سەرۆك کۆمار سەردانی پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێبی کرد و ئامادەی سیمینارێکی دیالۆگی سەنتەری رۆشنبیری عەرەبی-کوردی بوو

(0) / / عێراق / ڕوانگە سەرۆک کۆمار عێراق کوردستان


Sep 17, 2024

قەبارەی فۆنت:

ڕوانگە - سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید، رۆژی دووشەممە 16-9-2024 لە بەغداد، ئامادەی سیمینارێکی دیالۆگی سەنتەری رۆشنبیری عەرەبی-کوردی بوو لەژێر ناونیشانی "دیالۆگی عەرەبی-کوردی دەستپێشخەرییەکە بۆ چالاککردنەوەی یادەوەری و چارەنوسی هاوبەش"، کە لەچوارچێوەی دیدارە رۆشنبیرییەکانی خولی 25ەمینی پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب لە بەغداد رێکخرابو.

بەشداربوانی گفتوگۆکە لە سیمینارەکەدا ئاماژەیان بەڕۆڵی گرنگی سەنتەری رۆشنبیری عەرەبی-کوردی کرد لە بەهێزکردنی دیالۆگی رۆشنبیری و هزری و ئەدەبی، کە عەرەب و کورد و پێکهاتەکانی دیکەی عێراق کۆدەکاتەوە، سەرەڕای بایەخی کارکردن بۆ پەرەپێدانی خاڵە هاوبەشەکان، کە خزمەت بەپێکەوەژیانی ئاشتیانە و هاریکاری لە بوارە جیاجیاکاندا دەکات. 
هەروەها بەشداربوان جەختیان لە گرنگی رۆڵ و بەشداریکردنی رۆشنبیران و نوسەرانی کورد و عەرەب کردەوە لە دەوڵەمەندکردنی فیکر و کولتور بۆ بەدیهێنانی لێکگەیشتن و نزیکبونەوە و زاڵبون بەسەر کێشە و جیاوازییەکان، کە لەماوەی رابردودا رویانداوە و چارەسەرکردنیان لەپێناو هێنانەدی کۆمەڵگەیەکی هۆشیاری دیموکراسی.
هاوکات سەرۆك کۆمار سەردانی بەشەکانی پێشانگاکەی کرد، کە بەرهەمی چەندین دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی عەرەبی و ناوخۆیی و وەزارەتەکان و دامەزراوە کولتوری و ئەمنی و کۆمەڵایەتییەکانی حکومی لەخۆگرتبو.
سەرۆك کۆمار لە گفتوگۆکانیدا لەگەڵ ژمارەیەك لە دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە، ستایشی رێکخستنی پێشانگاکە و هەوڵەکانی رێکخەرانی کرد و ئاماژەی بە گرنگی ئەم جۆرە پێشانگە و کۆڕبەندە ئەدەبی و فیکریانە کرد لە دەوڵەمەندکردنی رەوتی رۆشنبیری و بەهێزکردنی لێکنزیکبونەوەی کولتوریی نێوان گەلان و نەتەوەکان.