کێ میدیای کردووە بە زبڵخانە؟

(0) / / وتار / میدیای کوردی


Apr 23, 2021

قەبارەی فۆنت:

هەژار سدیق

لەسەرەتای ئەمساڵەوە، بۆ ماوەی سێ مانگ، وەك خوێندەوارێکی سادەی ئەم هەرێمە، کە پڕبووە لەجنێودان و هەوڵی شکاندنی کەسایەتی مرۆڤ و ناشیرینکردنی مرۆڤایەتی، ڕۆژانە بۆ ماوەی دوو سعات، سەردانی پەیج و ئەکاونتی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی وڵاتانی ئوردن و ئێران و لوبنان و ئیسرائیل و میسر و مۆڕاکۆ(مەغریب)م کردووە. جگە لەخوێندنەوەی بابەت و بڵاوکراوەکانیان، کۆمێنتەکانیشم دەخوێندەوە، هەست و ئاستی ڕوناکبیری خەڵکی ئەم وڵاتانەم بەراورد کرد، بەهەرێمی کوردستان و تورکیا، تووشی شۆك بووم، جگە لەتۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی تورکیاو هەرێمی کوردستان، خەڵکی هیچ کام لەم وڵاتانەی ناوم هێناون، جنێو نادەن و تەشهیر بەکەسی خۆیان و خەڵکی دیکەش ناکەن.

لەنوسینی کۆمێنتەکانیان خەڵکی ئوردن و ئێران و لوبنان و ئیسرائیل و میسرو مۆڕاکۆ، پڕاوپڕن لەڕێزو ئەدەب، لەدەربڕینی هەستەکانیشیان، گوڵ و عەتر، لەدەم و زمانیان دەبارێت. هەرچەندە ئەوە کاری من نیە، توێژینەوە لەسەر هۆکاری پەیدابوونی ئەم زمانە زبلخانەیەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و هەندێ بەناو میدیای کوردی بکەم، بەڵکو ئەمە کاری زانکۆکانی کوردستانە، ئەگەر زانکۆمان هەبێت!!! بێگومان هەوڵی ڕاگرتن و بنبڕکردنی ئەم زمان و ڕەوشتە ئاست نزمەی کە ئێستا هەموو کوردەواری ناشیرینکردووە، زۆر ئاسانە، بەڵام پێویستی بەژن و پیاوی ئەکادیمی ئازاو ڕاستگۆی نێو کوردەواری هەیە، سەرەتا پێویستە لە ڕۆژنامەو گۆڤارەکانی دەستپێکی میدیای کوردی و ئەدەبیاتی شۆڕشەکانەوە دەست پێبکەن و ئەو جنێوفرۆش و تەشهیرچیانە ئاشکرا بکەن، کەبەیاننامەی حیزبەکانیان نوسیووەو یاخود لەجیاتی هەواڵنامە، جنێونامەیان لەڕادیۆکانەوە پەخش دەکرد، دوای ئەوەش زۆر ئاسان دەبێت، لەڕێگەی قانونەوە، جنێو فرۆشەکانی ئێستا ڕابگیرێن و دەمکوت بکرێن ، هەروەها ڕووە جوانەکەی کومەڵگەی کوردەواری، لەم هەستە ناشیرینە پاك بکەینەوە./.