میسرییەکان دژی ئەوەن سیسی بۆ جاری سێهەم ببێتەوە بە سەرۆک کۆمار

(0) / / ئەفریقیا / میسر


Sep 12, 2023

قەبارەی فۆنت:
بزوتنەوەی مەدەنیی دیمۆکراتیکی میسر کە لە 12 حیزب پێکهاتووە، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە ئەم وڵاتە بەرگەی خولی سێهەمی سەرۆکایەتی عەبدولفەتاح سیسی ناگرێت.
ئۆپۆزسیۆنی میسر ڕایگەیاندووە کە گۆڕان بووەتە پێویستییەکی بەپەلەی ئەم وڵاتە و ئەو قەیرانانەی کە لە ئێستادا دەبینرێن، کاریگەرییان لە سەر ژیانی ڕۆژانەی خەڵک درووست کردووە.
بەیاننامەکە جەختیکردووەتەوە کە کەمتەرخەمی لە بەرامبەر ئەم کێشە و قەیرانانە بە واتای سووکایەتییە بە داهاتووی میسر و خەڵکەکەی و ڕاسپاردنی داهاتووی وڵات بە دۆخێکی قورستر و مەترسیدارتر.
هەر 12 حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکەی میسر ڕایانگەیاندووە کە نابێت عەبدولفەتاح سیسی ڕێگاپێدراو بێت بۆ جاری سێهەم ببێتەوە بە سەرۆک کۆمار و ئەمەش قەیرانێکە کە هیچ کات میسر بەرگەی ناگرێت.
بزوتنەوەی مەدەنیی دیمۆکراتیکی میسر لە کۆتایی بەیاننامەکەیدا ڕایگەیاندووە کە هەر گۆڕانکارییەک دەبێت لە ڕێگای هەڵبژاردن و سندۆقەکانی دەنگدان و بە بەشداری بەرچاو و ئازادانەی خەڵک مسۆگەر بکرێت.