عێراق و گەڕانەوەی پێگەی نێودەوڵەتی

(0) / / وتار / مستەفا کازمی


May 03, 2021

قەبارەی فۆنت:

سەید عەلی موسەوی خەڵخاڵی

عێراق لەم ڕۆژانەدا پێگەیەکی تایبەتی هەیە، لە لایەکەوە پەیوەندییەکانی میسر و ئەردەن لە گەڵ عێراق ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەهێزتر دەبێت و لە لایەکی دیکەوە وڵاتانی عەرەبی ناوچەی کەنداوی فارسیش سەرقاڵی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی خۆیانن لە گەڵ بەغدا، بە تایبەت سعوودیە و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی کە هەوڵ دەدەن لەم پرۆسەیەدا ببنە پێشەنگ، لە پرۆژە گەورەکانی کەرتی وەبەرهێنان تا هاوکاری هاوبەش لە پرۆژە ئابورییەکان، هەمووی پیشاندەری ئەوەیە کە گۆڕانکارییەک لە پەیوەندییەکانی وڵاتانی عەرەبی لە گەڵ عێراق هاتووەتە پێشەوە. لەم نێوەندەدا کەڵک وەرگرتن لە دەفرایەتییەکانی عێراق لە پەیوەندییە سیاسییەکان پێگەیەکی دیکەی بەم وڵاتە داوە، بە تایبەت نێوەندگێڕی لە نێوان ئەو وڵاتانەی کە لە ناوچەکە ناکۆکییان هەیە، لە سەروی هەمووانیشەوە ئێران و سعوودیە.

ماوەیەک بەر لە ئێستا عێراق میوانداریی لە بەرپرسانی باڵای ئەمنی ئێران و سعوودیە کرد تا بۆ یەکەم جار پاش نزیکەی 6 ساڵ لە پچڕانی تەواوی پەیوەندییەکان، هەر دوو لا بۆ سەر مێزی دانوستان بگەڕێنەوە، ناکۆکییەکانی نێوان ئەم دوو وڵاتە هێندە زۆرە کە ئامادە نەبوون بە تێپەڕاندنی بارودۆخەکە ڕێگای دیپلۆماسی بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانیان بگرنەبەر. ئەڵبەت ئێران بەردەوام ئامادەیی خۆیی بۆ وتووێژی ناوچەیی بە تایبەت لە گەڵ سعوودیە پیشانداوە و بەرپرسانی ڕیازن کە پێداگرییان لە سیاسەتی شکستخواردووی خۆیان دەکردەوە.

سەرباری ئەمەش، کۆبوونەوەی هەر دوو شاندی ئێران و سعوودیە لە بەغدا کە بە نێوەندگێڕی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق کرا، دەتوانێت خاڵێکی وەرچەرخان لە پەیوەندییەکانی هەر دوو وڵات بێت. کازمی وەک کەسایەتییەکی ناسراوی عێراقی کە پەیوەندییەکی زۆر نزیکی لە گەڵ سەرکردەی وڵاتانی عەرەبی بە تایبەت سعوودیە، ئیمارات، ئەردەن، میسر و لوبنان هەیە، کەڵکی لەو توانا و دەستڕۆیشتووییەی خۆی بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی ئێران و سعوودیە وەرگرت. کۆبوونەوەکەی بەغدا پێگەی عێراقی وەک نێوەندگێڕێکی باڵا بەرز کردەوە و تاران و ڕیازیش متمانەی خۆیان بەم وڵاتە پیشاندا.

ئەڵبەت دەبێت ئەوەش بوترێت کە کۆبوونەوەکەی بەغدا تەنیا دەسپێکی پرۆسەیەکە. شاندەکانی ئێران و سعوودیەش لەو کۆبوونەوەدا زیاتر لەوەی کە بیر لە ڕێکەوتن بکەنەوە، هەوڵی هەڵسەنگاندنی یەکتریان دەدا. بەردەوامی پەیوەندییەکانی بەغدا لە گەڵ تاران و ڕیاز دەتوانێت درێژەپێدەری ئەم پرۆسەیە بێت. دەستپێکردنی گەڕی نوێی دانوستانەکانیش لە بەغدا دەتوانێت بەڵگەیەک لە سەر ئەمە بێت.

ڕۆڵی عێراق کاتێک گرنگتر دەبێت کە دەبینین شاندەکەی ئێران لە بەغدا بەدەر لە سعوودییەکان لە گەل شاندەکانی ئەردەن و میسریش کۆبووەتەوە. بە واتایەکی دیکە عێراق کەڵکی لە پەیوەندییەکانی لە گەڵ ڕیاز، قاهیرە و ئەمان وەرگرتووە تا لە گەڵ پەیوەندییە بەهێزەکەی لە گەڵ تاران، ببێتە پردێکی نێوان ئەو سێ وڵاتە عەرەبییە و ئێران، گرنگی پەیوەندییەکانی ئێران لە گەڵ میسر و ئەردەن کەمتر لە باشترکردنی پەیوەندییەکانی ئێران و سعوودیە نییە.

سەردانەکەی محەممەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ عێراق دەتوانێت تەواوکەری ئەم هەوڵانە بێت. زەریف لە عێراق لە ئاستێکی باڵا لە لایەن سەرکردەی لایەنە سیاسییەکانەوە پێشوازی لێکرا تا ئەوە بسەلمێنێت کە ئێران لە عێراق بەردەوام باڵاترین پێگەی هەیە. وەزیری دەرەوەی ئێران لە سەردانەکەیدا وردەکاری نێوەندگێڕی عێراقی بۆ ڕوون کرایەوە و بە دڵنیاییەوە خۆیشی بەشێک لە هەوڵەکان بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی ئێران و سعوودیە دەبێت./.