ڕۆشنبیریی هەڵبژاردن؛ فێنک بوونی کەش و هەوا بانگەشەی هەڵبژاردن گەرمتر دەکات/  نەوزاد ساڵح

(0) / / وتار / ڕوانگه نەوزاد ساڵەح هەڵبژاردن


Sep 10, 2024

قەبارەی فۆنت:
ڕوانگە - ئامانج لە دەنگدان و بەشداریکردن لە پرۆسەی هەڵبژاردن کاڵ کردنەوەی ڕووبەری پشتاوپشت و هێنانەکایەی حوکمی نوێنەرایەتیە،  ئەمەش لە ڕێگای سندوقەکانی دەنگدانەوە کە ئەفسانەی هەموو ئەم تەقەلایانە بۆ بەدەست هێنانی کورسی نوێنەرایەتیە لەپەرلەمان بێت یا لەئەنجوومەنە خۆجێیەتیەکان ، هەر ئەمەش رێگا دروستەکەیە کەدوورمان دەخاتەوە لە توندڕەوی و ڕکابەریی ناڕەوا.
هەڵبژاردن هەنگاوێکی شارستانیانەیە و تەوژمی دیکتاتۆریەت کەم دەکاتەوە و لەدەرئەنجامی   ململانێی لیست و بەربژێرەکان دەستەیەکی هەڵبژێردراو لەلایەن گەلەوە ئەرکی نوێنەرایەتی وەردەگرن کە پێویستە گوزارشت لە دەنگ  و ڕەنگی هەموان بکەن،  لێرەوە دەتوانین بڵێین هەڵهێنانی هەنگاوی دیموکراتیانە وئاشتیانە لەهەڵبژاردنێکدایە کە خواستی زۆرینەی لەسەربێت،  بەشێک لە پێش کەوتنی گەلانی دنیا هەرلەم ئەزموونەوە هەنگاوە سەرەتاییەکانیان ناوەو بە خەباتی جەماوەریی دەنگدان و هەڵبژاردن  ڕەگەزە بەهێز و هاوسەنگەکانیان دیاری کردوە تا بتوانن داکۆکی لەمافی گشتی بکەن.
.................................................................... لەم بەشەدا باسی ئەو بنەمایانە دەکەین کە (ئاکار و ڕەفتاری تایبەت بە بانگەشەو هەڵمەتی هەڵبژاردن) دەیانگرێتەوە،  بۆ ئەوەی بتوانیت بەشداربیت لە بانگەشە وهەڵمەتێکی هەڵبژاردندا بەشێوەیەکی دروست و شارستانیانە کۆمەڵێک بنەمای ڕەفتار هەیە کە زەروورە پەیڕەو بکرێن و لەپڕوپاگەندەو وتار و دروشمی گەرمی بانگەشەدا بەکاریان بهێنیت دوورلە ڕوشاندنی  هەستی بەرامبەر،  بەوهیوایەی خزمەتێک بێت بەپرۆسەکە:-

١-  پێویستە ڕێز لەماف وئازادی ڕادەربڕین و بەرنامەی قەوارە و پارتەکان و کاندیدەکان بگیرێت.
٢-  زەمینەی لەبار بۆ شوێن و کاتی بانگەشە و هەڵمەتی هەڵبژاردن بڕەخسێنرێت و گرفت نەهێنرێتە بەردەم بەڕێوە چوونی پرۆسەکە.
٣-  گیانی هاریکاریی لە نێوان قەوارە و کاندیدەکاندا هەبێت و سەکۆی گشتی ڕێگەپێدراو و شوێنی چالاکیەکان قۆرغ نەکرێت، هەروەها پێویستە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و میدیاش ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبێت.
٤ دەبێت لەدووری دام ودەزگا حکومیەکانەوە پۆستەر و ڕیکلامی قەوارە سیاسیەکان و کاندیدەکان هەڵبواسرێت و دام ودەزگا حکومیەکان بەکارنەهێنرێت.
٥- ژینگە ی بانگەشە و هەڵمەتی هەڵبژاردن دەبێت لە کەشێکی دیموکراتی ئاساییدا بێت وهەوڵ بدرێت بەریەککەوتن و پێکدادانی کۆمەڵایەتی ڕوونەدات.
٦- لەیاسای  ژمارە (١)ی ساڵی ١٩٩٢ ی هەموار کراوی   هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە (١٢) بڕگەی مادەی (٥٧)  داو لەدەروازەی شەشەمدا باس لەتاوانەکانی هەڵبژاردن دەکات ، هەرچەندە ئەم پرۆسەیە کۆمسیونی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوەی دەبات، بەڵام تاوانی هەڵبژاردن هەرتاوانەو سزای یاسایی لەسەرە، هەربۆیە پێویستە کاندیدو لیستەکان بەووردی مامەڵە بکەن .
٧-  پێویستە دوای تەواوبونی پرۆسەکە تیمە خۆبەشەکان وتیمی هەڵمەتی هەڵبژاردنی قەوارەو کاندیدەکان سەرجەم پۆستەرو فلێکس و وێنەو کەرەستەکانی ڕیکلام لێ بکەنەوەو شوێنە بەکارهاتووەکان خاوێن بکەنەوە.
                بەرەو هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو