نامەیەكی كراوەی دوكتۆر ئەحمەدی ناتقی بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستانی عێراق / د.ئەحمەدی ناتقی

(0) / / وتار / ڕوانگە ئەحمەد ناتقی هەڵەبجە


Jun 28, 2024

قەبارەی فۆنت:
ڕوانگە - د.ئەحمەدی ناتقی خاوەنی یەكەم گرتەی عومەری خاوەر کە لە ماوەی ساڵانی شەڕی عێراق لە دژی ئێران وەک یەکێک لە وێنەگرە بەناوبانگەکان بەرهەمی زۆری تۆمار کرد و وێنەکانی تایبەت بە کارەساتی بۆردومانی کیمیایی هەڵەبجە لە لایەن ڕ ژێمی سەدامەوە، ناوبانگێکی دیکەی بەو بەخشی، بەبۆنەی ساڵیادی بەرەنگاربوونەوەی بەكارهێنانی چەكی كیمیاوی و ڤایرۆسی، ئەم وتارەی بڵاوکردەوە؛
هو الحكیم
بەبۆنەی ساڵیادی بەرەنگاربوونەوەی بەكارهێنانی چەكی كیمیاوی و ڤایرۆسی.
نامەیەكی كراوە (دوكتۆر احمد ناطقی) بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستانی عێراق،
هاوڵاتیانی هەڵەبجە،
بەرپرسان و ئازادیخوازانی دونیا.
سڵاو و ڕێزی بێ پایان بۆ هاووڵاتیانی كورد لە هەرێمی كوردستانی عێراق، درود بۆ گیانی پاكی زیاتر لە پێنج هەزار شەهید كە بە بەخشینی خوێنی خۆیان، ڕاوەستاوی، بەهێزی و عیززەتی كوردستان یان تێر ئاو كرد، وە درود بۆ سەرجەم ئەو كەسانەی كە لە سەرجەم ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستانەوە، بۆ سەربەرزی گەلی كورد تێدەكۆشن.
من احمد ناطقی م، كەم كەس هەیە كە هەڵەبجە بناسێت و ناوی بەندەی نەبیستبێت، كەم تاوانباریش هەیە كە بەرهەمەكانی من توڕە و نیگەرانی نەكردبێت. من، ئەو چەند وێنەیەی (هەڵەبجە) كە لە مێژووی تاوانی مرۆڤایەتی دا دەگمەنن، تۆماركرد و بوونە هۆی ئیدانەكردنی تاوانبارانی جەنگیی وەك: سەدام حسین و علی حسن مجید.
گیانی خۆمم خستەمەترسی و ئەمرۆ برین و ئاسەواری گازی كیمیایی ئەو تاوانبارانە لەسەر گیانم نیشتووە و دەركەوتووە.
ئێستەش لەپێناو سەلماندنی ستەملێكراویی هاووڵاتیانی كوردی هەرێمی كوردستان و بەتایبەت هاووڵاتیانی هەڵەبجە، وای لە بەندە كرد كە بە زمانێكی دیكە لەگەڵتان بدوێم. دەمەوێت لەبارەی بوونی دەستانی شاراوە لە ئەنجامنەدانی خزمەتگوزاری، لە سەرزەمینی سادە و خەڵكانی بێگەردی هەڵەبجەوە بدوێم. بەهەمان ئەو شێوەیەی كە هاواری ویژدانم وای لە من كرد كە شاری هەڵەبجەی بێ دۆست، بۆ ڕزگاركردنی چەندین مرۆڤ، كە نە هاووڵاتی، هونەتەوە و هاوزمانی من بوون، گیانی خۆم بخەمە مەترسیەوە. هەر لە سۆنگەی هەمان هەست و ئەركەوە، هۆشدارییەك بە ئێوە بگەیەنم.
ئێوەی بەڕێز، كە هەمیشە منتان شەرمەزاری میهرەبانییەكانی خۆتان كردووە، یەكێك دەڵێت كە شەقامێك بكەین بە ناویەوە، یەكێكی دیكە باس لە نەخۆشخانە و زانكۆ و ئەو بابەتانە دەكات، تەنانەت كیژۆڵەیەك كە لەو ڕۆژە سەخت و دەردناكەدا (مەبەست ڕۆژی كیمیاییبارانی هەڵەبجەیە، وەرگێڕ) بەدەستەكانی خۆم گواستمەوە بۆ شوێنێكی ئارام، دوای بوونی بە دایك، ناوی من لە منداڵەكەی دەنێت. وە یان رزگاركردنی منداڵێك كە ئەمڕۆ لە پەڕلەمانی كوردستان نوێنەرایەتی چەندین دەنگی كورد دەكات، هەموو ئەوانە گەواهی ئەوە دەدەن كە بەندە بەبێ پشت بەستن بە زمان، نەتەوە، نیشتیمان، بووم بەبەشێك لە ئێوە و ناتوانم بێدەنگ ببم.
هەڵەبجە، لەڕابردوودا گوندێك و لەئێستەدا پارێزگایەك، لێوانلێوە لە نیعمەت، خاڵی بەهێز، جوانی سروشتی و خودا دادی كە دەتوانێك ببێتە سەرچاوەی گەشەسەندنی ناوچەكە و وەك نگینی زێڕینی هەرێمی كوردستان، ببێتە ناوەندی یەكگرتویی، پێكەوەیی، هاوكاری، گەشە، ئاوەدانی، خۆشگوزەرانی و تێكۆشان.
بوونی سەرمایەگەلێكی مرۆیی، كەسانی شارەزا و نوخبەكان و لێهاتووەكانی هەڵەبجە، هۆكارێكی دیكەی گەشەسەندنی ئەو پارێزگایەن، بەڵام بەداخەوە كە سەرباری بوونی ئەو سەرچاوە بەنرخانە، لەو شارەدا هەژاری، گەشەنەسەندویی، نادادپەروەری و بیكاری دەبینین.
بەهۆی نەبوونی ئیرادەی بەهێزی بەرپرسان بۆ سەرمایەگوزاری لەبواری فەرهەنگی كە دەبێتە هۆی گەشەسەندنی ئابوری و كۆمەڵایەتی ناوچەكە، لەئێستەدا هەڵەبجە دوچاری چەندین كێشەیە و بێكاری، نەبوونی كارگەی گەورە، بوونی ستەم، نەبوونی ئیرادەیەكی بەهێز بۆ سەرمایەگوزاری و بەتایبەتی لە بواری فەرهەنگی، بووەتە هۆی هەڵهاتنی سەرمایەی ماددی و مەعنەوی، كۆچكردن و هەڵهاتنی نوخبەكان و كەسانی شارەزا لە پارێزگای هەڵەبجە.
لەلایەكی دیكەشەوە، سەرەباری ئەوەی كە هەڵەبجە خاوەنی كەسانی بەتوانا و شارەزای فەرهەنگی، هونەری، زانسیتی و بوونی كەسانی شاد و شایستە، سروشتی جوان و گەشاوە، بەڵام بەهۆی هۆكارگەلێكی وەك: بێكاری، هەژاری، ناهاوسەنگی ئابوری، كۆمەڵایەتی و سیاسی، كێشەكان ڕوو لەزیادبونن.
قوربانییانی كیمیاییبارانی هەڵەبجە، بەهۆی گەندەڵی ئیداری و بەدەمەوە نەهاتنی دادپەروەرانە، ڕووبەڕووی ستەم دەبنەوە و هەندێكجاریش مافەكانیان پێشێل دەكرێت. دادوەری و لێكدانەوەی هەڵە و ناتێگەیشتن و سیاسەتی ناڕوون و دوفاقی، فرسەتە سیاسی، فەرهەنگی و ئابوریەكانی كوردی لەنێو بردووە.

بەوتەی هێرۆخان، خانمی یەكەمی هەرێمی كوردستان و زۆرینەی دیكەی بەرپرسانی هەرێمی كوردستان، ئەم احمد ناطقی و بەرهەمە بێ وێنەكانی ئەو بوون كە (كارەساتی) هەڵەبجەی بە دونیا ناساند. بەڵام ئەمڕۆ، احمد ناطقی لە ڕەفتار و هەڵوێستە دوفاقیەكانی ئەو بەڕێزانە نیگەرانە. چونكە هەرماوەی نا ماوەیەك، تەنها بۆ ڕاگەیاندن و پڕوپاگەندە و بڵاوكردنەوەی لە ڕاگەیاندنەكان، بەندە بانگهێشتی هەرێمی كوردستان دەكەن و باسی بەناوكردنی شەقام و دروستكردنی پەیكەری بەندە دەكەن لەشاردا و وتاری جۆراوجۆر دەدەن.
لەكاتێكدا كە مۆزەخانەكانی دونیا، وەك بەڵگەنامەیەكی گرنگی مێژویی، لەدوی كامێراكەی بەندە دەگەڕێن، مۆزەخانەی هەڵەبجە لەبری پێزانین، ڕێزگرتن و سوپاس كردنی بەندە و دانانی كامێراكەم لە مۆزەخانەكەیان، كامێرایەكیان داناوە كە وێنەگرەكەی تەنها یەك دوو وێنەی بێ كوالێتی (كارەساتی) هەڵەبجەی پێگرتووە.
هاووڵاتیانی بەشەرەفی كوردستانی عێراق، خەڵكی ستەملێكراوی هەڵەبجە، لەكاتێكدا كە وڵاتی یابان، بە ئاماژەدان بەبەڵگەنامەیەك كەلەبەردەستدا نییە، مۆزەخانەیەكیان لەبارەی بۆمبارانی هێرۆشیما دروستكردووە و بەفەراهەم كردنی خزمەتگوزاری نایابی وەك فڕۆكەخانە و ئوتێل و ... هتد، زەمینەیەكی بێ وێنەیان بۆگەشتیاران و بەدەستهێنانی سەرمارەیەیەكی زۆر فەراهەم هێناوە، بەڵام بەرپرسانی كوردستان، سەرباری بەردەست بوونی ئەو هەموو بەڵگەنامەیە لەسەر كیمیاییبارانی شاری هەڵەبجە و جەختكردنەوەی چەندبارەی بەندە بۆ ڕاوێژكاری و هاوكاری، هیچكات سودیان لەم وزە شاراوە بەهێزە وەرنەگرتووە تا بە سازاندنی زەمینەیەكی فەرهەنگی، دروستكردنی مۆزەخانەیەكی شایستە، فڕۆكەخانە و سەرجەم خزمەتگوزاریەكانی دیكە، هەلومەرجێك بۆ گۆڕانكاری ئابووری لەم ناوچە جوگرافیە بێ وێنەیە بڕەخسێنرێت و دانیشتوانی هەڵەبجە لە هەژاری، بێكاری و كۆچكردن ڕزگار بكات.
ئاڕاستەكردن و سیاسەتی دروست و دوربین بەلەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییە درێژخایەنەكان، یەكێكە لە داواكارییە سەرەكی و لەمێژینەكانی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان.
سودوەرگرتن لە توانا بەهێزەكان بۆ ڕاكێشانی سەرمایە، فراوانكردنی ڕێگاكان و دروستكردنی فڕۆكەخانە و فەراهەمكردنی پێویستییە سەرەكیەكان بۆ ڕكابەری فەرهەنگی لەپێناو گەشەكردن و ئاوەدانیی پارێزگای هەڵەبجە، لەمێژوودا تۆماردەكرێت و دەمێنێتەوە.
والسلام.
دوكتۆر احمد ناطقی
8 تیر 1403

وەرگێڕانی: اركان احمد جاف
تێبینی، نامەكە بە زمانی فارسی نووسراوە و لەلایەن خودی بەڕێز دوكتۆر احمد ناطقی بۆ بەندە نێردراوە و لەسەر داوای خۆی وەرگێڕانمان بۆ كردووە و بڵاومان كردووەتەوە.
هەموو كەس و لایەنێكیش ئازادە لە بڵاوكردنەوەی.
لەگەڵ ڕێزدا.