مستەفا چاوڕەش باس لە پرۆسەی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دەکات

(0) / / كوردستان / هێزەکانی پێشمەرگە


Jun 16, 2021

قەبارەی فۆنت:

بەرپرسی هێزەکانی حەفتای پێشمەرگەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕایگەیاند کە هاوپەیمانان فشاریان خستووەتە سەریان بۆ یەکگرتنەوەی پێشمەرگە بەڵام ئەم پرسە دەبێت لە سەر ئاستی باڵا لە نێوان یەکێتی و پارتی بڕیاری لە سەر بدرێت.

مستەفا چاوڕەش وتی: پرسەکە هەر یەکڕیزی پێشمەرگە نییە، پێش هەموو شتێک پێویستە یەکێتی و پارتی دڵی خۆیان چاک بکەن و هەر دوو مەکتەبی سیاسی کۆببنەوە و بڕیاری لە سەر بدەن، شتەکان ئاسایی بکەنەوە و ئەم ئۆباڵە گەورەیە نەخەنە سەر هێزی پێشمەرگە کە بۆچی یەکناگرنەوە.

ناوبراو وتی: هەر دوو لا بەرپرسن لەوەی کە بۆ ساڵ و نیوێکە دانیشتن نەکراوە، هەر دوو حیزب هێزی چەکداریان هەیە و پێویست بەوە دەکات لە ئاستی باڵادا یەکلایی بکەنەوە.

مستەفا چاوڕەش وتی کە یەکێتی و پارتی بە هێزەکانی حەفتا و هەشتا دەناسرێن و ئەگەر ئەو هێزانە نەبێت کەس حسێبیان بۆ ناکات.

وتیشی کە بۆ یەکگرتنەوەی پێشمەرگە، هاوپەیمانان بەڵێنی هەموو شتێکیان داوە و ڕەنگە تەنیا فڕۆکە و دەبابەی تێدا نەبێت./.