پرۆژەی هێزی تۆ بۆ هاندانی ژنان و کچان

(0) / / كوردستان / ڕوانگە ژنان هێزی تۆ کچان ئافرەتان خانمان


Sep 26, 2024

قەبارەی فۆنت:

ڕوانگە -  پرۆژەی هێزی تۆ، ژنان و کچان ئاراستەدەکات بۆ ئەوەی ڕۆڵی کارای خۆیان لەسەرجەم کایەکاندا بگێڕن.

 گروپێکی نوێ بەناوی "پرۆژەی هێزی تۆ" دروست بووە وئامانجیان هاندانی ژنان و کچانە بۆ ئەوەی لەسەرجەم کایەکانی ژیاندا ڕۆڵی خۆیانبگێڕن و یەکێک لەئەندامانی ددەستەی دامەزرێنەری پرۆژەی هێزی تۆ بۆ ڕوانگە، ڕایگەیاند:"یەکێک لە ئەرکانی پرۆژەی هێزی تۆ، کۆکردنەوەی هێزە پەراوێزخراوەکانە لە هەرێمی کوردستان.

دکتۆرە ئەڤین هیدایەت ئەحمەد، مامۆستای زانکۆ و  ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری پرۆژەی هێزی تۆ، بۆ ڕوانگە، ڕایگەیاند:" لە مانگی هەشتی ئەمساڵەوە کارمان لەسەر پرۆژەی "هێزی تۆ" کردووە و ئەم پرۆژەیە پرۆژەیەکی هۆشیاریە و تایبەتە بە ژنان و کچان و کار لەسەر بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری ژنانی کۆمەڵگا دەکات  بەبێ جیاوزی.

وتیشی:" یەکێک لە ئەرکانی گروپی هێزی تۆ، کۆکردنەوەی هێزەپەراوێزخراوەکانە لە هەرێمی کوردستان و هانی ژنان دەدات کە بەشداری کارایان هەبێت لە پرۆسەی سیاسی و پرسی هەڵبژاردنەکان بەتایبەتی و وە یەکێکی دیکە لە ئامانجەکانمان بەرجەستەکردنی ڕۆڵی ژنانە لە سەرجەم کایەکانی ژیاندا چی لە بواری ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی، ژینگەیی، بۆئەوەی بتوانن ڕۆڵی کارایان هەبێت لە ڕاستکردنەوەی دۆخی خراپی کوردستان لە هەموو ڕویەکەوە.

دکتۆرە ئەڤین هیدایەت ئەحمەد، ڕونیشیکردەوە:" پرۆژەی "هێزی تۆ" دەیەوێت ژنان ڕۆڵی سەرەکیان هەبێت لە پاراستنی بەها باڵاکانی کوردەواری ، کە دیارە تەنها ئامانجامان کرکردن نییە لە بواری سیاسیدا، بەڵکو دەمانەوێت کچان و ژنانی ئێمە ڕۆڵیان هەبێت لەسەرجەم کایەکانی ژیاندا و ئەم پرۆژەیە تاک ئاراستەدەکات بۆ ئەوەی دۆستی خێزان و کۆمەڵگەکەی بێت، کە ئەمەش ئومێدێکی گەورە بەئایندەی ژنان و کچانی ئێمە دەبەخشێت

دکتۆرە ئەڤین، ئاشکرایشیکرد:" لە ئێستادا بەدەمەوەهاتنی کچان و ژنانی ئێمە زۆر باشە بۆ؟ئەم پرۆژەیە و بەتایبەت کە دەبینین ژنان و کچانی ئێمە لەڕابردوودا زۆر لەو پرۆژانە ترساون کە لەڕابردوودا بونیان هەبووە، بەڵام  بە ئومێدەوە لەم پرۆژەیە دەڕوانن، چونکە ئەم پرۆژەیە دەستی کچان و ژنان دەگرێت لەهەرشوێنێک پێویست بکات ژنان ڕۆڵی کارای خۆیان بگێڕن و بونی خۆیان بسەلمێنن.

دکتۆرە ئەڤین هیدایەت ئەحمەد، مامۆستای زانکۆ و  ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری پرۆژەی هێزی تۆ٫ئاماژەی بەوەشکرد:" لەئێستادا یەکێک لە ئەرکەسەرەکییەکانی ئێمە ئەوەیە بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەڕلەمانی کوردستان، وابکەین کە کچان و ژنانی ئێمە پشتگیر و پشتیوانی ئەو ژنانەبن کە خۆیان بەربژێرکردووە بۆ پەڕلەمان و ئەوان بکەن بە نوێنەری خۆیان لە پەڕلەماندا و بەتایبەت ئەو ژنانەی کە بەربژێری یەکێتی نیشتیمانی کوردستانن بۆ هەڵبژاردنی پەڕلەمان و دەمانەوێت بەوجۆرە ژنان و کچان ئاراستەبکەین کە خۆیان بڕیار لەسەرئەوە بدەن دەنگ بەکێ دەدەن نەکە کەسێکی دیکە یاخود نێرینەیەک ئاراستەیان بکەن بۆئەوەی دەنگ بە کەسێکی دیاریکراو بدەن.