.
بەڵام ئەم ڕێگایە بۆ ڕیاز و دیمەشق هێندە ئاسان نییە لە بەر ئەوەی کە هەر دوو وڵات تێڕوانینێکی جیاوازیان لە سەر هەندێک دۆسیە بە تایبەت لە لوبنان هەیە.
پشت بەستنی سوریا بە هاوکارییەکانی ڕووسیا و ئێران یەکێکی دیکە لە بەربەستەکانە. سزاکانی ئەمریکاش بە تایبەت لە بواری ئابوری و بازرگانی کێشە دەخاتە بەردەم سعوودیە و سوریا، ئەمریکا هەر کەس و کۆمپانیایەک کە لە بوارەکانی وزە، ئاسمانی، دارایی و بانکی، بیناسازی و ئەندازیاری لە گەڵ سوریا پەیوەندیی هەبێت، سزا دەدات.
لە گەڵ ئەمەش گرنگترین پەیامی دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ڕیاز و دیمەشق، مانەوەی دەسەڵاتی سوریایە. دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ سعوودیە دەتوانێت گەڕانەوەی سوریا بۆ کۆمکاری عەرەبی، ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی و جیهانی عەرەبی بە گشتی باشتر بکات و ئەمەش پێگەی بەشار ئەسەد بۆ زاڵبوون بە سەر قەیرانی 12 ساڵەی وڵاتەکەی بەهێزتر دەکات./.