ئایا بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابەش دەکات؟
(0) /
سەرۆک وەزیرانی عێراق وەڵامی فراکسیۆنە کوردییەکانی دایەوە(جگە لە پارتی)، لاریی نییە لە دابەشکردنی ڕاستەوخۆی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم لە لایەن بەغداوە لە ڕێی ھەژماری بانکییەوە.
لە وەڵامی نووسراوێکی سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق کە سەرۆکی فراکسیۆنە کوردییەکانی دیکەش جگە لە پارتی واژۆیان لەسەر کردووە، بۆ دابەشکردنی راستەوخۆی مووچەی فەرمەنبەرانی ھەرێم لەلایەن بەغداوە، نووسینگەی محەمەد شیاع سوودانی لە نووسراوێکدا لاری نەبوونی پیشانداوە و دەڵێت، بۆ ئەو مەبەستە پێویستە هەرێم لیستی موچەخۆران و زانیاری فەرمانبەران بدات بە بەغداد، ئاماژە بەوەش دەکات پێدانی مووچەکە لە بەشە بودجەی هەرێم دەبێت.
پارتی و حکومەتی ھەرێم بە تووندی دژی ئەو ھەوڵە دەوەستنەوەو بە 'لێدان لە قەوارەی ھەرێم' ناوی دەبەن، دابەشکردنی ڕاستەوخۆی مووچەی ھەرێم لەلایەن بەغداوە داواکاریی مامۆستاو فەرمانبەرانی ناڕازیشە لە سلێمانی و ھەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین کە زیاتر لە دوو مانگە بایکۆت و خۆپیشاندان دەکەن بۆ مووچەکانیان.
لە ٢-١٠-٢٠٢٣ یاداشتێك لەلایەن سروە عەبدولواحید سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ بە واژۆی سەرۆکی فراکسیۆنەکانی یەکێتی، یەکگرتوو، کۆمەڵ و زیاتر لە ١٠٠ پەرلەمانتار ئاڕاستەی سوودانی کرا بۆ ئەو مەبەستە.
لە یاداشتەكەدا داوا كراوە "هاوشێوەی فەرمانبەرانی فیدراڵی، مامەڵە لەگەڵ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بكرێت. ڕاستەوخۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم خەرج بكرێت، بەپێی میكانیزمێكی گونجاوی یاسایی و خێرا كە بتوانرێت جێبەجێ بكرێت". پێشنیار كراوە كارتی ئەلیكترۆنی بە فەرمانبەرانی هەرێم بدرێت و ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی بانكەكانی عێراق كە نووسینگەیان لە هەرێمی كوردستان هەیە، مووچەكانیان بخرێتە سەر هەژمارەكانیان.
تێبينيێك بنێرە: