خانمی یەکەم و باڵیۆزی ژاپۆن کردنەوەى سەنتەرى چارەسەر و راهێنانەوەى ئالودەبوانی ماددە هۆشبەرەکان تاووتوێدەکەن

(0) / / فایلی تایبەت / ڕوانگە


Mar 23, 2024

قەبارەی فۆنت:
ڕوانگە - خانمی یەکەم شاناز ئیبراهیم ئەحمەد لە نوسینگەی خۆی لە سلێمانی پێشوازیکرد لە بەڕێز فوتۆشی ماتسومۆتۆ باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق. لەمیانی ئەو دیدارەدا، کە ئەمڕۆ شەممە 23-3-2024 بەئامادەبونی د.بڕیار رەشید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بەڕێوەچو، میکانیزمی هەماهەنگی هاوبەش و هەوڵەکانی حکومەتى ژاپۆن و بەشدارییەکانی لەبوارى مرۆییدا تاووتوێکران. خانمی یەکەم جەختیکردەوە، عێراقییەکان بە پەرۆشن بۆ بەدەستهێنانی خزمەتگوزاریى تەندروستی و پەروەردە و فێرکردن، سەربارى بنیاتنانی ژێرخانی ئابووری. خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد ئاماژەى بەپێویستی بەردەوامبوونی هەوڵە مرۆییەکانى رێکخراو و ئاژانسە ژاپۆنییەکان کرد بەتایبەت کە عێراق پێشتر روبەڕوى پەلامارە تیرۆریستییەکان بۆتەوە و ئەوەش هەزاران قوربانی و خێزانی ئاوارە و پەنابەر و دەستدرێژى بۆسەر مرۆڤ و شوێنەوار و شارستانێتی لێکەوتەوە. ئەوەشى خستەڕو، کە چارەسەرى ئەو لێکەوتانە پێویستی بەپشتیوانی نێودەوڵەتی هەیە. خانمی یەکەم ستایشی هەوڵەکانی حکومەتى ژاپۆنی کرد بۆ پشتیوانیکردنی عێراق لەبواری مرۆییدا، هەروەها گرنگی پشتیوانی ژاپۆنی بۆ بنیاتنان و کردنەوەى سەنتەرى تایبەت بەچارەسەر و دوبارە راهێنانەوەى ئالودەبوانی ماددە هۆشبەرەکان لەپێناو سنوردارکردنی بڵاوبونەوەى ئەم بەڵا مەترسیدارە بۆ کۆمەڵگە، دوپاتکردەوە. هەر لەدیدارەکەدا، تاووتوێى شێوازی پەرەپێدانی پەیوەندییە رۆشنبیری و کولتورى و پەروەردەیی و تەندروستییەکان کرا، سەربارى پێشکەشکردنی پشتیوانی بۆ پەنابەر و ئاوارەکان بۆ کارئاسانیکردن لە گەڕانەوەیان بۆ ناوچەکانی خۆیان. لاى خۆیەوە، باڵیۆزی ژاپۆن کورتەباسێکی پێشکەشى خانمی یەکەم کرد لەبارەى ئەو پرۆژانەى وڵاتەکەى ئەنجامی داوە لەبوارەکانی پەروەردە و فێرکردن، سەربارى بەشدارییەکانی لە چارەسەرى گرفتى ئاوی خواردنەوە و باشترکردنی دۆخی کارەبا و هەر هەوڵێک، کە ببێتەمایەى بەهێزکردنی هەماهەنگی نێوان هەردوو وڵات.