پشکی ژنان لە هەڵبژاردنەکانی عێراق هاوکێشەکەی تووشی گۆڕانکاری کردووە

(0) / / ڕاپۆرت / هەڵبژاردنەکانی عێراق


May 18, 2021

قەبارەی فۆنت:

دەستەبەرکردنی پشکی ژنان لە پەرلەمانی عێراق بە دیاریکردنی یەک کورسی لە هەر بازنەیەکی هەڵبژاردنەکان بووەتە هۆی ئەوەی کە ژمارەیەک لە حیزبەکان کە توانای ڕکابەرییان لە گەڵ کاندیدە پیاوەکان نییە، تەنیا بە کاندیدی ژن بێنە گۆڕەپانی هەڵبژاردنەکانەوە.

ژمارەیەک لە حیزبە سیاسییەکانی عێراق لە بازنەکانی هەڵبژاردنەکان تەنیا کاندیدی ژنیان دەستنیشانکردووە، ئەمەش پیشاندەری کاریگەری پشکی ژنانە لە سەر هاوکێشەی هەڵبژاردنەکان.

عێراق بە سەر 83 بازنەی هەڵبژاردن دابەش کراوە و لە هەر بازنەیەک یەک کورسی کۆتا بۆ ژنان دیاریکراوە.

بە پێی دەستووری عێراق، ژمارەی کورسی ژنان لە پەرلەمان نابێت کەمتر لە سەدا 25 ی ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان بە گشتی بێت. کاریگەری ژنان لە هەڵبژاردنەکانی پێشووی پەرلەمانی عێراق زۆر کەم بووە و هیچ هاوپەیمانییەک هێندە گرنگیی بە کاندیدە ژنەکان نەداوە بەڵام یاسای نوێی هەڵبژاردنەکان وایکردووە کە پێگەی ئەوان لە هەڵبژاردنەکان بەرچاوتر بێت، هەر بۆیە ئەو حیزبانەی کە ناتوانن لە گەڵ کاندیدە پیاوەکان ڕکابەری بکەن، تەنیا بە کاندیدی ژن هاتوونەتە هەڵبژاردنەکانەوە.

حیزبە کوردییەکان بۆ 4 کورسی لە 4 بازنەی هەڵبژاردنەکانی پارێزگای دیالە پەنایان بۆ کاندیدکردنی کاندیدە ژنەکان هێناوە. ئیبراهیم حەسەن بەرپرسی ڕاگەیاندنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە خانەقین ڕایگەیاندووە کە حیزبەکەی تەنیا بە یەک کاندیدی ژن پێی ناوەتە هەڵبژاردنەکانی عێراق لەم بازنەیە.

هاوپەیوەند لە گەڵ ئەمەش، ئینتسار جبوری لە ئەندامانی ئێستای پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە کە لە هەڵبژاردنەکانی مانگی ئۆکتۆبەر زیاتر لە تەواوی هەڵبژاردنەکانی پێشوو گرنگی بە ژنان دراوە. ناوبراو وتی کە ئێمە شانازی بەوە دەکەین کە عێراق بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەمسال بە سەر 83 بازنە واتە بە ژمارەی پشکی ژنان لە پەرلەمان دابەش کراوە.

بە پێی یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق، ژمارەی بازنەکانی هەڵبژاردن 83 بازنەیە و هەر بازنە 3 تا 5 کورسیی هەیە کە یەک کورسی ئەوان بۆ ژنانە.

جبوری وتی کە ئەگەری سەرکەوتنی دوو ژنیش لە یەک بازنەی هەڵبژاردن هەیە، بە شێوازێک کە پشکی یەک ژن بە پێی سیستەمی کۆتا دەستەبەر کراوە و ئەوی دیکە دەتوانێت لە کێبەڕکێ لە گەڵ کاندیدەکانی پیاو سەرکەوتن بە دەست بێنێت.

وتیشی کە بە پێی پشکی ژنان، هاوکێشەی هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵی عێراق تووشی گۆڕانکاری دەبێت.

لە لایەکی دیکەوە، ئەمەل مەرعی لە ئەندامانی پەرلەمانی عێراق وتی کە ژمارەیەک لە حیزبەکان هەوڵ دەدەن لە ڕێگای ژنانەوە دەستیان بە کورسی پەرلەمان بگات.

ناوبراو وتی کە شانسی ژنان بۆ سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵ زیاتر لە خولەکانی ڕابردووە و ئەمەش وایکردووە کە ژنان زیاتر لە لایەن حیزبەکانەوە پاڵپشتی بکرێن.

بەڵام ئێحسان عیدانی مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی بەغدا ڕایگەیاندووە کە تەنیا لەو بازنانەی کە ئەگەری کێبڕکێ لە گەڵ کاندیدەکانی پیاو لاوازە، ژنان لە لایەن حیزبەکانەوە زیاتر کاندید کراون.

ناوبراو وتی کە ئەمەش لە پارێزگای دیالە، کەرکوک، سەلاحەدین و ئەنبار بینراوە./.