دەبێت هەرێم پابەندبێت بە دەستوری عێراقەوە

(0) / / چاوپێكەوتن / ڕوانگه


Mar 26, 2024

قەبارەی فۆنت:
ڕوانگە ـ چاودێرێکی سیاسی ئاماژە بەوەدەکات: تاڕادەیەکی باش ڕێگەچارەی گونجاو بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی نێوان هەولێر وبەغداد دۆزراوەتەوە، بەڵام بۆ کۆتایهێنانی یەکجارەکی بەکێشەکان پێویستی بە گفتوگۆ و دانوستانی زیاتر هەیە. بورهان شێخ ڕەئوف، چاودێری سیاسی ڕایگەیاند: لەئێستادا هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی عێراق، لە کێشە و قەیرانێکی گەورەدان هەرچەندە کێشەکان لەڕووی سیاسییەوە چارەسەریان بۆ دۆزراوەتەوە ئەوەش پاش دەرکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیی عێراق بەتایبەت لەسەر پرسی مووچە و هەوڵدان بۆ بەنیشتیمانی کردنی مووچەی فەرمانبەران، بەڵام لەکاتی جێبەجێکردندا کێشە دروستبووە و هەندێک کۆسپ و تەگەرە هاتووەتە بەردەم و ئەوەش پێویستی بە دانوستان و گفتوگۆی زیاتر هەیە لەنێوان هەردوولادا وتیشی: بەداخەوە تاوەکو دۆزینەوەی میکانیزمی گونجاو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دەبینین لەکوردستاندا کێشەی گەورەتر دروست بووە ئەویش ئەوەیە کە زیاتر لە پەنجا و پێنج ڕۆژە فەرمانبەرانی هەرێم مووچەکانیان وەرنەگرتووە کە بەداخەوە ئەم گرفتە ماوەی دە ساڵە بەردەوامی هەیە، هەرچەندە ناوبەناو چارەسەردەکرێت و دیسان سەر هەڵدەداتەوە. بورهان شێخ ڕەئوف ڕونیشی کردەوە: ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی داوێتی باتایبەت لە بارەی پرسی مووچەوە کە گرفتی گەورەی نێوان هەولێر و بەغدایە، کۆتای بە کێشەکانی نێوانیان دەهێنێت،بەڵام هەرێم تائێستا بەو بڕیارە ڕازی نەبووە و ئەوەش وایکردووە کە ئەو ململانێیانەی نێوان هەولێر و بەغداد کۆتایی نەیەت و ئەوەشی باجی ئەو ناکۆکیانە دەدات بەداخەوە خەڵک و مووچەخۆرانی هەرێمن. لە بارەی چارەسەرنەکردنی کێشەکان و کاریگەری درێژەدان بەو ناکۆکیانە لە سەر قەوارەی هەرێم، بورهان شێخ ڕەئوف، چاودێری سیاسی، ئاماژەی بەوەدا: قەوارەی هەرێم قەوارەیەکی دەستوورییە و ئەوەیشی کەوایکردووە کە بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیی مەترسی لای هێزێک دروست بکات وپێی وابێت بڕیارەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمە ئەوەیە کە هەرێم زیاد لە پێویست مومارەسەی دەسەڵاتەکانی دەکرد و بەتایبەت پێش ڕوخانی ڕژێمی عێراق کە ئێمە وەک دەوڵەتێک مامەڵەمان دەکرد و دوای ئەوەش بونی سەرکردەیەکی وەک مام جەلال، لە سەرۆک کۆماردا پێگەی هەرێمی بەهێزترکردبوو، بەڵام ئێستا و دوای لێکەوتەکانی ڕیفراندۆم هەوڵدەدرێت فیدراڵی وەک خۆی جێبەجێبکرێت، کەدیارە هەرێمی کوردستان هەرێمێکی فیدراڵییە لە چوارچێوەی عێراقدا و هەرێم کۆنفیدراڵی نییە لەگەڵ عێراقدا و سیاسەتی فیدراڵی لەهەمودونیادا دیارە کەچۆنە و بۆیە ئەگەر دەسەڵاتەکان دیاریبکرێت هیچ مەترسی نییە بۆ سەر هەرێمی کوردستان و نابێت بە نیگەرانییەوە سەیری بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیی بکەین و دەبێت هەرێم پابەندبێت بە دەستوری عێراقەوە. بورهان شێخ ڕەئوف، چاودێری سیاسی باسی لەوەشکرد: هەمو ئەو تێڕوانین و قسانەی کە لەبارەی مەترسییەکانی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵیی یەوە دەوترێت و دەخرێتە ڕوو تەنها بۆ بەرژەوەندی لایەک و چەند کەسێکە، ئەگینا ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردە باڵاکانی هەرێم مووچەکانیان لەسەر حکومەتی ناوەندییە ئەوە بۆمەترسی نییە بۆسەر قەوارەی هەرێم، بۆچی دەبێت مووچەی فەرمانبەرێکی ئاسایی کە بخرێتە سەر ناوەند دەبێتە مەترسی بۆسەر قەوارەی هەرێم، بۆیە ئێمە دەبێت دان بەوڕاستییەدا بنێن کە بەڵێ ئێمە بەشێکین لە عێراق و ناسنامەی عێراقیمان هەیە، بۆیە ئەوەی مەترسی هەیە بۆسەر هەرێم گەندەڵی و پابەندنەبونە بەیاساوە و ئەنجام نەدانی هەڵبژاردنە لەکاتی خۆیدا و نەبونی شەفافیەتە نەک وەرگرتنی مووچەی فەرمانبەران لە بەغدادەوە.