کورد و سەرکەوتنی ئەردۆغان؛گەشبینی لە عێراق و نیگەرانی لە تورکیا و سوریا

(0) / / ڕاپۆرت / تورکیا سوریا عێراق


May 29, 2023

قەبارەی فۆنت:
لە کاتێکدا کە کوردانی تورکیا و سوریا بە نیگەرانییەوە لە سەرکەوتنی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە خولی دووەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی تورکیا دەڕوانن، لە هەرێمی کوردستان بە تایبەت لە لایەن پارتی دیمۆکراتی کوردستان و یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانەوە پێشوازی لە هەڵبژاردنەوەی ناوبراو کراوە.
خولی دووەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا ڕۆژی 28 ی ئایاری 2023 بە سەرۆکەوتنی دووبارەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کۆتایی هات. ئەم هەڵبژاردنانەی تورکیا کاریگەری ڕاستەوخۆی لە سەر دۆسیەی کوردی لە ناوچەکە دەبێت. کوردانی تورکیا و سوریا چاوەڕوانی هێرشی سەربازی، دەستبەسەرکردنی زیاتر، بۆردومان و تیرۆری ئەندام و سەرکردەکانیان دەکەن بەڵام لە هەرێمی کوردستان، پارتی دیمۆکراتی کوردستان کە حکومەتی هەرێمی لە دەستدایە، چاوەڕوانی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان بە تایبەت دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت دەکات.
پارتی داد و گەشەپێدانی تورکیا کە لە ساڵی 2002 تا ئێستا حوکمی ئەم وڵاتەی کردووە، سەرەتا باسی چارەسەرکردنی دۆسیەی کوردی دەکرد و لە گەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان ڕێکەوتنی ئاشتیی واژۆ کرد کە لە ساڵی 2015 هەڵوەشێندرایەوە و ئاڵۆزییەکانی نێوان هەر دوو لا دەستیپێکردەوە.
نیگەرانیی کوردانی تورکیا
کوردانی تورکیا لە هەڵبژاردنە پەرلەمانی و سەرۆکایەتییەکەی ئەم وڵاتە دەنگیان بە ئۆپۆزسیۆن دا بە هیوای ئەوەی کە پارتی داد و گەشەپێدان لە دەسەڵاتدا نەمێنێت، بەڵام سەرکەوتنی ئاکاپە و ئەردۆغان نیگەرانییەکانی ئەوانی زیاتر کردووە.
ئەو نیگەرانییانەش لە چوار بەشدا باس دەکرێن:
یەکەم: چارەنووسی پارتی دیمۆکراتیکی گەلان یان هەدەپە کە بۆ ڕاگرتنی چالاکییەکانی سکاڵا تۆمار کراوە و سولێمان سویلۆ وەزیری ناوخۆی تورکیا لە چەند ڕۆژی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو کە ئامانجی ئەم حیزبە ژەهراویکردنی دیمۆکراسییە لە تورکیا.
دووەم: چارەنووسی پەکەکە و ئۆجالان کە کوردەکان هەوڵی ئازادکردنی ناوبراو و زیندانییەکانی دیکە دەدەن.
سێهەم: بەردەوامی دەستبەسەرکردنی کەسایەتییە سیاسییەکان و چالاکوانانی کورد.
چوارەم: بەردەوامی پرۆسە سەربازی و ئەمنییەکانی دژ بە لایەنگرانی پەکەکە لە ناوچە کوردنشینەکانی تورکیا.
نیگەرانیی کوردانی سوریا
کوردانی سوریا بەردەوام نیگەرانیی خۆیان لە چالاکییە سەربازییەکانی تورکیا بە تایبەت بۆردومانەکان و تیرۆرکردنی سەرکردە و فەرماندە سەربازییەکانی خۆیان دەربڕیوە.
ئەوان دەڵێن کە ئەردۆغان باس لە هەڵوەشانەوەی ڕێکەوتنی لۆزان دەکات و دەیەوێت چەند ناوچەیەکی سوریا کۆنتڕۆڵ بکات.
دوور نییە کە سەرۆک کۆماری تورکیا پاڵپشتییەکانی بۆ چەند گرووپێکی چەکداری سوریا لە دژی هەسەدە زیاتر بکات.
گەشبینی و پێشوازی لە هەرێمی کوردستان
پارتی دیمۆکراتی کوردستان گەشبینە بە هەڵبژاردنەوەی ئەردۆغان وەک سەرۆک کۆماری تورکیا و چاوەڕوان دەکات ئاستی هاوکاری و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و ئەنکەرە بەرزتر بکاتەوە. یەکێک لە ئامانجەکانی پارتی ئەوەیە کە حکومەتی تورکیا موڵەتی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە ڕێگای بەندەری جەیهانەوە دەربکات.
هەروەها ئەگەری ئەوەش لە ئارادایە کە لە نێوان پارتی یان حکومەتی هەرێم لە گەڵ تورکیا ڕێکەوتنێک بۆ دژایەتی پەکەکە واژۆ بکرێت./.