یەکێتی و سیستەمی هاوسەرۆکی

(0) / / فایلی تایبەت / یەکێتی نیشتمانی کوردستان


Jul 10, 2021

قەبارەی فۆنت:

ئەنجامی کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەم حیزبەی بردە قۆناغێکی نوێ. ژمارەیەک لە سەرکردە دیارەکانی یەکێتی بوونە ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکان، بە ڕای هەندێک لە شارەزایانی سیاسی، ئەو سەرکردانە بە شێوازێک لە سەرکردایەتی یەکێتی لە پاش کۆنگرەی چوارەم پەراوێز خران.

یەکێتی سیستەمی هاوسەرۆکیی هەڵبژارد، ئەم سیستەمە لای پەکەکە و حیزبەکانی سەر بە قەندیل جێبەجێ کراوە و یەکێک لە هاوسەرۆکەکانیش ئافرەت بووە تا بەم جۆرە ڕێز لە مافی ئافرەتان بگرن. بەڵام شێوازی هاوسەرۆکی لە یەکێتی جیاوازییەکی زۆری لە گەڵ ئەو سیستەمە هەبوو. گرتنەبەری ئەم سیستەمە بۆ ڕازیکردنی دوو جەمسەری دەسەڵاتی نوێی یەکێتی بووە، واتە بنەماڵەکانی جەلال تاڵەبانی و شێخ جەنگی. تا ماوەیەک هەر دوو هاوسەرۆک وایان پیشان دەدا کە هیچ ناکۆکییەک لە نێوانیاندا نییە و پێکەوە یەکێتی بەرەو نوێبوونەوە و بەهێزبوونەوەی دەبەن. بەڵام هەر لەو کاتەوە پێشبینی سەرهەڵدانی ناکۆکییەکان لە نێوان بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی دەکرا.

هۆکارەکەشی ئەوە بوو کە ئەم سیستەمە بۆ سەرکردایەتیکردنی حیزبەکانی هەرێمی کوردستان تا ڕادەیەک نامۆ بووە. هەروەها هەماهەنگی پێویست لەم سیستەمە سەرۆکایەتییەدا لە یەکێتی کەمتر بەدی کراوە. دەسەڵاتەکان لای هاوسەرۆکەکان دابەش نەکرا. جارێک لاهور شێخ جەنگی بۆ وتووێژ و کۆبوونەوە لە گەڵ سەرکردەی لایەنە سیاسییەکانی عێراق سەردانی بەغدای دەکرد و جاری دیکە بافڵ تاڵەبانی بە هەمان ئامانج سەردانی ئەوانی دەکرد.

بەم حاڵەوە ڕووداوەکەی ڕۆژانی ڕابردووی سلێمانی بوونی ئەم ناکۆکییەی ئاشکرا کرد، هەرچەندە لایەنگرانی لاهور شێخ جەنگی باس لە دەستێوەردانی ناوخۆیی و دەرەکی دەکەن بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە لە بنەڕەتدا سیستەمی هاوسەرۆکی مۆدێلی سەرکردایەتی حیزبەکانی هەرێمی کوردستان نەبووە و بە دڵنیاییەوە بە پێی ئەزموونی ڕابردووی زۆربەی حیزبەکان ناتوانێت لە هیچ حیزبێکدا سەرکەوتن بە دەست بێنێت.

دابەشکردنی دەسەڵاتەکان یان سەرۆکایەتی دوو ساڵ دوو ساڵ چارەسەرێکی باشتر بۆ یەکێتی لە پاش کۆنگرەی چوارەم بووە، ئێستاش کە چەند سەرکردەیەکی ئەم حیزبە هەوڵی هێورکردنەوەی بارودۆخەکە دەدەن دۆخی یەکێتی ئاسایی دەبێتەوە، بەڵام دەبێت دان بەو ڕاستییەدا بنرێت کە سیستەمی هاوسەرۆکی لە هەرێمی کوردستان سەرکەوتوو نابێت و باشترە هیچ حیزبێک ئەم شێوازە تاقینەکاتەوە./.