نێچیرڤان بارزانی: ئاڵۆزیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڕەشە لە سەقامگیری و ئاسایشی عێراق، کوردستان و ناوچەکە بەگشتی دەکەن

(0) / / كوردستان / ڕوانگە بارزانی


5 كاتژمێر لەمەوپێش

قەبارەی فۆنت:

ڕوانگە - لەمیانەی بەڕێوەچونی ڕێوڕەسمی دەرچوونی خولی چوارەمی پێگەیاندنی ئەفسەران لە کۆلێجی سەربازی قەڵاچوالان، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند:" ئەمڕۆ ڕۆژێکی تایبەتە بۆ هەرێمی کوردستان و بۆ عێراق، کە بەرهەمی ماندووبون و ڕەنجی گەورەی دەرچوان و مامۆستایان دەبینین.

وتیشی:" خۆشحاڵم کە دەبینم 769 گەنجی وڵاتەکەمان بە گوڕوتینێکی نوێوە چەکدار بە زانست و دیسپلینی سەربازی لەم کۆلێجە بەتوانایەدا دەردەچن، هەروەها ئەوەی زیاتر مایەی خۆشحاڵی هەمولایەکمانە ئەوەیە کە لەو ژمارەیە 48 لە دەرچووان خانمن. ئەمانە خوێنێکی نوێ بەبەر هێزی پێشمەرگەی کوردستاندا دەکەن.

سەرۆکی هەرێم ڕونیشیکردەوە:" ئێستا کە خەڵکی کوردستان ئەم دیمەنانە دەبینن بەشانازییەوە هەست بە سەربەرزی دەکەن 

نێچیرەڤان بارزانی، ئاماژەی بەوەشکرد:" پێویستە لەمڕۆژەدا سوپاس و پێزانینی قوڵی خۆمان دووپات بکەینەوە بۆ هێزەکانی هەوپەیمانانی نێودەوڵەتی دژی داعش بۆ پشتگیری و هاوکاری بەردەوامیان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، هەروەها سوپاسی هەوڵەکانیان دەکەین بۆ یەکخستنەوەی پێشمەرگە لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆئەوەی ببن بە هێزێکی نیشتیمانی و پارێزگاری لە دەستەکەوتەکانی هەرێمی کوردستان بکەن بە هەموو پێکهاتەکانیەوە، هەرجەندە ڕاستە لەم ڕێگەیەدا کۆسپ و گرفت لەبەردەم پرۆسەکەداهەیە و هەنگاوەکان هێواشن ، بەڵام وێڕای هەموو شتێک بەرەو پێشچونێکی باش هەیە.

نێچیرەڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئاشکرایشیکرد:" گەلی کوردستان و دۆستەکانمان لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دڵنیادەکەینەوە، کە ئیرادە و خواستی جدیمان هەیە بۆ سەرکەوتن و یەکخستنی پێشمەرگە و کۆڵنادەین و بەردەوام دەبین، ئاماژەی بەوەشکرد کە کێشەو ئاڵۆزیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڕەشە لە سەقامگیری و ئاسایشی عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە بەگشتی دەکەن بۆیە ئێمە لە هەرێمی کوردستان جەخت لەسەر پێویستی دورخستنەوەی عێراق لەململانێ و کێشە هەرێمیەکان دەکەینەوە، چونکە عێراق پێویستی بە ئارامی و سەقامگیری و گەشەپێدانی بەردەوامە نەک تەنگەشە و ناکۆکی و ململانێی زیاتر.