یەکێتی چاوی لەسەرکەوتنی زیاترە و  خۆی بەخاوەنی هەرێمی کوردستان دەزانێت

(0) / / چاوپێكەوتن / ڕوانگە یەکێتی هەڵبژاردن پارتی سەرخێڵ نەجمەدین مەلا محەمەد


Aug 29, 2024

قەبارەی فۆنت:

ڕوانگە - لە وتوێژی لەگەڵ پەیامنێری ڕوانگە، سەرخێڵ نەجمەدین مەلا محەمەد، بەربژێر بۆ پەڕلەمانی کوردستان، لەسەر لیستی یەکێتی، ڕایدەگەیەنێت:" لە مێژووی هەڵبژاردندا تا ئێستا هیچ هەڵبژاردنێک نەبووە هێندەی هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەڕلەمانی کوردستان، گرنگ بێت بۆ خەڵک، کە بەشداری تێدا بکات، چونکە چەند ساڵێکە پارسەنگی هێز لە هەرێمی کوردستان تێکچووە و بووە بەهۆکارێک بۆ دروست بوونی ناعەدەلاتی و نایەکسانی و بەتایبەتی بەرامبەر بە سنوری پارێزگای سلێمانی.
وتیشی:" تەنها ڕێگا بۆ نەهێشتنی ئەو نایەکسانیانەی کە بەرامبەر بە خەڵکی ئەم سنورە دەکرێت و هەروەها هەوڵدان بۆ ڕاستکردنەوەی پارسەنگی هێز لە هەرێمی کوردستان، ئەنجامدانی هەڵبژاردن و بەشداریکردنی خەڵک و دەنگدەرانی کوردستانە لە پرۆسەی هەڵبژاردن، بۆیە بەشداری نەکردنی خەڵک لە پرۆسەی هەڵبژاردندا زیانەکان چەندبەرامبەر دەکاتەوە و قازانجەکان کەمتر دەبێتەوە، بۆیە گرنگە هەمووان بە گوڕوتینەوە بەشداری لە پرسی هەڵبژاردندا بکەن.
سەرخێڵ نەجمەدین مەلا محەمەد، ڕونیشیکردەوە:"  ئێستا یەکێتی، یەکێتییەکی زۆر جیاوازە و خاوەن ئیرادەیەکی بەهێزە و سەرۆکێکی بەهێز و کاریگەری هەیە و ئێستا یەکێتی یەک دەنگ و یەک ڕەنگە و خاوەنی یەک گوتارە، بەتایبەت ئەو سەرکەوتنە گەورەیەی لە کەرکوک بەدەستی هێنا بووە بە پاڵنەێکی بەهێز بۆ ئەوەی بەگوڕوتینەوە خۆی بۆهەڵبژاردنی ئەمجارە ئامادەبکات و دڵنیاین لەم هەڵبژاردنەدا سەرکەوتنی گەورەتر بەدەست دێنێت.
سەرخێڵ نەجمەدین مەلا محەمەد، بەربژێر بۆ پەڕلەمانی کوردستان، لەسەر لیستی یەکێتی، ئاشکرایشیکرد:" ئێمە وەک یەکێتی، لە هەوڵی ئەوەداین کە ئەمجارە دەسەڵات وەربگرینەوە و دەمانەوێت بەشێکبین لە کارەکتەرە بەهێزەکانی ناوحکومەت و پۆستی سەرۆکی حکومەتیشمان هەبێت و بۆ ئەمەش ئەو گوڕوتینەی لای هەڤاڵانمان بەدیدەکەین زۆر لەوە زیاتر لێیان ڕادەبینین.
سەرخێڵ نەجمەدین مەلا محەمەد، بەربژێر بۆ پەڕلەمانی کوردستان، لەسەر لیستی یەکێتی،ئاماژەی بەوەشکرد:" ئێمە دەسەڵات وەردەگرینەوە و لە ئێستاوە دەرئەنجامەکانی دەرکەوتووە و دواخستنی هەڵبژاردن و ئێستاش گرفت دروستکردن بۆ هەڵبژاردن تەنها بۆئەوەیە ئێمە هەولێر وەرنەگرینەوە، بەڵام ئێمە وەک یەکێتی دڵنیاین نەک هەولێر وەردەگرینەوە، بەڵکو چاومان لە سەرکەوتنی زیاترە و خۆمان بە خاوەنی ئەم وڵاتە دەزانین.