دانیشتوانی گوندێک لە گەرمیان، لەڕێگەی دەزگای میدیایی ڕوانگەوە داوایەک ئاراستەی وەزارەتی پەروەردە دەکەن

(0) / / فایلی تایبەت / ڕواگە هاوڵاتی قولیجانی سەرحەد پەروەردە


Aug 20, 2024

قەبارەی فۆنت:
ڕوانگە - دانیشتوانی گوندی "قولیجانی سەرحەد" لەگەرمیان، لەڕێگەی دەزگایی میدیایی ڕوانگەوە، داوایەک ئاراستەی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێم دەکەن و داواکارن وەزارەتی پەروەردە مامۆستا بۆ گوندەکەیان دابین بکات، تاوەکو بتوانن بگەڕێنەوە بۆ گوندەکەیان و گوندەکەیان ئاوەدان بکەنەوە.

سوارە حەمەساڵەح، دانیشتوی گوندی قولیجانی سەرحەد، بۆ ڕوانگە ڕایگەیاند:" بەهۆی نەبونی مامۆستا لە گوندەکەیاندا ناچاربون گوندەکەیان چۆڵبکەن و ڕو لەشاربکەن.

وتیشی:" لە ئێستادا چەند خێزانێک کە لە ناحێی ڕزگاری سەربەقەزایی کەلار نیشتەجێین دەمانەوێت بگەڕێنەوە بۆ گوندەکەمان و ئاوەدانی بکەینەوە، بەڵام نەبونی قوتابخانە لە گوندەکەدا بووە بەڕێگر لەبەردەم گەڕانەوەماندا، چونکە ناتوانین دەستبەرداری خوێندنی منداڵەکانمانبین و بگەڕێینەوە بۆ گوندکەمان،

سوارە حەمەساڵەح، دانیشتوی گوندی قولیجانی سەرحەد، ئاشکرایشیکرد:" ئەوان لە ئێستادا پێنج قوتابییان هەیە و لەگەڵ ئەوەشدا خۆی و خێزانی لەڕابردودا وەک وانەبێژ وانەیان بە قوتابییان وتۆتەوە،بۆیە ئەگەر وەزارەتی پەروەردە نەتوانێت مامۆستا بۆ گوندەکەمان دابینبکات ئەوا خۆمان دەتوانین وانە بە قوتابیەکانمان بڵێینەوە.

لای خۆشیەوە، دکتۆر ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند:" ئەوان لە ئێستادا ناتوانن هیچ مامۆستایەکی نوێ دابمەزرێنن.

وتیشی:" بەڕێوەبەری پەروەردە لە ناوچەکەدا دەتوانێت ئەو گرفتەیان بۆ چارەسەربکات و  بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتانە دەسەڵات لای بەڕێوەبەری پەروەردەیە.

لای خۆشیەوە، عەدالەت لەتیف، بەڕێوەبەری پەروەردەی کەلار، بۆ ڕوانگە، باسی لەوەکرد:" چەند گوندێکی دیکە لە سنوری بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی کەلار، هەمان گرفتیان هەیە، بەڵام لە ئێستادا دامەزراندنی وانەبێژ ڕاگیراوە و بەهیچ جۆرێک ناتوانن مامۆستای وانەبێژیان بۆ دابینبکەن

بەڕێوەبەری پەروەردەی کەلار، ڕونیشیکردەوە:" ناتوانن قوتابخانە بۆ هیچ یەکێک لەوگوندانە بکەنەوە، چونکە ژمارەی قوتابیان کەمە و لە هەمانکاتیشدا تاوەکو دەسەڵاتی دامەزراندنی وانەبێژیان پێنەدرێت ناتوانن بەڵێنی کردنەوەی قوتابخانەیان پێبدەن.

عەدالەت لەتیف، بەڕێوەبەری پەروەردەی کەلار، ئاشکرایشیکرد:" هەرکاتێک توانای دابینکردنی مامۆستایان هەبوو بۆ ئەو گوندانە ئەوکات بەدڵنیاییەوە بەپێی ڕێنمایەکانی وەزارەتی پەروەردە  داواکاریەکانیان بۆ جێبەجێ دەکەن.