کێشە خێزانیەکان لە هەرێمی کوردستان گەیشتۆتە ئاستێک کە بە کوشتن و یەکترسڕینەوە کۆتاییان دێت

(0) / / چاوپێكەوتن / ڕوانگە هەرێم کێشەی خێزانی کوشتن


Jul 19, 2024

قەبارەی فۆنت:

ڕوانگە - بەگوێرەی ئامارێکی ڕێکخراوی یەکێتی پیاوانی کوردستان، لە لەسەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا زیاتر لە 300 سکاڵای جۆراوجۆر تۆمارکراوە.

بورهان عەلی فەرەج، سکرتێری ڕێکخراوی یەکێتی پیاوانی کوردستان، بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند:" بەپێی لیژنەی پێداچونەوە و تۆمارکردنی کەیسەکان لەڕێکخراوی یەکێتی پیاوان، لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا واتا لە 2024/1/1  ەوە تاوەکو 2024/7/1 لەسەرجەم لق و ناوچەکانمان لە هەرێمی کوردستان، 342جۆری سکاڵاو توندوتیژی تۆمارکراون، بەداخەوە 31 حاڵەتی خۆکوشتن هەبووە و 11 پیاویش بەهۆی کێشە خزانیەکانەوە کوژراوە.

وتیشی:" ئەم ئامارە بەراورد بەساڵانی ڕابردوو دابەزینی پێوەدیارنییە کە جێگای دڵخۆشی بێت،ئەوەی زیاتر جێگای نیگەرانییه زیادبونی کوژرانی پیاوانە بەهۆی کێشە خێزانیەکانەوە، بەداخەوە کێشە خێزانیەکان گەیشتۆتەئاستێک کە بە کوشتن و یەکترسڕینەوە کۆتای دێت

لە بارەی هۆکار و پاڵنەرەکانی پشت سەرهەڵدانی کێشەخێزانیەکان، 
بورهان عەلی فەرەج، سکرتێری ڕێکخراوی یەکێتی پیاوانی کوردستان، ئاشکرایکرد:" قەیرانی دارایی و ئابوری بە هۆکارێکی سەرەکی دادەنرێت لەزیادبونی کێشەخێزانیەکاندا ، چونکە لەڕووی یاسای و  باری کەسێتییەوە پیاو هەڵدەسێت بە دابینکردنی پێداویستیە دارایەکان، هەروەها یەکێکی دیکە لە هۆکارەکان  تەداخولکردنێکی زۆر لە ناوخێزاندا دروستبووە و ئێمە هەست دەکەین جاران خێڵ چەقی کۆمەڵگابوو دوای بو بە خێزان، ئێستاش تاک ڕۆڵ دەگێڕێت، بۆیە هەست دەکەین  ڕۆڵ و دەسەڵاتی خێزان لاوازدەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا میدیا و سۆشیال میدیا و ئامێرەکانی پەیوەندیکردن ئەمانە هەمویان پاڵنەرن بۆ دروستبونی کێشە خێزانیەکان، لەگەڵ ئەوەشدا پاشەکشەکردنی دەسەڵاتی دادوەری و یاسای و جێبەجێکردنی یاسا لە هەرێمی کوردستان، ئەویش یەکێکی دیکەیە لە هۆکار وپاڵنەرەکان

بورهان عەلی فەرەج، ڕونیشیکردەوە:"  چی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و چی ناوەندەکانی ڕاگەیاندن و دەزگا ڕۆشنبیریەکان،ئەرک وبەرپرسیارێتی گەورەیان لەئەستۆیە لە هۆشیارکردنەوەی  کۆمەڵگا لە کێشەکان و هەروەها ئەو هۆکارانەی کە پاڵنەرن بۆ دروستبونی کێشەخێزانیەکان، بۆیە هەمو لایەک دەبێت ڕۆڵبگێڕن لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگادا، چونکە ئەرکی ئەوانە بەدوای هۆکارەکان و پاڵنەرەکان و وەدەرئەنجامەکەیدا بگەڕێن و پاشان بە پرۆژەیەک دەدرێتە حکومەت و دواتر ئەوان دەتوانن ڕێگەچارەکان بدۆزنەوە

بورهان عەلی فەرەج، سکرتێری ڕێکخراوی یەکێتی پیاوانی کوردستان، ئاشکرایشیکرد:" ئێمە تاکە ڕێکخراوین لە هەرێمی کوردستان، کار لەسەر پرسی ڕەگەزی نێردەکەین و ئامارەکانمان دانپێدا نراون لە لایەن لایەنی ناوخۆی و هەروەها پەیوەندیەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم تاڕادەیەک پشت بە ئامارەکانی ئێمە دەبەستن  و بڵاوی دەکەنەوە، بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانییە لای ئێمە ئەوەیە کە حکومەت بەرنامەی نییە بۆ بنەبڕکردنی کێشە خێزانیەکان بەتایبەت لەڕوی دارایی و ئابورییەوە دەبێت حکومەت بەرنامەی هاوکاری هەبێت بۆ خێزانەکان و دەبێت پێشینەی هاوسەرگیری هەبێت، بەڵام بەداخەوە حکومەت هیچ جۆرە بەرنامەیەکی نییە بۆ کەمکردنەوە و بنەبڕکردنی کێشە خێزانیەکان