کڵیچدار ئۆغلۆ هەڕەشەی دەرکردنی پەنابەران لە تورکیا دەکات

(0) / / ئەورووپا / تورکیا کڵیچدار ئۆغلۆ


May 18, 2023

قەبارەی فۆنت:
کاندیدی هەڵبژاردنەکانی خولی دووەمی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا ڕایگەیاندووە کە لە ئەگەری سەرکەوتنی، کۆتایی بە بوونی دە ملیۆن پەنابەری نایاسایی لەم وڵاتە دێنێت.
کەماڵ کڵیچدار ئۆغلۆ کە کاندیدی پارتەکانی ئۆپۆزسیۆنی تورکیایە بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆمار و لە خولی یەکەمدا لە سەدا 44.89 ی دەنگەکانی بە دەست هێنا، ڕۆژی 28 ی ئایاری 2023 ڕکابەریی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دەکات.
ناوبراو بە توندی ڕەخنەی لە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان گرت و وتی کە لە ماوەی 20 ساڵەی حکومڕانیدا زیاتر لە 10 ملیۆن ئاوارە و پەنابەری نایاسایی لە تورکیا نیشتەجێ کردووە.
کڵیچدار ئۆغلۆ وتی کە لە ئەگەری سەرکەوتنم لە هەڵبژاردنەکانی 28 ی ئایار، پلانی دەرکردنی ئەو 10 ملیۆن ئاوارە و پەنابەرە نایاساییە جێبەجێ دەکەم.
وتیشی کە ئەردۆغان لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆی ئەو پەنابەرانەی لە تورکیا هێشتووەتەوە و ئەگەر سەرکەوتن بە دەست بێنێت ژمارەیان بۆ 20 ملیۆن کەس بەرز دەکاتەوە./.