بەریتانیا بەرپرسێکی ئەمنیی وەک باڵیۆز لە عێراق دەستنیشان کردووە

(0) / / ئەورووپا / بەغدا عێراق


Jun 22, 2023

قەبارەی فۆنت:
بەڕێوەبەری بەشی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم لە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا وەک باڵیۆزی نوێی ئەم وڵاتە لە عێراق دەستنیشان کراوە.
وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا ڕایگەیاندووە کە ستیڤن هیچن وەک باڵیۆزی نوێی ئەم وڵاتە لە عێراق دەستنیشان کراوە.
مارک ڕیچاردسۆن باڵیۆزی ئێستای بەرتانیایە لە بەغدا کە بڕیارە لە مانگی جولای شوێنەکەی بە ستیڤن هیچن پڕ بکرێتەوە.
ستیڤن شارەزایی تەواوی لە زمانی عەرەبی هەیە و لە ساڵانی ڕابردوو زیاتر وەک بەرپرسێکی ئەمنی لە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا ڕۆڵی بینیوە. ناوبراو لە ساڵی 2019 تا ئێستا بەرپرسی بەشی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم بووە، سێ ساڵ پێش ئەوەش بەڕێوەبەری بەشی ئاسایشی نیشتمانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا لە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا بووە.
باڵیۆزی نوێی بەریتانیا هەروەها لە ساڵانی 2009 تا 2012 بەرپرسی تیمی سیاسی ئێران لە بەڕێوەبەرایەتی ڕۆژئاوای ئاسیا و باکوری ئەفریقا لەو وەزارەتە بووە.
ستیڤن کە بۆ یەکەم جارە دەبێتە باڵیۆز، لە ساڵی 1996 تا 2004 لە وەزارەتی بەرگری بەریتانیا بووە و لەوێوە چووەتە وەزارەتی دەرەوە.
ناوبراو لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاندووە کە خۆشحاڵە بە دەستنیشانکردنی وەک باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و ئامادەی زیاترکردنی هاوکارییەکانی نێوان لەندەن و بەغدا دەبێت.