سەرۆك کۆمار پێشوازی لە سەرۆك و نوێنەرانی نێردە دیپلۆماسییەکانی عەرەبی و ئیسلامی دەکات

(0) / / فایلی تایبەت / ڕوانگه


Mar 26, 2024

قەبارەی فۆنت:
ڕوانگه - سەرۆك کۆمار رۆژی دووشەممە 25-3-2024 لە کۆشکی سەلام لە بەغداد پێشوازیکرد لە سەرۆك و نوێنەرانی نێردە دیپلۆماسییەکانی عەرەبی و ئیسلامی لە عێراق. لە سەرەتای دیدارەکەدا، سەرۆك کۆمار بەخێرهاتنی باڵیۆزەکانی کرد و بەبۆنەی مانگی رەمەزانەوە پیرۆزبایی لێکردن، هەروەها هیوای سەرکەوتن بۆ خۆیان و ئارامی و ئاسایشی بۆ گەلان و وڵاتەکانیان خواست. سەرۆك کۆمار پێزانینی خۆی بۆ هەوڵی باڵیۆزەکان دەربڕی، کە کاردەکەن بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان و پەرەپێدان و پێشخستنی رێگاکانی هاریکاری و هەماهەنگی لەنێوان عێراق و وڵاتەکانیان لە ژێر رۆشنایی پەرۆشی هاوبەش بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندی و خواستە هاوبەشەکان. هەروەها سەرۆك کۆمار دوپاتیکردەوە، عێراق رۆڵی سەرەکی و کاریگەری خۆی لە ناوچەکەدا بەدەستهێناوەتەوە ئەویش لەڕێگەی لێکنزیککردنەوەی تێڕوانینی نێوان وڵاتانی برا و دۆست و هەوڵەکانی بۆ بەرقەرارکردنی ئاسایش و سەقامگیری و ئاشتی لەسەرئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی، سەرەڕای پاڵپشتیکردنی لە دامەزراندنی پرۆژەکانی ئابوری و بازرگانی هاوبەش، کە سود بە ناوچەکە دەگەیەنن. د.لەتیف جەمال رەشید سەرۆك کۆمار ئاماژەی بەوەدا، عێراق ژینگەیەکی گرنگی وەبەرهێنانی هەیە، لەم چوارچێوەیەشدا باسی لە هەنگاوەکانی حکومەت کرد بۆ پاڵپشتیکردنی وەبەرهێنان و کەرتی تایبەت. سەبارەت به پێشهاتەکانی ناوچەکەش، سەرۆك کۆمار جەختی لەسەر پێویستی راگرتنی دەستدرێژییەکان بۆسەر غەززه و کارکردن بۆ رزگارکردنی گەلی فەڵەستین کردەوە، که لەبەردەم قێزەونترین تاوانەکانی دژ به مرۆڤایەتیدایە. هەروەك دوپاتیکردەوه، ئاسایش و سەقامگیری لەناوچەکەدا بەدی نایەت ئەگەر مافی تەواو بە گەلی فەڵەستین نەدرێت و دەوڵەتەکەی لەسەر خاکی خۆی دانەمەزرێت. لای خۆیشیانەوە باڵیۆزەکان پاڵپشتی وڵاتەکانیان بۆ هەوڵەکانی عێراق لەپێناو بەرقەرارکردنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوخۆیی و رۆڵی گرنگی لە ناوچەکەدا دەربڕی و جەختیان لە خواستی وڵاتەکانیان کردەوە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان و هاریکاری لەگەڵ عێراق لە بوارە جیاجیاکاندا.