بافڵ تاڵەبانی داوایەک لە دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان دەکات

(0) / / كوردستان / بافڵ تاڵه‌بانی‌ عیراق نیشتمانی كوردستان


Oct 26, 2023

قەبارەی فۆنت:
سه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان داوایكرد، هاریكاری و هه‌ماهه‌نگیی نێوان ده‌زگای ئه‌منی و هه‌واڵگرییه‌كان له‌ هه‌رێم و عیراق فراوانتربكرێن، هێزه‌كانی ئۆپه‌راسیۆنی راسپارد به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك رووبه‌ڕووی یاساشكێنان ببنه‌وه‌.
به ‌گوێره‌ی‌ راگه‌یه‌ندراوێكی‌ نووسینگه‌كه‌ی‌، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 26ی‌ تشرینی‌ یه‌كه‌می‌ 2023، بافڵ تاڵه‌بانی، سه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان له‌ سلێمانی سه‌ردانی باره‌گای به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی ده‌زگای ئاسایشی هه‌رێمی كوردستانی كرد و له‌لایه‌ن سه‌رخێڵ كه‌مال، به‌ڕێوه‌به‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئۆپه‌راسیۆنه‌كان، ئه‌فسه‌ران و كارمه‌ندانه‌وه‌ پێشوازی لێكرا.
له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ "له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بافڵ تاڵه‌بانی جگه ‌له‌وه‌ی گوێبیستی راپۆرتێكی گشتگیر بوو له‌باره‌ی هه‌وڵ و چالاكییه‌ به‌رده‌وامه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌ بۆ پاراستنی ئاسایش و سه‌قامگیریی ناوچه‌كه‌، سوپاس و ده‌ستخۆشی ئاڕاسته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ر و هێزه‌كانی ئۆپه‌راسیۆنی ده‌زگای ئاسایشی هه‌رێمی كرد كه‌ هه‌میشه‌ و ماندوونه‌ناسانه‌ له‌ خه‌می ئاسایشی خه‌ڵك و سه‌قامگیریی هه‌رێمدا بوون".
سه‌رۆكی‌ یه‌كێتی‌ بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی ده‌زگای ئاسایش وتی‌: "هه‌وڵه‌كانتان بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر و چالاكییه‌ به‌رده‌وامه‌كانتان له‌پێناو پاراستنی سه‌روماڵی خه‌ڵك و ده‌سته‌به‌ركردنی ژیانێكی سه‌قامگیر مایه‌ی شانازییه‌ و به‌ڕێزه‌وه‌ لێیده‌ڕوانین".
له‌باره‌ی دۆخی ئه‌منی و مه‌ترسیی پاشماوه‌كانی داعش، سه‌رۆكی‌ یه‌كێتی‌ ئاماده‌بووانی له‌ به‌رنامه‌ی نوێ بۆ ئه‌نجامدانی چالاكییه‌ سه‌ربازییه‌كان به‌رچاوڕوونكرد و داوایكرد كه‌ "هاریكاری و هه‌ماهه‌نگیی نێوان ده‌زگای ئه‌منی و هه‌واڵگرییه‌كان له‌ هه‌رێم و عیراق فراوانتربكرێن" و ئه‌م هه‌نگاوه‌شی به‌ "فاكته‌رێكی گرنگی ئارامی و سه‌قامگیری" ناوبرد.
له‌ به‌شێكی تری كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بافڵ تاڵه‌بانی‌ هێزه‌كانی ئۆپه‌راسیۆنی راسپارد كه‌ "پشتبه‌ستوو به‌ یاسا و بڕیاره‌كانی دادگا به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك رووبه‌ڕووی یاساشكێنان ببنه‌وه‌ و دژی هه‌ر هه‌وڵێك بوه‌ستنه‌وه‌ كه‌ ئامانجه‌كه‌ی دروستكردنی مه‌ترسی و تێكدانی ئاسایش بێت".
وتیشی: "ژیان و ئارامیی خه‌ڵك كاری له‌پێشینه‌ی ئێوه‌یه‌ و ده‌بێت هه‌موو هه‌وڵه‌كانتان له‌و پێناوه‌دا بێت، ئێمه‌ش پاڵپشت و پشتیوانتان ده‌بین".